دواڕۆژ، #ڕێبین حەسەن#
بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ئاشکرای دەکات، لەئێستادا مەرزی نێودەوڵەتی #باشماخ#، لەرووی ترانزێتەوە لەسەر ئاستی ئێران، لەپلەی یەکەمدایە و لەماوەی نۆ مانگی ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە سێ ملیار دۆلار لەرێگەی ترانزێتەوە داهاتیان بووە.
بەختیار ڕەحمانی پور، بەڕێوەبەری گشتی گومرکی پارێزگای سنە، ئەمڕۆ لەکۆبونەوەیەکدا کە لەگەڵ گەورە بازرگانانی پارێزگای سنە و شارۆچکەی مەریوانی هاوسنوور لەگەڵ قەزای پێنجوێن، ئەنجامیدا ڕایگەیاند، بەپێی ئامارەکانیان لەئێستادا قەبارە و ئاستی ئاڵوگۆڕ و جوڵەی بازرگانی، لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، لەمەرزی نێودەوڵەتی زۆر زیادیکردووە.
رونیشیکردەوە، تەنیا لەماوەی مانگی (3 بۆ 9)ی ساڵی ڕابردوو، بەبەهای زیاتر لە (655) ملیۆن دۆلار، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەباشماخ لەنێوان هەرێم و ئێراندا کراوە.
وتیشی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ لەرووی ترانزێتەوە لەسەر ئاستی ئێران لەپلەی یەکەمدایە و داهاتەکەی لەو نۆ مانگەی ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە(3) ملیار دۆلار بووە، کە ئەوەش کاڵاو پێداویستی بەشێوەی ترانزێت ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کراوە.
هاوکات بەپێی ئامارێکی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخی دیوی هەرێمی کوردستان، کە وێنەیەکی تایبەت دراوەتە دواڕۆژ، داهاتی ساڵی ڕابردووی باشماخ بەشێوەیەکی گشتی، زیاتر لە (237) ملیار بووە، لەکاتێکدا ساڵی 2016 داهاتیان (169) ملیار دیناربووە.
مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ یەکێکە لەچوار مەرزە نێودەوڵەتیەکەی هەرێمی کوردستان، کە قەزای پێنجوێنی پارێزگای سلێمانی، بەقەزای مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبەستێتەوە و نزیکەی شەش کیلۆمەتر لەسەنتەری پێنجوێنەوە دوورە و ڕۆژانە کاروباری بازرگانی و هاتوچۆی گەشتیاری لێوە ئەنجامدەدرێت.[1]
#22-01-2018#