لەماوەی 7 ساڵدا 22 هەزار کەس لە دەرەوەی دادگاکانی هەرێمی کوردستان، گرێبەستی هاوسەرگیرییان کردووە و 50%ی ئه و گرێبەستانەش بەمەبەستی هێنانی ژنی دووەم و سێیەم بووە.
بەپێی ئامارەکانی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، لەماوەی حەوت ساڵ و شەش مانگدا، واتە لەسەرەتای ساڵی 2010 تاوەکو شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2017 لەسەرجەم دادگاکانی هەرێمی کوردستان، 331 هەزار و 540 گرێبەستی هاوسەرگیری تۆمارکراون و لەبەرامبەریشدا 22 هەزار و 873 حاڵەتی مارەبڕین لە دەرەوەی دادگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون کە تەمەنیان لەنێوان 15 تاوەکو 30 ساڵاندا بووە، دواتر لە هەرێمی کوردستان پەسەندکراون.
ئەنجومەنی دادوەری، ئاشکراشیکردووە، لەماوەی ئه و حەوت ساڵەدا 910 پیاو بە یاسایی ژنی دووەم یان سێیەم یان چوارەمیان هێناوە.
لەهەمانکاتدا 22 هەزار و 873 مارەبڕینی دەرەکیش لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، کە لە 50% ئه و مارەبڕینانەی دەرەوەی دادگاکانی هەرێم بۆ هێنانی ژنی دووەم و سێیەم و چوارەم بووە.
ئەنجومەنی دادەوەری ڕاشیگەیاندووە ئەو گرێبەستانە لەدادگاکانی عێراق و ناوچە کێشە لەسەرەکان تۆمارکراون و دواتر لەلایەن دادگاکانی کوردستانەوە پەسەندکراون.
لای خۆیەوە کوردە عومەر، بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لەوەزارەتی ناوخۆ بە دواڕۆژی ڕاگەیاند ساڵ بەساڵ ئاماری گرێبەستەکانی هاوسەرگیری بۆ ژنی دووەم و سێیەم و چوارەم ڕوو لەزیادبوون دەکەن، یاسای باری کەسێتی ساڵی 2017 ڕێگری زۆری لە هێنانی ژنی دووەم و سێیەم کردووە، بەڵام گەورەترین کێشە ئەوەیە زۆرێک له و گرێبەستانە لە دەرەوەی دادگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
ئەوەشی خستەڕوو، پەرەسەندی ئه و حاڵەتە لەبەرئەوەیە ئه و یاسایەی پەرلەمانی کوردستان لە پارێزگاکانی عێراق کاری پێناکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هاتنی ئاوارەکان کارئاسانی بۆ پیاوانی هەرێم کردووە کە ژنی دووەم بێنن بە تێچوونێکی کەم.
وتیشی لە دادگاکاندا لێپرسینەوەی پێویست نییە بەرامبەر به و پیاوانەی ژنی دووەم دەهێنن و ژنی یەکەم سکاڵایان لەسەر تۆماردەکات، کە له دوای شەڕی داعشەوە ئه و دیاردەیە زیاتر هەستی پێدەکرێت و دادگاکان چاودێرییان لەسەر نییە.[1]
#03-02-2018#