دابەزینی نرخی خانوو و زەوی، کێشەی لە نێوان خاوەن پرۆژەکانی یەکەی نیشتەجێبوون و خاوەن خانووەکان دروستکردووە.
کێشەی خاوەن پرۆژەکان و کڕیاران گەیشتوونەتە دادگاکان، کڕیارەکان بەر لە قەیرانی دارایی و لەکاتی گیرفان پڕیان خانووەکانیان کڕیووە، بەڵام ئێستا بە بەراورد بەو کاتە نرخەکان تا ئاستی 50% دابەزیوون، بۆیە داوای کەمکردنەوەی نرخی یەکەکان دەکەن.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان 10 لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارەکانیان وەستاون.
باوەڕ، نوێنەری پرۆژەی نیشتەجێبوون دەڵێت ئەو قەیرانە تەنیا خاوەن خانووی نەگرتووەتەوە، ئێمەش و هەموو کوردستانی گرتووەتەوە، سەرباری ئەوەش هاوکاری قەرزارانی خۆمان بووین کە قستەکانمان بۆ کەمکردونەتەوە، بەڵام ئایا ئەگەر نرخەکان بەرزبێتەوە ئێمە دەتوانین داوای قازانجیان لێبکەین، نەخێر بۆیە ئێمە پابەندی ئەو گرێبەستە دەبین کە لەنێوانمان واژوکراوە.
کێشەکانی نێوان خاوەن پرۆژە و کڕیاران جگە لە دادگا لە دەستەی وەبەرهێنانیشن، بەڵام ئەو دەستەیە جگە لە نێوەندگیریی ناتوانن هیچی دیکە بکەن، کێشەکان یەکلایی بکەنەوە.
سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی وەبەرهێنانی هەولێر بە ڕووداوی ڕاگەیاند ئێمە وەکو دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵ خاوەن پرۆژەکان و یەکێتی وەبەرهێنەرانیش دانیشتووین بۆئەوەی ڕەچاوی ئەو بارودۆخەی ئێستای خەڵک بکەن، بەشێک لەو خاوەن پرۆژانەش بەشێوەی تاک تاک هاوکاری خاوەن خانووەکانیان کردووە، بەڵام بەپێی یاسا ناتوانین خاوەن پرۆژە ناچار بکەین کە هاوکارییان بکەن، چونکە لەنێوان خۆیان گرێبەستیان واژووکردووە.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 150 پرۆژەی نیشتەجێبوون هەن، بەشێک لە پرۆژەکان تەواوکراون و خزمەتگوزارییان بۆ نەڕۆیشتووە، بەشێکیشیان کارکردن تێیاندا بەردەوامە.[1]
#31-01-2018#