رۆژە ڕەشەکەی چناری تەمەن 21 ساڵان لەوکاتەوە دەستیپێکرد کە دایکیان بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە لە باوکیان جیابووەوە، دوای ماوەیەک (خ.ح)ی باوکیان دەستدرێژی دەکاتە سەر چنار و خوشکێکی دیکەی بەناوی (چ)، بەڵام ئەوان لەم تاوانەی باوکیان بێدەنگ نابن و سکاڵا تۆمار دەکەن، باوکیان دەستگیر دەکرێ و دوای ئەوە چنار و (چ) لەگەڵ سێ براکەیان بێ سەرپەرشت دەمێننەوە.
چنار کە خوشکی گەورەی (چ) و سێ براکەیەتی، گەنجێک دەناسێت و دەکەوێتە داوی خۆشەویستییەوە، گەنجەکە ناوی هۆگرە و خەڵکی هەولێرە، خێزاندارە و سێ منداڵیشی هەیە، هۆگر دوای ناسینی چنار، بڕیار دەدات لە هاوژینەکەی جیاببێتەوە، پاش ماوەیەک چنار مارە دەکات.
$خوشکەکەیان دەکوژن$
بەیان ئیسماعیل کە دایکی هۆگرە، لەبەر گریان چاوەکانی بۆ نەدەکرانەوە، چیرۆکی مارەبڕینی چناری بەم شێوەیە بۆ پۆلیس گێڕایەوە: ئاگاداری مارەبڕینەکەی هۆگر و چنار نەبووین، ئەو لەلای کەرکووک مارەی کردبوو، بەڵام کاتێک زانیم ناچار بووم قبوڵی بکەم بەو مەرجەی دڵنیابم بە شەرعی مارەی کردووە، ئەویش دڵنیای کردمەوە. هۆگر هاوژینی یەکەمی تەڵاق دەدات، بەڵام منداڵەکانی هەر لەلای خۆی دەمێننەوە.
دوای ئەوەی چنار و هۆگر بڕیار دەدەن پێکەوە بژین، باوکی چنار پەیوەندی بە سێ کوڕەکەی و (چ)ی کچییەوە دەکات و داوایان لێدەکات ئەو سکاڵایەی لەدژی تۆماریان کردووە بیکشێننەوە، بۆ ئەوەی بەر لێبووردنی گشتی بکەوێت، ئینجا خوشک و براکانی دێنە ماڵی چنار و داوای لێدەکەن سکاڵاکە بکشێننەوە، بەڵام چنار ڕازی نابێ، پێیاندەڵێت بەهیچ شێوەیەک لە باوکم خۆشنابم. خوشک و براکانی کە چەند شەوێک لە ماڵی چنار دەمێننەوە، شەوی 19/1/2018 چناری خوشکیان و هۆگری زاوایان دەکوژن و هەڵدێن.
$خوێن لە دایکم و باوکم دەڕوات و ناجوڵێن$
دایکی هۆگر باسی چۆنیەتی ئاگاداربوونەوە لە ڕووداوەکە و هەواڵی کوشتنی کوڕ و بووکەکەی دەکات و دەڵێت: هەموو بەیانییەک پەیوەندی بە کوڕ و بووکەکانمەوە دەکەم و هەواڵیان دەپرسم. ئەو بەیانییە چوار جار تەلەفۆنم بۆ بووکەکەم کرد وەڵامی نەبوو. هۆگر زۆر حەزی لە کفتە بوو، منیش ویستم پێی بڵێم نیوەڕۆ کفتە دەکەم، کاتێک تەلەفۆنم بۆ کرد، کچە حەوت ساڵانەکەی بە گریانەوە وەڵامی دامەوە و گوتی دایە گەورە خوێن لە باوکم و دایکم دەڕوات و ناشجوڵێن، ئەو دوو منداڵە تا بەیانی بەدیار تەرمی دایک و باوکیانەوە لەناو جێگەدا بوون و گریاون، بەبێ ئەوەی کەس بزانێت.
$تاوانەکە بە پلان بووە$
تاهیر عەبدولڕەحمان، باوکی هۆگرە و جگە لە هۆگر خاوەنی پێنج کوڕ و دوو کچە، تاهیر هەر کە ناوی کوڕ و بووکەکەی دێنێ گەرووی پڕ دەبێت لە گریان. ئەو دەڵێت: چنار کچێکی زۆر باش بوو، لە هۆگری کوڕم زیاتر خۆشمدەویست، ئافرەتێکی زۆر ئاقڵ و گوێڕایەڵ بوو، ئێمە زۆر زانیاریمان لەسەر ڕووداوەکە هەیە و هەموو زانیارییەکانمان داوەتە پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکان.
باوکی هۆگر دەڵێت: ئێمە ئاگاداری یەکترناسینی هۆگر و ئەو خێزانە نەبووین، کاتێک باوکی چنار دەستدرێژی کردبووە سەر کچەکانی، ویستبووی بیانکوژێ، (ر) کە برای چنارە، داوای لە هۆگر کردبوو هاوکارییان بکات، ئەویش هاوکاریی کردوون و ڕزگاری کردوون، دواتر بە ڕەزامەندیی خوشک و براکانی چناری مارە کردووە.
باوکی هۆگر هیچ گومانێکی نییە لەوەی تاوانەکە بە پلان کراوە، ئەو چەندین بەڵگە دەخاتەڕوو دەڵێت: (چ) و (ز)ی برای چنار لەلای ئێمە و لەگەڵ چنار و هۆگر دەژیان و هۆگریان زۆر خۆشدەویست و بە کاکە بانگیان دەکرد، بەڵام ڕۆژی #09-01-2018# بەناوی چوونە بازاڕ ڕۆیشتن، دوای دوو ڕۆژ و شەوێک گەڕانەوە، گوتیان چووینەتە ماڵی مامم لە سەنگەسەر، بەڵام من دڵنیام کە چوونەتە لای باوکیان. تەنانەت چنار و هۆگر هاتنە لام و گوتیان مادام بەبێ پرس ڕۆیشتوون، دەریاندەکەین، بەڵام من نەمهێشت و گوتم ئەوانە هیچ پشت و پەنایەکیان نییە. هەروەها دەڵێت: دەنگی تۆمارکراومان داوەتە پۆلیس کە خوشک و براکانی، چنار هاندەدەن هۆگر بەجێبهێڵێت و بگەڕێتەوە لای ئەوان.
تاهیر گومانی لە کوشتنەکەش هەیە، ئەو دەڵێت: گومانم هەیە پێش کوشتنیان، چنار و هۆگر دەرمانخوارد کرابن، چونکە کاتێک تەرمەکانم بینی، پێنەدەچوو ڕاستەوخۆ کوژرابن، هەر هیچ نەبێ دەبوو کاردانەوەیەکیان هەبووایە، بەڵام ئەوان بەشێوەیەک کوژراون کە زۆر جێی گومانە، هەردووکیان لە ژووری نووستن لەسەرلا و لەتەنیشت یەکتر ڕاکشاون، گوللەکان لە سەریان درابوو، دوو گوللە لە هۆگر و گوللەیەک لە چنار درابوو، جگە لەوەش هەرێز کە تەمەنی 7 ساڵانە و کچی گەورەی هۆگرە، لەبارەی ئەو شەوە پێیگوتم: شەو درەنگ بوو (چ) قاوەی هێنا بۆ باوکم و چنار، من دەزانم چنار و هۆگر شەوانە درەنگ دەخەون، بەڵام بەپێی قسەکانی هەرێز ئەو شەوە زوو ئەویان خەواندووە، بۆیە دڵنیام پێش ئەوەی تەقەیان لێبکەن، ژەهرخواردکراون.
لەبارەی چارەنووسی منداڵەکانیش، باوکی هۆگر دەڵێت: دوای ڕووداوەکە بە بڕیاری دادوەر منداڵەکان دراونەتەوە دایکی خۆیان.
$کەس دەستگیر نەکراوە$
لەبارەی ئەم ڕووداوە، هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە (رووداو)ی گوت: فەرمانی دەستگیرکردن بۆ خوشک و براکانی چنار دەرچووە، بەڵام هەر ئەو شەوەی تاوانەکەیان کردووە، هەڵاتوون و هێشتا دەستگیرنەکراون.
باوکی هۆگریش دەڵێت: سکاڵامان لەسەر ئەو چوار خوشک و برایە و باوکی چنار و (س)ی مێردی پووری چنار و (س)ی خەزووری پووری چنار تۆمار کردووە، پێمانوایە ئەوانیش دەستیان لەو تاوانەدا هەبووە کە دەرهەق بە کوڕەکەم و بووکەکەم کراوە، بەڵام هیچیان دەستگیر نەکراون، ئەگەرچی چوار ژمارە مۆبایلی تۆمەتبارەکانیشمان داوەتە پۆلیس و دادگا تا بەدواداچوون بۆ پەیوەندییەکانیان بکەن لە ماوەی #09-01-2018# کە لەو ڕۆژەدا (چ) و (ز) ڕۆیشتبوون، تا ڕۆژی ئەنجامدانی تاوانەکە، هەروەها داوامان کردووە سەیری کامێراکانی سەر ڕێگا گشتییەکان و بازگەکان بکرێت لە شەوی تاوانەکە، تا ئاشکراببێ کە بۆ کوێ ڕۆیشتوون، بەڵام گلەییم لە دادگا و حکومەت هەیە کە وەک پێویست بەدواداچوونیان نەکردووە و تۆمەتبارەکانیان دەستگیر نەکردووە.
$چارەنووسی باوکی چنار$
باوکی چنار بەپێی ماددەی 393 دەستگیر کراوە کە تایبەتە بە دەستدرێژی، دوای ئەوەی یاسای لێبووردنی گشتی لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوو، باوکی چنار هەوڵی دابوو لەڕێگەی کشاندنەوەی سکاڵای کچەکانی، بەر لێبووردنی گشتی بکەوێت، بەڵام بەگوتەی هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئەگەر چنار و خوشکەکەی سکاڵاکەشیان کێشابایەوە، ئەو ماددەیەی باوکی چناری پێ دەستگیرکراوە، لێبووردنی گشتی نەیدەگرتەوە.[1]
#31-01-2018#