ئا: مەزهەر کەریم
کاتێک دەچیتە تۆمارگای خیام، دیوارەکانی بەوێنەی هونەرمەندانی دێرین ڕازێنراوەتەوە. وێنەی سەدان هونەرمەندی ساڵانی هەشتاو نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوت بەر چاو دەکەوێت کە سەردانی ئه و تۆمارگایەیان کردوە بۆ کارە هونەریەکانیان و وێنەیان له و تۆمارگایەدا گرتوە. وەک هونەرمەند هومەر دزەیی، ناسری ڕەزازی، ڕەسوڵی نادری، عومەر خەمزەی و دەیانی دیکە.
لەئێستادا تۆمارگاکە بەرهەمی سەدان هونەرمەندی کۆچکردی لەهەگبەیدا هەڵگرتوە کە لەتۆمارگاکانی دیکەدا دەست ناکەون. ڕۆژانە خەڵکی لەشارو چاروچکەکانی دیکەوە دێنە ئه و تۆمارگایە بۆ دەستخساتنی ئه و بەرهەمانە. بەشێک لەتۆمارگاکانی دیکەی ناو شاری سلێمانی بەرهەمەکانی ئه و تۆمارگایە جارێکی دیکە لەتۆمارگاکانیان بەکار دەهێنەوه و سودی لێ دەبینن.
حەمەسەعید حەسەن خاوەنی تۆمارگاکە کە ماوەی چەند ساڵێکە لەژیاندا نەماوە، بۆ یەکەم جار لەساڵی شەستەکاندا لەسەر قەوان بەرهەمە هونەرییەکانی تۆمارکردوە. لەسەرەتای حەفتاکاندا کاری بەئامێری بەکرە کردوە بۆ گرتنەوەی بەرهەمە هونەریەکان. زۆرینەی هونەرمەندانی شاری سلێمانی له و تۆمارگایەدا بەرهەمە هونەریەکانیان تۆمار کردوە، بەتایبەت هونەرمەندانی وەک عەبەی مەلاو ئەحمەد شەمال و حەمە جەزا.
تۆمارگای خیام بەدەر لەدێرینی دوکانەکه و بەرهەمەکانی بەدرێژای مێژوی کاردنی لەماوەی پەنجا ساڵای ڕابردودا پێنج هاوڵاتی شاری سلێمانی بەناوەکانی حەمەسەعیدو جەمال و کەمال و کامەران و کاوە کاریان تێدا کردوە.
بەوتەی کاوە حەمەسەعید کە دوا خاوەنی تۆمارگاکەیە و ڕۆژانە کاری تێدا دەکات، هەرگیز ڕۆژێک لەڕۆژان بیریان لەوە نەکردۆتەوە تۆمارگاکە بگۆڕن بەکارێکی دیکە، چونکە “وەک دەستکەوتێک بۆ خێزانەکەیان سەیری دەکەن کە ئه و هەمو ساڵە خزمەتی هونەری کوردی و خزمەتی شاری سلێمانییان کردوە”.
جگە لەسیدی و کاسیەت، ئامێری بەکرە و قەوان لەتۆمارگاکەدا دەبینرێت و ڕۆژانەش جگە لەئامێری تۆمارکردنی کاسێت و سیدی، ئامێری بەکرەش بەکار دەهێنن. بەوتەی خاوەنەکەی “ئه و ئامێرە لەسەرجەم ئامێرەکانی دیکە باشترە بۆ گرتنەوەی دەنگ، چونکە ئامێری بەکرە کارکردنی ئاسانه و ئه و دەنگەی دەخرێتە سەر شریتی بەکرەکە ڕونتره و ماوەی چەند ساڵ دەمێنێتەوە نافەوتێت”.
-سەرچاوە: ماڵپەڕی ئاوێنە