بەهۆی کەمی باران بارین لە وەرزی چاندنی ئەمساڵ، بەشێکی زۆری جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەستیان لە تۆوکردنی زەوییەکانیان هەڵگرتووە، تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێک تۆمارنەکراوە، بەڵام #وەزارەتی کشتوکاڵ# پێشبینی دەکات ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەی گەنم کەمبێتەوە.
گەشەکردنی دانەوێڵە پێویستی بە بارانی پاییزە، زستانە و بەهارەیە، ئەمساڵ ڕێژەی باران لە 50% کەمیکردووە، تاوەکو ئێستا لە هەولێر 337 ملیم باران باریووە، ئەمە لەکاتێکدایە ساڵانی ڕابردوو 400 تاوەکو 450 ملیم دەباری. بەهۆی کەمی بارانی پاییزە، نزیکەی یەک ملیۆن دۆنم زەوی نەکێڵدراون.
لە هەشت ساڵی ڕابردوو ڕووبەری چێندراوی گەنم ساڵ دوای ساڵ لەزیادبووندابووە، بەجۆرێک لە یەک ملیۆن و 937 هەزار دۆنمەوە بۆ سێ ملیۆن و 552 هەزار دۆنم زیادیکردووە، وەزارەتی کشتوکاڵ چاوەڕوان بوو ئەمساڵ لانیکەم سێ ملیۆن دۆنم زەوی بەگەنم بچێندرێ.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوی چاندنی دانەوێڵە هەن، 500 هەزار دۆنم زەویان بەراون، ساڵی ڕابردوو یەک ملیۆن تۆن گەنمیان بەرهەم بووە، چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ تەنیا زەوییە بەراوەکان 400 هەزار تۆن گەنم بەرهەم بدەن.[1]
#24-01-2018#