ماوەی زیاتر لە مانگێکە نزیکەی 30 کەسی خەڵکی پارێزگای #دهۆک# لە ڕێگای نێوان تورکیا و یۆنان بێسەروشوێنن و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان دیارنییە. سەرپەرشتیاری گشتیی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەران لە هەرێمی کوردستان دەڵێت شوێنە نەماوە بەدوای ئەو کەسانەدا نەگەڕێن، ژمارەشیان لەوە زیاترە کە باسدەکرێت.
ماوەی زیاتر لە مانگێکە ژمارەیەک هاونیشتمانیی پارێزگای دهۆک کە بەشێکیان خەڵکی ناوەندی شاری دهۆکن، لەنێوان تورکیا و یۆنان بێسەروشوێنن. کەسوکاری ئەو بێسەروشوێنانە سێجار سەردانی نووسینگەی تۆڕی میدیایی ڕووداویان لە دهۆک کردووە، بۆ ئەوەی زانیاری لەسەر بێسەروشوێنەکان بزانن.
بەگوتەی کەسوکارەکانیان ئەوان لە 21-11-2017 وە تەلەفۆنیان کردووە، لەو کاتەی ویستوویانە سواری ئەو یەختانە ببن کە لە تورکیاوە بۆ یۆنان دەیانگوازنەوە. ناسر عەلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕووداو لە دهۆک ڕایگەیاند: تاوەکو شەوی 24-11-2017، واتە 4 ڕۆژ دوای بەڕێکەوتنیان پەیوەندی تەلەفۆنی لەنێوانیاندا هەبووە، یەکێک لەوانەی لەنێو یەختەکە بووە بەگوتەی کەسوکارەکەی، گوتوویەتی بەلەمەکەمان وا ژێرئاو دەکەوێت، لەو ڕۆژەوە تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو کەسانە نییە و دیارنییە چارەنووسیان چییە.
هەرەوەها بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕووداو گەیشتوون، ئەو کەسەی بە قاچاخ ئەو کەسانەی بردووە، پەیوەندی لەگەڵ کەسوکاری بێسەروشوێنەکان نەماوە.
ئاری جەلال، سەرپەرشتیاری گشتیی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەران لە هەرێمی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی ڕووداو)ی ڕاگەیاند، ئەو یەختەی کە لە 24-11-2017 وە لە ئاوی یۆناندا چارەنووسی نادیارە، 53 کەسی تێدابووە، خەڵکی دهۆک و سلێمانی و چەند ناوچەیەکی دیکەشی تێدابووە. گوتیشی شوێن نەماوە بەدوای ئەو کەسانەدا نەگەڕێین، بەڵام چارەنووسیان نادیارە.
فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەران لە هەرێمی کوردستان داوا لە کەسوکارشی بێسەروشوێنەکان دەکات لەڕێگەی ژمارە مۆبایلی 07501730707 زانیارییان پێبدەن تاوەکو باشتر بەدوایاندا بگەڕێن.[1]
#23-01-2018#