ژمارەی قوربانییە سڤیلەکانی #عەفرین# بەهۆی تۆپبارانەکانی سوپای تورکیا بۆ نزیکەی 300 کەس بەرزبووەتەوە. سێ مووشەکیش لە پارێزگای کلیس کەوتنەخوارەوه، کەسێکی سڤیل گیانی لەدەستدا و حەوت کەسی دیکەش برینداربوون.
بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی ئاڤرین لە عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان، ئاماری قوربانییەکانی 14 ڕۆژی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیای بۆ سەر شارەکە بڵاوکردەوە.
جوان محەممەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاڤرین لە عەفرین ڕایگەیاند، لەسەرەتای هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر شارەکە لە 20ی کانوونی دووەم تاوەکو ڕۆژی 2ی شوبات، 127 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و 168 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.گوتیشی، کارمەندانی تەندروستیی نەخۆشخانەکەش 24 کاژێر بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ ڕزگارکردنی ژیانی ژنان و منداڵانی سڤیل.
هەمان ڕۆژ پارێزگاری کلیس ڕایگەیاند، لەناوچەی عەفرینەوە کە سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوونی تێدا ئەنجامدەدات، سێ مووشەک ئاراستەی نێو ژمارەیەک خانووبەرەی نێو شارەکە کران. هەشت کەسی سڤیل برینداربوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کران. یەکێک لە بریندارەکان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
بەپێی ئامارەکانی سوپای تورکیا لە 14 ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتووندا، 87 مووشەک لە عەفرینەوە ئاراستەی پارێزگاکانی کلیس و هاتای کراون، شەش کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە، 43 کەس برینداربوون و 42 خانووبەرە و باڵەخانە و مزگەوت و دووکان زیانیان بەرکەوتووە.[1]
#02-02-2018#