هەسەدە ئاماری شەهید و بریندارانی شەڕەکانی عەفرینی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تا ئێستا 43 شەڕڤانیان شەهیدبوون و لە بەرامبەردا 308 چەکداری هێرشبەر لە سوپای تورکیا و گروپەکانی تر کوژراون.
هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە ئەمڕۆ هەینی بەیاننامەیەکی لەسەر شەڕ و پێکدادانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی عەفرین بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، لە ماوەی حەوت ڕۆژی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین لەسەرجەم بەرەکان زیاتر لە 699 گوللە هاوەن ئاراستەی هێزەکانیان کراوە و 191 هێرشی ئاسمانی لە دژیان ئەنجامدراوە و 136 شەڕو پێکدادان ڕویداوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە شەڕەکاندا، 308 چەکداری هێرشبەر لە سوپای تورکیا و گروپەکانی تر کوژراون کە دوانیان ئەفسەری پلەبەرزبوون.
ئەوەشی تیادا هاتووە، لە ئەنجامی بۆردومانەکان تا ئێستا 59 هاوڵاتی مەدەنیش شەهیدبوون و زیاتر لە 134 هاوڵاتیش برینداربوون و لە هێزەکانی هەسەدەش تا ئێستا 43 شەڕڤانیان شەهیدبوون و کە 8 شەڕڤانیان ئافرەتن.
ئەوەش هاتووە، لە شەڕەکاندا بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی دەستیبەسەردا گیراوە و 4 ئۆتۆمبێلی سەربازی جۆری دوپشک و 4 زرێپۆشی گوێزەرەوەی سەرباز و 3 تانکی گەورە و هەمەرێک تێکشێندراون.
رۆژی شەممە 20ی کانوونی دووەمی 2018، سوپای تورکیا بە بەکارهێنانی هێزی ئاسمانی، زەمینی لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی چلی زەیتون هێرشی بۆ سەر شاری عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد و ژمارەیەک هاوڵاتی و شەڕڤان شەهید و برینداربوون و ژمارەیەک سەربازی سوپای تورکیا و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کوژراون و برینداربوون.[1]
#26-01-2018#