ڕۆژنیوز - #قەرەچوغ ئەنوەر#
ڕێکخراوێکی کۆمەڵی مەدەنی ئاماری پێشێلکارییەکانی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 لە #کەرکووک# و #خورماتوو# بڵاوکردەوە، کە بریتین لە سوتاندن و تاڵانکردنی بارەگای کەناڵە میدیاییەکان و هەڕەشە و سکاڵا کردن لە ڕۆژنامەنوسانی ئەو سنوورە.
ئەمڕۆ لە کۆنگریەکی ڕۆژنامەنووسیدا لوقمان شێروانی، بەڕێوەبەری #ڕێکخراوی نیو میدیا# لە شاری هەولێر، ئاماری پێشلکاریی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانی کەرکووک و خوورماتوو خستەڕوو.
لوقمان شێروانی ڕایگەیاند، لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان و کەناڵەکانی ڕاگەیاند پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە، کە بریتین لە سوتاندن و تاڵانکردنی بارەگای کەناڵە میدیاییەکان و هەرەشە و سکاڵا کردن لە ڕۆژنامەنووسانی ئەو سنوورە.
وتیشی: بەپێی ئەو ئامارانەی لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکەمان تۆمارکراوە، لە ماوەی سێ مانگدا لە 16/10/2017 تا 16/1/2018، لە کۆی 11 کەناڵی میدیایی و نوسینگەی کەناڵەکان، 60 ڕۆژنامەنووس و 40 کارمەند، ئێستا بەهۆی ئەو بارودۆخەوە هەموویان ئاوارەبوون و شوێنەکانی خۆیان جێهێشتووە، ئەویش بەهۆی بوونی مەترسی و هەڕەشە لەسەر ژیانیان.
ئاماژەی بەوەشکرد: جگە لەمەش بەشێکیان سکاڵایان لە سەر تۆمارکراوە بە تۆمەتی بەشدارکردن لە ڕیفراندۆمی 25ی9ی 2017.
ناوبراو باسی لەوەشکرد، کە لە کۆی ئەو 11 کەناڵەی کە لە شارۆچکەی خورماتوو کاریان کردووە بە شێکی زۆریان تاڵان کراون و سوتێندراون و تەقێندراوەنەتەوە و سەرجەمی ڕۆژنامەنووسەکانیشان ماڵەکانیان تاڵانکراوە و سوتێندراوە.
سەبارەت بە شاری کەرکووک-یش، وتی 79 ڕۆژنامەنووس لە 13 کەناڵی جیای میدیاییەوە مەترسیان لە سەرەو ناتوانن لە ئێستادا بگەڕێنەوە ئەو شارە بۆ ڕاپەراندنی کاری ڕۆژنامەنوسی.
ئەوەشی خستەڕوو، کە بەشێکی نوسینگە و بارەگای ئەو کەناڵ و ڕاگەیاندنانە تاڵان کراون و ڕۆژنامەنووسەکانی ئاوارە بوون و سکاڵایان لە سەر تۆمارکراوە.
لوقمان شێروانی ئاماژەی بەوەشکرد، کە ڕۆژنامەنووسێک تیرۆرکراوە و هەوڵی تیرۆرکردنیش هەبووە لە سەر ڕۆژنامەنوسێک.
بە پێی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی نیو میدیا، کۆی گشتی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە پێشێلکاریان بەرامبەرکراوە و هەرەشە و مەترسیان لەسەرە لە سنوری کەرکووک و خورماتوو 180 ڕۆژنامەنووسن.
رێکخراوی نیو میدیا، ڕێکخراوی ناحکومییە و لەبواری میدیادا کاردەکات و بارەگای سەرەکی لەشاری هەولێرە.[1]
#16-01-2018#