ڕۆژنیوز، #هاوڕێ کرێکار#
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی #گەرمیان# ئاماری ساڵی 2017ی ڕاگەیاند و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لە سنوری ئیدارەی گەرمیان ساڵی ڕابردوو شەش هەزار و 538 منداڵ لەدایک بوون و 408 هاوڵاتی-یش مردوون، هەروەها زیاتر لە 10 تۆن خۆراکی ماوە بەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئامارەکانی ساڵی 2017ی سنوری بەڕێوەبەرایەتییەکەیانی ئاشکرا کرد.
سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیان، بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وت: لە ساڵی 2017دا، 160 هەزار و 343 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە و 14هەزار و 751 له و هاوڵاتیانە، داخل بە نەخۆشخانەکان کراون و خەوێنراون.
وتیشی: هەر لە ساڵی ڕابردوودا شەش هەزار و 888 نەشتەرگەری ئەنجام دراوە و دوو هەزار و 20 پرۆسەی شتنەوەی گورچیلە لە کەلار ئەنجام دراوە.
باسی لەوەشکرد: لیژنەکانی چاودێریی تەندروستی لە ساڵی 2017 دەستیان بەسەر 10 تۆن و 863 کیلۆ دەرمان و خۆراکی بەسەرچوو و دەرمانی ئاریشتگادا گرتووە، 62 شوێنکاریش بەهۆی سەرپێچییەوە سزادراون و 16 جێگاش داخراون.
بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان، ئەوەشی وت: بەپێی ئاماری نوسینگەی لەدایکبون و مردن-ی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتییمان، لەماوەی ساڵی 2017 دا، شەش هەزار و 538 منداڵ لەدایک بوون لە هەموو گەرمیان، له و ڕێژەیە سێ هەزار و 354 منداڵیان لە ڕەگەزی نێرن و سێ هەزار و 184 منداڵیان لە ڕەگەزی مێن، هەر له و ساڵەدا مردنی 408 هاوڵاتی لە سنوری گەرمیان تۆمارکراوە.[1]
#17-01-2018#