دواڕۆژ، #عیسا عەبدولقەهار#
بەداخستنی مەرزە لاوەکی و نافەرمییەکانی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 40 هەزار کەس لە کرێکاران و بازرگانان و هاوڵاتیانی هەرێم بێکاردەبن، پسپۆڕێکی ئابووریش دەڵێت ململانێی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا مەترسی گەورەی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروستکردووە.
جگە لە مەرزە نێودەوڵەتییە فەرمییەکانی نێوان هەرێم و ئێران تورکیا، حکومەتی عێراق بڕیاریدا بە داخستنی نزیکەی 50 مەرزی لاوەکی و فەرمی و نافەرمی، ئەمەش نیگەرانی خاوەن و کار و هاوڵاتیانی هەرێمی لێکەوتەوە. بەشێک لە بازرگانان-یش پێیانوایە، ئه و بڕیارەی حکومەتی عێراق کێشەی زۆری بۆ دروستکردوون.
خالید ئەحمەد، نوێنەری کۆمپانیای بێری بۆ کاروباری بارزگانی بۆ دواڕۆژ وتی داخستنی ئه و مەرزانەی زیانی زۆری بە بارزگانان و هاوڵاتیان گەیاندوە و بەهەزاران کەسی بێکارکردووە، چونکە بەشێک لە مەرزەکان ماوەی چەند ساڵێکە ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێدادەکرێت و هیچ کێشەیەکی نەبووە.
وتیشی بە داخستنی ئه و مەرزانە، کاری ئاڵوگۆڕکردنی کۆمپانیاکان و خاوەنکاران زەحمەت دەبێت، بەمەش کۆمپانیاکان ناچاردەبن کرێکارەکان و خاوەن پیشەکان بنێرنەوە ماڵەوە.
هاوکات عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا، بڕیاردەری لیژنەی بازرگانی و مافی بەکاربەر لە پەرلەمانی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند حکومەتی عێراق مەرزە نافەرمی و لاوەکییەکانی هەرێمی کوردستان داخستووە، بەبێ ئەوەی پرس و ڕاوێژکار بە وەزارەتی دارایی هەرێم بکات، لەکاتێکدا داخستنەکە زیانی زۆری بۆ ئابووری هەرێم هەیە و زیاتر لە 40 هەزار کەس بێکاردەبن ئەمەش گرفتێکی ترە بۆ خەڵکی کوردستان.
هاوکات بەپێی ڕاپۆرتێکی یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان، داخستنی ئه و مەرزانە زیانی بۆ هاوڵاتیانی و کرێکاران و خاوەنکاران هەیە و ڕونیکردۆتەوە کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ڕەوشی هاتووجۆ لە مەرزەکانی تری نێوان هەرێم لەگەڵ ئێران و تورکیا بەردەوامه و کێشەیان نییە.
لە ڕاپۆرتەکە، ئاماژە بەوەشکراوە کە خەریکە ئابووری کوردستان بەره و بوژانەوە بچێت، چونکە بەراود بە ساڵی ڕابردوو هاتووچۆ و ئاڵوگۆڕەکان زیادیانکردووە.
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا، کە لە مانگی ڕابردوو لە هەولێر ئەنجامدراوە حکومەتی عێراق نوێنەرانی دیوانی چاودێری و وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ سەرجەم مەرزەکان دەنێرێت بۆ چاودێریکرنی مەرزەکان و داخستنی مەرزە لاوەکی و نافەرمییەکان.
لەگەڵ ئەوەی حکومەتی هەرێم و عێراق لەسەرداخستنی مەزرەکان ڕێککەوتن، بەڵام بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم ئاماژە بەوەدەکات کە بەغدا لە داخستنی مەرزە لاوەکییەکان ڕاوێژی پێنەکردوون.
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند بۆ داخستنی مەرزە لاوەکی و نا فەرمییانە دابخرێن پێویستبوو ڕەزامەندی وەزارەتی دارایی هەرێم وەربگیرێت، تەنانەت دەبوو خودی وەزیری دارایی هەرێم ڕەزامەندی لەسەر بدات، بەڵام بەداخەوە بەغدا ئەمەی نەکردووە.
لە ڕۆژی 1ی شوباتی 2018، لە دواین ئاگادارکردنەوەدا حکومەتی عێراق بڕیاریدا سەرجەم خاڵە گومرگییە نافەرمییەکانی هەرێم دابخرێن و بۆ ئەم مەبەستەش داوای لە پاسەوانانی سنوورەکانی هەرێم کرد پابەند بن بە داخستنی ئه و خاڵە گومرگییانه و ماوەی 24 کاتژمێری دیاریکرد، بەمەش لەڕۆژی شەممەی ڕابردوو بڕیارەکە جێبەجێکراوە.
دکتۆر مستەفا زوبێر، پسپۆڕی ئابووری لە زانکۆی سەلاحەددین بە دواڕۆژی ڕاگەیاند بەهۆی ململانێ و کێشەی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند، گرفت بۆ کرێکاران دروستبووه و وایکردووە خەڵکێکی زۆر بێکاربن و ئەمەش هێندەی تر بژێوی ژیانیان سەخت دەکات.
ئه و پسۆڕە، دەشڵێت دوای داخستنی مەرزەکانی نێوان هەرێم و ئێران بۆ ماوەی نزیکەی 80 ڕۆژ بە سەدان کەس بێکاربوون، بۆیە ئێستا کە ئه و مەرزانە دادەخرێن زیانێکی گەورەتر تووشی هاوڵاتیان و بازرگانان دەبێت.[1]
#06-02-2018#