پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 2018-01-31، پەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتیی دکتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی، سکرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (6)ی ئاساییی خولی پاییزە، ساڵی پێنجەم لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجامدا.
سەرەتا جێگری سەرۆکی پەرلەمان، بەرنامەی کاری دانیشتنەکەی خوێندەوە کە لەچوار خاڵ پێکهاتبوو، خاڵی یەکەم بریتی بوو لە گفتوگۆکردنی پڕۆژە یاسای (هەمواری یەکەمی یاسای هاتووچۆی ژمارە (86)ی ساڵی 2004 لە هەرێمی کوردستان-عێراق)، بەپێی ماددەکانی (75،74،72) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموارکراو، خاڵی دووەمیش بریتی بوو لە خوێندنەوەی یەکەمی (پڕۆژە یاسای پاراستنی تۆڕ و دامەزراوەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی کوردستان-عێراق، کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێشکەش کراوە، بەپێی ماددەی (71) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموارکراو، خاڵی سێیەمیش بریتی بوو لە دانانی ئه و ئەندامە بەڕێزانەی پەرلەمان لە لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمانی کوردستان، بەپێی ماددەی (44) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموارکراو: (زیادکردنی ئەندامی پەرلەمان بەڕێز ئەیوب عەبدوڵا ڕەسول، بۆ سەر لیژنەی کاروباری پەرلەمان، هەروەها زیادکردنی ئەندامی پەرلەمان بەڕێز عەبدولڕەحمان فارس عەبدولڕەحمان (ئەبو کاروان)، بۆ سەر لیژنەی کاروباری کۆمەڵگەی مەدەنی، خاڵی چوارەم و کۆتایی بەرنامەی کاریش بریتی بوو لە گفتوگۆکردنی پڕۆژەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، کە لەلایەن لیژنەی کاتی بۆ پێداچوونەوەی پەیڕەوی ناوخۆ ئامادەکراوە، بەپێی بڕیاری ژمارە (26)ی ساڵی 2014 و بڕگەی (8) لە ماددەی (پەنجاو شەشەم)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموارکراو و پاڵپشت بە ماددەی (94)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموارکراو.
سەرەتای دانیشتنەکە لەلایەن ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانەوە پێشنیاز کرا گۆڕانکاری لە ڕیزبەندیی خاڵەکانی دووەم و سێیەمی بەرنامەی کار بکرێت و دوای خستنە دەنگدانییانەوە بە جیا بەکۆی دەنگ خاڵی دووەم بوو بە خاڵی یەکەم و خاڵی سێیەمیش بوو بە خاڵی دووەم و بەوپێیەش لەلایەن لیژنەی کاروباری یاسیی پەرلەمانەوە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای پاراستنی تۆڕ و دامەزراوەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی کوردستان کرا و لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەکان و سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان کرا.
بەپێی خاڵی دووەمی بەرنامەی کاریش دوای گۆڕانکاریکردن لە ڕیزبەندیی خاڵەکان، بەکۆی دەنگی ئەندامانی ئامادەبوو زیادکردنی ئەندامی پەرلەمان بەڕێز ئەیوب عەبدوڵا ڕەسول، بۆ سەر لیژنەی کاروباری پەرلەمان و زیادکردنی ئەندامی پەرلەمان بەڕێز عەبدولڕەحمان فارس عەبدولڕەحمان (ئەبو کاروان)، بۆ سەر لیژنەی کاروباری کۆمەڵگەی مەدەنی پەسندکران.
بەپێی خاڵی سێیەمی بەرنامەی کاریش کە بریتی بوو لە گفتوگۆکردنی پڕۆژە یاسای (هەمواری یەکەمی یاسای هاتووچۆی ژمارە (86)ی ساڵی 2004 لە هەرێمی کوردستان-عێراق)، دوای خوێندنەوەی پڕۆژە هەموارەکە و ڕاپۆرتی هاوبەشی هەردوو لیژنەی کاروباری یاسایی و لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان و گفتوگۆکردنی سەرجەم مادە و بڕگەکانی پڕۆژە هەموارەکە و خستنەڕووی سەرنج و پێشنیازی ئەندامانی پەرلەمان لەسەریان و سەرلەنوێ داڕشتنەوەیان بەڕەچاوکردنی سەرنج و پێشنیازی ئەندامانی پەرلەمان بەمەبەستی دەوڵەمەندکردنی زیاتری و لادانی چەند مادەیەک و زیادکردنی مادەیەکی تازە پڕۆژە هەموارەکە بەدەنگدان و خستنە دەنگدانی مادە بەمادە و بڕگە بە بڕگەی پڕۆژە هەموارەکە و هۆکارەکانی دەرچوواندنی و دواتریش کۆی یاساکە، بەکۆی دەنگ پەسندکرا و به و بۆنەیەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمان پیرۆزبایی لە ئەندامانی پەرلەمان و خەڵکی کوردستان کرد.
پێویستە بووترێ مەبەست لە دەرچوواندنی ئه و یاسایە سنووردارکردن و کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ و پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتییان و گونجاندنییەتی لەگەڵ ئامانجەکانی یاساکە.
#31-01-2018#