ڕۆژنیوز، هاوڕێ کرێکار
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند: زیاتر لە شەش هەزار خێزانی #خورماتوو# ماون بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان و دەمانەوێت پرۆسەی گەڕانەوە خێراتر بکرێت، قائیمقامی خورماتووش بە وەکالەت دەڵێت، ئامادەن خزمەتگوزاری و ئەمنیەت بۆ دانیشتوانی کوردی شارۆچکەکە دابین بکەن.
ئەمڕۆ وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی حکومەتی عێراق و سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و قائیمقامی خورماتوو بە وەکالەت و بەرپرسی مەڵبەندی 16ی حەمرینی یەکێتی و قائیمقامی شارۆچکەی کفری و نوێنەری ئاوارەکانی خورماتوو و پارێزگاری سەڵاحەدین، لە گەرمیان کۆبونەوە لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەکانی خورماتوو، دواتریش کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان سازکرد.
لە سەرەتای کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا سەڵاح کوێخا سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وت: ئه و هاوڵاتیانە تەنها لەبەر کوردبوونیان لە شارۆچکەی خورماتوو ماڵوێران بوون و ئاوارەبون، پێویستە هەموو لایەک هەوڵەکانیان بەگەڕبخەن بۆ ئەوەی هەرچی زووە بگەڕێنەوە شارۆچکەکەی خۆیان، ئێمەش لە ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ ئیدارەی دوزخورماتوو هەماهەنگی تەواو دەکەین و هاوکار دەبین بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.
دواتر دەرباز محەمەد وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی ڕاگەیاند: گرنگە هەرچی پێویستە ئەنجامی بدەین بۆ گەڕانەوەی تەواوی هاوڵاتیانی خورماتوو بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و چارەسەرکردنی ئه و کێشه و گرفتانەی ڕێگر بوون لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان.
وتیشی: ماوەیەکە پرۆسەی گەڕانەوەی هاوڵاتیانی کورد بۆ شارۆچکەی خورماتوو دەستیپێکردووە و تا ئێستا نزیکەی سێ هەزار و 500 خێزان گەڕاونەتەوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێ پرۆسەکە خێراتر بکرێت و نزیکەی شەش هەزار و 500 خێزانی دیکە ماون و ئەوانیش بگەڕێنەوە.
هەروەها لەیس حەمید قایمقامی شارۆچکەی خورماتوو بە وەکالەت، ڕایگەیاند: ئێستا بارودۆخی دوزخورماتوو لە ڕووی ئەمنییەوە تاڕادەیەکی باش جێگیرە و هێزەکانی وەڵامدانەوەی خێرا و پۆلیسی ئیتیحادی سەرپەرشتی مەلەفی ئەمنی دەکەن و دەرگا کراوەیە بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتیانی کورد.
ئەوەشی وت: وەک حکومەت ئامادەین خزمەتگوزاری و ئەمنییەتی پێویست بۆ تەواوی هاوڵاتیانی خورماتوو دابین بکەین، داواش لە هاوڵاتیانی کورد دەکەین بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.[1]
#07-02-2018#