دواڕۆژ، #کۆچەر عەلی#
بەرپرسێکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم دڵنیایی دەدات لەوەی سەرجەم ئه و ناوانەی دووبارە و وەهمین پاکدەکرێنەوە و دەشڵێت 23 هەزار ناوی ئاوارە و شەش هەزار ناوی دووبارەمان لە تۆماری دەنگدەراندا سڕیوەتەوە.
ئیسماعیل خورماڵی، بەرپرسی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، هەر چەند بڕیار بوو ئەم هەفتەیە ئەنجامی پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە لایەن کۆمسیۆنەوە ڕابگەیەنرێت، بەڵام بەهۆی هەندێ وردەکارییەوە بڕیاردرا هەفتەی داهاتوو ئەنجامەکە ڕابگەیەنرێت.
ئه و بەرپرسەی کۆمسیۆن وتیشی ماوەی مانگێکە خەریکی کردنەوەی تۆماری دەنگدەرانین له و ماوەیەدا زیاتر لە شەش هەزار و 300 ناوی وەهمی و دووبارە و 23 هەزار ناوی ئاوارە لە تۆماری دەنگدەران سڕاونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم لایەنە سیاسی و هاووڵاتیان و چاودێرانی هەڵبژاردنەکان دڵنیادەکەینەوە کە تۆماری دەنگدەران بەتەواوی پاکدەکرێتەوە و هەموو وردەکارییەکی پەیوەست لە تۆماری دەنگدەران و چۆنیەتی پاککردنەوەکەی بۆ هەموو لایەک دەخرێتەڕوو کە بە دڵی هەموو لایەنەکان بێت.
بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم زیاتر لە 91 هەزار ناوی لێکچوو لە تۆماری دەنگدەراندا هەیە کە بەپێی پلانی کۆمسیۆن دەبێت ئه و ناوانەش یەکلایی بکرێنەوە.[1]
#28-01-2018#