مامۆستایانی ستەملێکراوی کوردستان
هاونیشتیمانیانی خۆشەویست...
لای هەمووان ڕوون و ئاشکرایە ئێمەی چین و توێژی مامۆستایانی کوردستان قۆناغێکی تەمەن 3 ساڵی لە گوزەرانێکی سەخت و ناهەمووار و پڕ لە شکۆ لەخەبات و کۆڵنەدان و شانازی بە بەردەوامیدان بە پڕۆسەی خوێندن و پەروەردە لە هەرێمی کوردستان تێپەراند،
دوای ئەوەی حکومەتی شکستخواردووی هەرێم لە ساڵی 2016 دەستی برد بۆ کەمکردنەوەی قوت و بژێوی مامۆستایان بۆ کەمتر لەنیوە و و چارێکە موچە ئەوەشی نەتوانی لە کاتی خۆیدا بدات، ئێستا کە لە مانگی 2 ی ساڵی 2018 داین، نیو موچەی مانگی 10 ساڵی ڕابردوومان پێنەدراوە، به و هۆیەوە مامۆستایان لە ژیانێکی مەمرە و مەژی دان،
ئێمە به و ئومێدەبووین لەسەرەتای ساڵی نوێ 2018 دا حکومەتی هەرێم قەیرانی دروستکراوی دارایی چارەسەر بکات و ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران و سەرجەم هاونیشتیمانیانی کوردستان باشتر بکات، بەڵام ئه و ئومێدەشمان نەما و هەڵوەری، ئەمەش بەهۆی بەردەوامی حکومەت لەسەر بێ باکی خۆی لە ئاست بەرپڕسیاریەتی چارەسەرکردنی دۆخی دارایی و موچە و بژێوی مامۆستایان.
بۆیە وەکو مامۆستایانی دەڤەری باڵەکایەتیی و سنوری بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی #چۆمان# له سبەی ڕۆژی چوار شەممە 7 ی شوبات تا ڕۆژی یەک شەممە 18 ی شوباتی 2018 بایکۆتی پڕۆسەی خوێندن ڕادەگەیەنین وەک مۆڵەت لەبەردەم حکومەتی هەرێمدا تا داواکاریەکانمان جێبەجێ بکات،
داواکاریەکان خۆی دەبینێتەوە لە
:- 1_هەڵگرتنی پاشەکەوتی زۆرەملێ و ستەمکارانەی سەر موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە و پێدانی موچە تەواو
. 2_ پێدانی موچە لەکاتی خۆیدا و تێپەرنەبوونی ماوەی پێدانی موچە لە 30 ڕۆژ جارێک
. 3_ داوا لەحکومەتی ناوەندی و دکتۆر حەیدەر عەبادی دەکەین، کێشەی دارایی مامۆستایانی کوردستان چارەسەر بکات و میلاکی پەروەردەی هەرێم لە ڕووی شایستە دارایەکان بخاتە سەر حکومەتی ناوەند
. لە حالەتی وڵامنەدانەوەی ئیجابیانەی داواکاریەکانمان له و هەفتەیەی کە تیایدا بایکۆتمان کردووە، پڕۆسەی خوێندن دەست پێناکەینەوە و بایکۆت درێژدەکەینەوە و ئۆباڵی شکستی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە ئەستۆی حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمە نەک مامۆستایانی ستەملێکراو.
دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی سنوری پەروەردەی قەزای چۆمان.
#06-02-2018#