ئێمە چاوەڕوانی ئەوەبوین حکومەتی هەرێم لەپێناو پاراستنی بەرهەمی ناوخۆو بوژاندنەوه و بەهێزکردنی کەرتی تایبەتدا، چاو لەحکومەتی ناوەندی عێراق بکات، کە نرخی یەکەی کارەبای بەڕیًَژەی 40% بۆ کارگە پیشەسازییەکان کەم کردوەتەوە، وەزارەتی کارەبای حکومەتی عێراق نرخی یەک کیلۆوات کارەبای لەسەر کارگە پیشەسازییەکان لە 100 دینارەوە کەمکردوەتەوە بۆ 60 دینار، بەڵام لەبەرامبەردا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی دوو ساڵی ڕابردودا نرخی کارەبای بەڕێژەی 500% لەسەر کارگە پیشەسازییەکان بەرزکردوەتەوە، کە نرخی کارەبای بۆ یەک کیلۆوات لە 20 دینارەوە بۆ 120 دینار بەرزکردوەتەوە.
ژووری بازرگانی و پیشەسازی #سلێمانی# جەغت لەوە دەکات کە بەرزکردنەوەی نرخی یەکەی کارەبا لەم دۆخەدا هەنگاوێکی بێ پلان و بەرنامەرێژنەکراوه و سەرەنجام ئەرکی سەرشانی کەرتی تایبەت لەهەرێمی کوردستاندا گران و قورستر دەکات و دەبێتە هۆکاری بەرزبونەوەی نرخی بەرهەمە ناوخۆییەکان، لەکاتێکدا پێویستە حکومەتی هەرێم پشتیوانیان لێبکات و بیانپارێزێت نەک ئەوەی بەم هەنگاوانەی بەره و مایەپوچ بون ئاڕاستەیان بکات، بەتایبەتی کە لەم دۆخە دارایی و ئابورییە نەخوازراوەی تێیکەوتوین، کەرتی تایبەت مایەی ڕەخساندنی هەلی کارە بۆ هەزاران کارمەندو کرێکارو بوژاندنەوەی بازاڕ.
لەدیدی ئێمەوە کەرتی تایبەت شادەماری سیستەمی ئابوری بازاڕ و ساڕێژی نەخۆشییە ئابورییەکانی هەر وڵاتێکە، کەرتی پیشەسازیش وزەی گەشەپێدانی ئابوریی وڵاتانی ئەمڕۆی جیهانە، بەڵام لەکوردستان وەک تێبینی دەکرێت کەمترین بایەخ و بەها بەم کەرتە دەدرێت و هیچ ستراتیژییەت و پلانێکی ناوەندخایەن و درێژخایەن بۆ گەشەی ئەم کەرتانە بەدیناکرێت.
ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی داوا لەحکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کارەبا دەکات لەپێناو پێشخستنی کەرتی تایبەت و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆو بەهێزکردنی توانای کەرتی پیشەسازییدا لەروی نرخ و کوالێتییەوە بەرامبەر بەکێبڕکێی بەرهەمی دەرەکی، چاو بەبڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی یەکەی کارەبادا بخشێننەوە. چونکە بڕوای تەواومان بەوەیە چارەسەری کێشە ئابورییەکانی کوردستان بەر لەهەر شتێک لەکارئاسانی کردن بۆ کەرتی تایبەت و لەبەهێزکردنی ژێرخانی ئابوریدایە، پێویستە حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی زانستی هەوڵبدات ستراتیژیەتێکی گونجاو بۆ گەشەپێدانی کەرتی تایبەت و بەپیشەسازیکردنی کوردستان دەستپێبکات، نەک ئەوەی ئاستەنگ بۆ پێشخستن و گەشەکردنیان دروست بکات.
ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی
#05-02-2018#