پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 22/1/2018 بە سەرپەرشتیی بەڕێز #نێچیرڤان بارزانی# سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی بەڕێز #قوباد تاڵەبانی# جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
سەرەتای کۆبوونەوە باس لە دوا پێشهاتەکانی شاری #عەفرین# و دەوروبەری لە سووریا کرا. ئەنجومەنی وەزیران نیگەرانیی خۆی بۆ ڕووداوەکانی عەفرین دەربڕی، بەتایبەتی کە خەڵکی سڤیل له و ڕووداوانەدا بوونەتە قوربانی، داوای کرد هەموو لایەک دان بەخۆیاندا بگرن و کێشەکان دوور لە توندوتیژی چارەسەر بکرێن و هاووڵاتیانی سڤیل له و ئۆپەراسیۆنە سەربازیانەدا نەکرێنە ئامانج.
دواتر باس لە سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کرا. لەمبارەیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پوختەیەکی دەربارەی سەردانی بەغدا و دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ پێشکەش کرد.
ئەنجومەنی وەزیران ئه و سەردانەی بە هەنگاوێکی ئەرێنی و سەرەتایەکی باش بۆ توانەوەی بەستەڵەکی نێوان هەولێر و بەغدا و دەستپێکرنی دانوستان و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەقەڵەم دا، ئەوەش بیرهێنرایەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر له سەرەتاوە دیالۆگ و لێکگەیشتنی بە گونجاوترین ڕێگەی چارەسەری کێشە هەڵواسراوەکان زانیوە و ئێستاش ئەنجومەن له و باوەڕەدایە گفتوگۆی هاوسەنگ لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا بە شێوەیەک مافەکانی گەلی کوردستانی تێدا دەستەبەر بکرێت، باشترین ڕێگایە بۆ چارەسەری کێشەکان.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرا. لەمباریەوە بەڕێز سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە کردنەوەی دەرگاکان بەڕووی هەرێمی کوردستاندا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی کرد و بە هەنگاوی زۆر بەرهەمداری بۆ هەرێمی کوردستان زانی. دواتر بە وردی باسی لە دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەریەک لە بەڕێزان سەرکۆمار حەسەن ڕۆحانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی عەلی شەمخانی، سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران عەلی لاریجانی کرد و بە سەردانێکی زۆر سەرکەوتوو و بەرهەمدای وەسف کرد.
بەڕێزیان ڕایگەیاند ئێران هەوڵ دەدات پەیوەندییە مێژووییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا بەتایبەتی لە بواری ئابووری و پاراستنی ئاسایشی یەکتریدا فراوانتر بکات، وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات و یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەرکرنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەپێی دەستوور و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، جەختیشی لەوە کردەوە گەر دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرابووایە ئەوا هیچ کام له و کێشانەی ئێستا لەنێوان هەولێر و بەغدا هەن، نەدەهاتنە ئاراوە.
دوای پێشکەشکردنی چەند ڕا و سەرنجێک لەلایەن وەزیرە بەڕێزەکانەوە، ئەنجومەنی وەزیران هەردوو سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستانی بۆ بەغدا و تاران بە هەنگاوی زۆر گرنگ و ئەرێنی وەسف کرد، بەتایبەتی لە بواری دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و کرانەوەی زیاتر بەڕووی وڵاتانی نێودەوڵەتی و هەرێمیدا.
#22-01-2018#