وەزارەتی تەندروستی حکومەتی تورکیا ڕایگەیاند لەمیانی ئۆپەراسیۆنی #چڵە زەیتون# بۆ سەر #عەفرین# 14 سەرباز کوژراون و 130 سەربازی دیکەش بریندار بون، ئاماژە بەوەشدەکات هیچ بریندارێک ژیانی لەمەترسیدا نیە، بەرپرسانی پەیەدەش دەڵێن “تورکیا ڕاستیەکان لە ڕای گشتی دەشارێتەوە و بەپێچەوانەوە ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی سوپای تورکیا و چەکدارانی سورای ئازاد زۆر زیاترە”.
ئاوێنە: ئەمرۆ “هەینی” وەزیری تەندروستی حکومەتی تورکیا، ئەحمەد دەمیرجانی لە میانی لێدوانێکی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وڵاتەکەی ئاماری زیانەکانی سەربازەکانی سوپای تورکیا و چەکدارەکانی سوپای سوریای ئازاد ڕاگەیاند، بەپێی ئامارەکە 14 سەرباز و چەکداری ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتون لەکاتی هێرشکردن بۆ داگیرکردنی عەفرین کوژراون و 130 برینداریشیان هەیە، بەم جۆرە 3 سەربازی تورکیا و 11 چەکداری سوپای سوریای ئازاد کوژراون، لەبارەی ژمارەی بریندارەکانیش ئەو وتی “130 سەرباز و چەکداری سوپای تورکیا و سوریای ئازاد ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی تورکیا کراون و هیچ بریندارێک ژیانی لەمەترسیدا نیە”.
لەلایەکی دیکەوە لەراگەیەنراوێکیدا سوپای تورکیا ئاماژە بە شەهیدبونی 343 شەرڤانی هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” و یەکینەکانی پاراستنی گەل “یەپەگە” دەکات. لەبەرامبەریشدا هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی تورکیا و سوپای ئەو وڵاتە ڕەتدەکاتەوە و پێیان وایە زیانەکانی سوپای تورکیا و چەکدارانی سوپای سوریای ئازاد زۆر زیاترە لەو ژمارەیەی ڕاگەیەنراوە، هەروەها میدیایەکی نزیک لە هەسەدە و یەپەکە ئاماژە بەوە دەکات بەهۆی بۆردومان و پەلاماردانەکانەوە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتی مەدەنی کە ژمارەیەکی زۆریان منداڵ و ژنن بونەتە قوربانی و پێدەچێت تورکیا ئەو قوربانیە مەدەنیانەی وەک شەهیدبونی گەریلاکان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردبێتەوە.[1]
#26-01-2018#