بەپێی ئەنجامی حەڤدەیەمین ڕۆژی بەرخۆدانی سەردەم لە #عەفرین# کە قەسەدە ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ شەڕڤانان گورزی تووندیان لە سوپای تورک و چەتەکانی وەشاندووە و 17 سەرباز کوژراون و تانکێکیشیان لەلایەن شەڕڤانانەوە تێکشکاندراوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدە، ئەنجامی حەڤدەیەمین ڕۆژی بەرخۆدانی سەردەمی لە عەفرین ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە دەوروبەری گوندی بیلال-ی سەر بە شارۆچکەی شیێ، سوپای تورک و چەتەکانی هەوڵی پێشەڕەوییان دا، بەڵام لەلایەن شەڕڤانانمانەوە وەڵامدرانەوە و شەڕێکی سەخت دروستبوو لە ئەنجامدا سوپای تورک و چەتەکانی پاشەکشەیان کرد.
هەرەوەها، هاتووە: هەر لە دەوروبەری گوندی بیلال، شەرڤانانمان ئۆپەراسیۆنێکی پاککردنەوەیان ئەنجامدا و لە ئەنجامدا 8 سەربازی سوپای تورک کوژران.
لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، هاتووە: لە کاتژمێر 02:00 ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە، سوپای تورک و چەتەکانی هێرشیان کردووەتە سەر گوندی دیکمەداش و گردەکەی، شەڕڤانانمان وەڵامی هێرشەکەیان داوەتەوە و تاوەکو ئێستا شەڕ بە سەختیی بەردەوامە.
ئەوەش خراوەتەوە ڕوو: تیمەکانی گەردەلولی یەپەژە چالاکییەکی سەربازییان لەدژی سەربازانی سوپای تورک ئەنجامدا، لە ئەنجامدا 4 سەرباز کوژران و ژمارەیەکی زۆر سەربازی دیکەیش بریندرابوون.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی قەسەدە-دا هاتووە: لە دەوروبەری کاتژمێر 11:00 ی پێشنیوەڕۆ، شەرڤانانمان لە گردی گوندی بێکێ-ی سەر بە شرۆچکەی بلبلێ، تانکێکی سوپای تورکیان بەئامانج گرت و لەئەنجامدا ئەو سەربازانەی کە لەناو تانکەکەدا بوون هەموویان کوژران، هەروەها شەڕڤانانمان هەر لە گردی گوندی بێکێ، کۆبوونەوەیەکی سەربازانی سوپای تورکیان کردە ئامانج و بەهۆیەوە لانیکەم 5 سەرباز کوژران.
قەسەدە ڕاشیگەیاندووە: لە دەوروبەری گوندی حەسیرکا-ی سەر بە جندرێس، هێزەکانمان چالاکییەکیان ئەنجامدا و لەئەنجامدا تانکێکی سوپای تورکیان تێکشکاند، هەروەها لە گوندی قەستەل جیندەر-ی سەر بە شارۆچکەی شیێ، کۆبوونەوەیەکی سەربازانی سوپای تورکیان بە موشەک کردە ئامانج.
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوەش کراوە: سوپای تورک و چەتەکانی، گوندی خەلیل و سەنتەری شارۆچکەی ڕاجۆیان بەچەکی گورس بۆردوومان کرد، هەروەها گوندی جۆلەقا-یش لە شارۆچکەی بلبلێ بە سەختیی لەلایەن سوپای تورکەوە تۆپباران کرا و بەهۆیەوە 3 ماڵی هاوڵاتی مەدەنی ڕووخان.[1]
#05-02-2018#