دوای شکستی تیرۆریستانی داعش لە عێراق، دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەرچاوڕوونبوو لەسەر پیلانی نوێی تیرۆریستان بۆ تێکدانی ئارامی هەرێم، ئەوە بوو بە بڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ژورێکی ئۆپەراسیۆنی بەرپەرچدانەوەی خێرا پێکهێنرا و دەست بە کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون کرا، لەبارەی بڵاوبوونەوەی چەکدارە پەرتەوازەکانی داعش لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێم.
دوای شەونخوونی و ماندووبوونی کارمەندان و ئەفسەران، بۆ دەزگای ئاسایش ڕوونبووەوە کە تیرۆریستان پیلانیان داناوە دزەبکەنە نێو خاکی هەرێم و حەشارگەی نهێنی دروستبکەن و بیکەنە خاڵی خۆڕێکخستنەوە و ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆرستی.
هەر لەسەر ئەو بنەمایە، تەواوی بەڕێوبەرایەتییەکانی ئاسایشی هەرێمی سەر بە دەزگای ئاسایش، پلانی خۆیان داناو دەستیان بە جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی پاراستنی ئارامی و سەروماڵی هاووڵاتیان کرد.
ئەوەبوو لەسەر بنەمای زانیاریی ورد، بۆ هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان ڕوونبووەوە، لەسەر بوونی ژمارەیەک چەکداری نەناسراو کە لە ناوچەی پەڵکانەی نزیک خورماتووەوە جووڵەیان پێکراوە بۆ ناوچەی گەرمیان، بەدواداچونی ورد کراو ئاشکرابوو لە ناوچەی بناری بەمۆ چەکدارەکان بینراون.
پاش لێکۆڵینەوە و ڕەزامەندی دادوەر، بە فەرمانی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئێوارەی ڕۆژی 22 / 1/2018 تەوای هێزەکانی ئاسایشی گەرمیان، کێوماڵکردنی ناوچەکەیان دەستپێکرد و توانییان شوێن و حەشارگەی چەکدارە نەناسراوەکان کە ئەشکەوتێک بوو لە نێوەڕاستی شاخی بەمۆ، ئاشکرابکەن و ڕووبەڕوویان بوونەوە و دوای ئەوەی داوایان لێکرا ناسنامەکانیان ئاشکرابکەن و خۆیان ڕادەستی هێزەکانمان بکەن، بەڵام دوای خۆدزینەوەیان ڕووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش بوونەوە و شەڕ و پێکدادان بۆ ماوەی (30) دەقە بەردەوامبوو.
لیوا نەوشیروان ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان ئەوکات ڕایگەیاند، دواتر چەکدارەکان هەڵهاتن و دەستگیرا بەسەر یەک چەک لە جۆری (بیکەیسی) و چەندین کۆڵەپشتدا و گومانی گرووپی تیرۆرستی داعشیان لێکرا، کە لە ڕاگەیێندراویی ڕۆژی 23 / 1/ 2018 دەزگای ئاسایشدا ئاماژەی پێکرابوو.
پاشان هێزەکانی ئاسایشی گەرمیان پلانی خۆیان گۆڕی و تەوای سنوورەکەیان کۆنترۆڵکرد و لە سەعات 1 شەوی (22/23) 1 / 2018 توانرا حەشارگەی چەکدارە گومانلێکراوەکان بگیرێت و دوای هەڵهاتنیان دەست بەسەر دوو چەک لە جۆری (کڵاشینکۆف)،17 گولەی (ئاربیچی) و یەک فەردە (تیئێنتی) و چەندین سندووقی فیشەکی (بیکەیسی) و (ناتۆ) و (کڵاشینکۆف) و (قەنناس) و چەند (روومانەیەک) و (ئاڵایەکی داعش) و ژمارەیەکی زۆری (سیمکارت و هاندی مۆبایل) و بڕێکی زۆری مەوادی خۆراکیدا بگیرێت.
دواتر هێزەکانی ئاسایش، لەسەر بنەمای زانیاری پێشوەختە و دەستبەسەرداگرتنی حەشارگەکەیان، دڵنیابوونەوە ئەو چەکدارانەی گومانیان لێدەکرا، داعشن کە هەمان ئەو تیرۆرستانەن کە لە سنووری پەڵکانەوە هاتبوونە بناری بەمۆ. ڕۆژی (23/1) ئاسایشی گەرمیان هەریەک لە هێزەکانی ئاسایشی (کەلار، کۆکز، جەلەولا، ڕزگاری باوەنوور، قۆرەتوو، دەربەندیخان،بەمۆ و مەیدان) لەژێر چاودێری دەزگای ئاسایش جووڵەیان پێکرا و بە دوو ئاراستە پلانی ڕووبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی داعش خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.
کە لەلایەک کێوماڵکردن لە ناوچەی بەمۆ و لە سنووری شار و شارچکەکانی گەرمیان دەستپێکرد، لەلایەکی دیکەوە هەڵمەتی دۆزینەوە و دەستگیرکردنی شانە نووستووەکانی داعش، کە لە ناوچەکە هاوکاری چەکدارە تیرۆریستەکانیان کردبوو.
هێزەکانی ئاسایشی گەرمیان بە هاوکاری چەند تیمێکی پۆلیسی گەرمیان و لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی سەر بە هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن، تەواوی ناوچەی (بێلولە، شاوازی، مەیدان، شاخی بەمۆ، شاخی شەڕواڵ دڕە) کێوماڵکراو لەژێر چاودێری هێزەکانمان دابوون و تەوای ڕێگاکانیش گیران و پشتێنەیەکی ئەمنی بەهێز دروستکرا.
لە هەمان ڕۆژ (23/ 1) چەند تیمێکی ئاسایشی گەرمیان، سەرقاڵی ئاشکراکردن و دۆزینەوەی شانە نووستووەکانی داعش بوون، ئەوەبوو توانرا تیرۆرست (م.م) کە کوردە و برای گەورەی تیرۆرست (دڵشاد باوەنورییە) لە یەکێک لە ناوچەکانی گەرمیان دەستگیربکرێت، کە هاوکاری چەکدارە تیررۆریستەکانی داعشی کردبوو، لە گەیاندنیان بۆ ناوچەی بەمۆ، پاش ئەوەی دۆسیەکەی ڕووبەڕووی دادگا کرایەوە، لێکۆڵینەوەکان چڕترکرانەوە و دەرکەوت چەکدارانی داعش زۆربەیان کوردن و چەند عەرەبێکیش لەنێویاندایە و ژمارەیان زیاتر لە (20) تیرۆرستە، کە لە ناوچەی پەڵکانەوە هاتوونەتە گوندی (گۆڕەشە) لەسەر چەمی سیروان لە ناحیەی قۆرەتوو و دواتریش چوونەتە چەمی (جەید شەهاب) و بە دوو ئۆتۆمبێل لە جۆری (توێتا و مینی پاس) بە هاوکاری چەند کەسێک کە ماتۆڕسکیلێک پێشڕەوی کردوون، بەڕێکەوتوون بەرەو سنووری گوندی (خرکنێ) لە بناری بەمۆ، دوای دوو ڕۆژ مانەوەیان حەشارگەیان دروستکردووە و لە سێهەم ڕۆژدا لەلایەن ئاسایشەوە ئاشکراکران.
تیمەکانی دیکەی ئاسایشی گەرمیان بە هاوکاری چەند مەفرەزەیەکی پۆلیسی گەرمیان و بەرگری و فریاکەوتن، بەردەوامبوون لە کێوماڵکردن و حەسرکردنی تیرۆریستان لە شاخی بەمۆ و بەدرێژایی 4 شەو و 4 ڕۆژ، بێ پشوو بەدوای تیرۆریستانەوە بوون و دوای کۆنترۆڵکردنی تەواوی بناری بەمۆ و مەیدان چەکدارە تیرۆریستەکان ناچار چوونە خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
بۆیە لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بوونی چەکدراکانی داعش ئاگادارکرانەوە کە خاکی ئەو وڵاتەیان بەزاندووە و بەرچاوڕوونییان کردن لە سەر جموجۆڵەکانیان. ئەوەبوو پاش 24 سەعات میدیاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر زاری لایەنە ئەمنییەکانەوە ئەوەیان بڵاوکردەوە کە دوای شەڕێکی سەخت لە سنووری کرماشان، بناری بەمۆ لەگەڵ چەکدارانی داعش 16 تیرۆریستیان لێ دەستگیرکراون و 5 دیکەیان کوژراون، ئاماژەش بەوە کراوە 3 کەس لە هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو ئۆپەراسیۆنەدا کوژراون.
هێزەکانی ئاسایشی، بەردەوامبوون لەگەڕان و لێکۆڵینەوە لە ناو شار و شارۆچکەکانی گەرمیان، ئەوەبوو ڕۆژی (26/1/2018) تونرا تیرۆرست (ش. م) کە برای تیرۆرست (م. م) و (دلشاد باوەنورییە) دەستگیربکرێت و ئەو (ماتۆر سکیل) و (چوار ئۆتۆمبێلەش) کە لە جۆری (تویوتا و مینی پاس) بوون و چەکدارەکانی داعشیان، پێ گواسرابونەوەو هاوکاریان کردبوون لە گواستنەوەی کەلوپەلەکانیان، دەستیان بەسەردا بگیرێت چەند تیرۆرست و گومانلێکراوێکی تریش، دەسگیربکرێن، کە لەبەر سەلامەتی ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان و بوونی پەڕاوەکانیان لە دادگا، کەسایەتیان پارێزراوە.
شکستپێهێنانی پیلانێکی دیکەی تیرۆرستانی داعش، بۆ تێکدانی هەرێم، لەکاتێکدایە لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو، دوو پیلانی دیکەی تیرۆریستان ئاشکراکران بۆ تێکدانی ئارامی سلێمانی و دەوربەری، ئەندامانی شانە نەنووستووەکانیان دەستگیرکران، لە ئێستاشدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی بە هاوکاری بەڕێوەبەراییەتیەکانی دەرەوە، بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان، کە دەزگای ئاسایش بەرچاوڕوونە لەسەر چەندین پیلانی دیکەی تیرۆریستان، بۆ شێواندنی ئارامی هەرێم، هەموو ئامادەکاریەکیش کراوە و بۆ ڕێگەگرتن لە بەدیهێنانی مەرامەکانیان.
لێرەوەشەوە، جارێکی دیکە سوپاسی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین کە هەمیشە پشت و پەنای هێزەکانی ئاسایش بوون و خەمیان خەمی دەزگای ئاسایش بووە بۆ پاراستنی ئارامی هەرێم، بۆیە دڵنیای هەموو لایەک دەکەینەوە بەردەوامین و بە هەموو هەوڵ و توانەیەکمانەوە ئاسایشی هەرێمەکەمان دەپارێزین و ناهێڵین بە پیلانی ناحەزان و دووژمنانی ئازادی، ژیان لە هەرێم تێکبدرێت.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان
#02-02-2018#