دواڕۆژ، سامان قوبادی
سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، چەندین خاڵی گومرکی نایاسایی لە دەروازەی شارەکان دانراون و لەلایەن کەس و کۆمپانیاوە پارە لە بارهەڵگرەکان وەردەگیرێت. هاوکات بەڕێوەبەری گشتی گومرک-یش دەڵێت پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە و لێی بەرپرسیار نین، پێویستە پەرلەمان لێکۆڵینەوەی لەسەر بکات.
جێگری سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستانیش پێیوایە دانانی ئه و خاڵە گومرگییە نایاساییانە، کاریگەریی لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی و داهاتی حکومەتی هەرێم هەیە.
ماوەیەکە جگە لە دەروازەی شارەکان، هاوکات لە خاڵە سنوورییەکانی باشماخ و ئیبراهیم خەلیل و پەروێزخان و حاجی ئۆمەران، بەناوی جۆراوجۆرەوە، دەیان ملیۆن دۆلار وەک گومرک لە باری ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان وەردەگیرێت.
عزەت سابیر سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند پاش ئەوەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونمان بۆ کرد، بۆمان دەرکەوت هەندێک کەس و کۆمپانیا، بە ناوی هاوکاریکردنی پێشمەرگە، لە چەندین شوێنی جیاواز سەرقاڵی وەرگرتنی پارەن، ئەمەش بارگرانی زۆری لەسەر خەڵک دروستکردووە.
سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی کوردستان وتیشی بە چەند ڕێگەیەک پارە وەردەگیرێت، یەکەم، لە خاڵە سنورییەکانی (ئیبراهیم خەلیل، باشماخ، پەروێزخان، حاجی ئۆمەران) بە ناوی پشکنین و دڵنیایی و نەقڵبەڕی و ڕێکخستنی ئۆتۆمبێل و گەراجەوە دەیان ملیۆن دۆلار کۆدەکەنەوە، بەبێ ئەوەی کارێکی ئەوتۆ بکەن کە بە دامەزراوەکان نەکرێت.
ئەوەشی وت ڕێگەی دووەم، لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە چەندین خاڵی بەناو گومرکی نایاسایی لە دەروازەی شارەکانی هەولێر و سلێمانی و کەرکووک دانراون بۆ وەرگرتنی پارە لە تانکەری نەوت و بارهەڵگرەکان، شوێنەکانیش بریتین لە (نزیک پردی خازر، لە نێوان تەقتەق و ناحیەی شوان، نزیک پردی شیوەسوور، ڕێگای سەر گەڕان-دیبەگە، بازگەی تاسلوجە، فیشخابور-سوریا).
بەپێی وتەی عیزەت سابیر، دوای بەدواداچوونی مەیدانی دەرکەوتووە ئەم داهاتانە کە وەرگیراون ناگەڕێنەوە بۆ حکومەتی هەرێم، بۆیە داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەن بە نوسراوێک داوا لە وەزارەتی دارایی و ئابوری بکات بۆ ڕێگریکردن لەم کارە نایاساییە.
هاوکات ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرکی هەرێم دەڵێت لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە هیچ خاڵێکی گومرکی نوێمان دانەناوە. لە وەڵامی ئه و پرسیارەی تاچەند ئه و خاڵە گومرکییە ناوخۆییانە فەرمین و پەیوەندیی بەوانەوە هەیە؟ بەرێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان بۆ دواڕۆژ وتی پەیوەندییان بە ئێمەوە نییە و لێی بەرپرسیار نین، لایەنی تر هەیە دەتوانێت بەدواداچوونی بۆ بکات بەتایبەت پەرلەمانی کوردستان، بەڵام هەر بڕە پارەیەک وەربگیرێت دەبێت بەپێی یاسای گومرگ بێت، بەدەر لەوە نایاساییە.
بەڕێوەبەری گشتی گومرگ ئەوەشی وت کە ئەمانە بازگەی ئەمنین، ئەگەرنا هیچیان گومرگ نین، لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە ئەوەی پەیوەندیی بە ئێمەوە بێت هیچ بازگەیەکی گومرگیی نوێمان دانەناوە، هەر بازگەیەک دابنێین بەشێوەیەکی یاسایی کاردەکەن و پێناسەی گومرگیان هەیە.
سەبارەت بە کاریگەریی خراپی خاڵە گومرگییە نایاساییەکان، عەتا محەمەد جێگری سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان بۆ دواڕۆژ دەڵێت ماوەیەکە ئەم خاڵە گومرگیانە دانراون بە شێوەیەکی نایاسایی، بەمەبەستی وەرگرتنی پارە لە بارهەڵگرەکان، لە هەندێک شوێنیش ئەگەر گومرگی بارەکە کەمبێت ئەوا گومرگی تری دەخرێتەسەر، بەڵام ئەم خاڵە گومرگییە نایاساییانە، کاریگەریی خراپی هەیە لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بەتایبەتیش داهاتی حکومەتی هەرێم کەم دەکات، بۆیە پێشتریش بە نووسراوی ڕەسمی داوامان لە لایەنی پەیوەندیدار کردووە، تاوەکو لاببرێن.[1]
#05-02-2018#