سەرمایەدارێکی باشووری کوردستان پرۆژەیەکی گەورە بۆ بەرهەمهێنانی ئاسن دەباتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەڵێ لە کوردستان ناتوانین لەوە زیاتر بە دیار سکرابی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە دانیشین، دەبێ خۆمان کەرەستە سەرەتاییەکانی ئاسن بدۆزینەوە و بەرهەمی بهێنین.
کۆمپانیای (ماس) کە یەکێکە لە کۆمپانیا بەنێوبانگەکانی باشووری کوردستان و ئێستا خاوەنی کارگەی چیمەنتۆ و ئاسنە، سێ کارگە بۆ دەرهێنانی ئاسن لە چیاکانی #سنە# و #سەقز# دادەمەزرێنێ. ئاراس عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئیدارەی کۆمپانیای ماس دەڵێ ئەوان لە بازیان کارگەیەکی ئاسنیان هەیە جگە لە 7 بۆ 8 کارگەی ئاسنی دیکە کە هی کۆمپانیاکانی دیکەن ئەو کارگانە ڕۆژانە پێویستیان بە کەرەستەی سەرەتایی ئاسنە و هەمووشمان پشتمان بە ئاسنی سکرابی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەستووە.
ئێستا کۆمپانیای ماس و کۆمپانیاکانی دیکەی ئاسن لە باشووری کوردستان ترسی ئەوەیان لێنیشتووە کە سکرابی ئاسن بەرەو کەمبوونەوە بڕوات. بۆیە ناچارن بیر لە دانانی کارگە بکەنەوە بۆ بەرهەمهێنانی کەرەستەی سەرەتایی ئاسن. ئاراس عەبدوڵڵا دەڵێت: لە ئێران کەرەستەی سەرەتایی ئاسن زۆرە، ئێمەش بیرمان لەوە کردەوە لە شوێنێک بێ، ئاسنەکەی لێ نزیک بێ و هەم لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانیش نزیک بێ.
هەرێمی کوردستان بە ناوچەیەکی دەوڵەمەندی ئاسن دەناسرێ، بەڵام هیچ سەرمایەدارێک وەبەرهێنانی لە ئاسنی پێنجوێندا نەکردووە. ئێستا وەبەرهێنێکی کورد بەسەر پێنجوێندا پەڕیوەتەوە بۆ ناوچەی سنە و سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئاراس عەبدوڵڵا لەبارەی ئاسنی پێنجوین دەڵێت: بەپێی توێژینەوەکان، دەرکەوتووە پێنجوین بەو ڕێژەیە ماددەی سەرەتایی ئاسنی تێدا نییە کارگەی گەورەی بۆ دابنرێ.
بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە، بەشێک لەو وەبەرهێنە کوردانەی سەرمایەکانیان ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، ڕوویان لە دەرەوەی باشووری کوردستان کرد، بۆ ئەوەی لە کار و سەرمایەگوزاری دانەبڕێن.
یاسین مەحموود ڕەشید، گوتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان نیگەرانە لەوەی وەبەرهێنەرانی کورد لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەدوای کارەوەن ئێستا وەبەرهێنمان هەیە لە هەولێرەوە چووەتە جۆرجیا و لەوێ پرۆژەی گەورەی هەیە، چەند وەبەرهێنێکی دیکە لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوای پرۆژەیان کردووە.
سەعدوڵڵا مەسعودیان، سەرکونسوڵی ئێران لە سلێمانی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ (رووداو) هەواڵی دەستبەکاربوونی سەرمایەدارێکی باشووری کوردستانی لە پارێزگای کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی ئاسن، وەک هەواڵێکی مژدەبەخش دایە وەبەرهێنەرانی باشووری کوردستان و گوتی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەو کارگەیە دەبێتە هۆی دەستەبەرکردنی چەند هەزار هەلی کار لەناوخۆی ئێران.
ئاراس عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئیدارەی کۆمپانیای ماس، سوپاسی هاوکارییەکانی سەرکونسوڵی ئێران لە سلێمانی و پارێزگاری سنە و کۆماری ئیسلامی دەکات لەبەرامبەر ئەو کارئاسانیەی پێشکەشیان کردوون لە سەرگرتنی پرۆژەکە و وەرگرتنی مۆڵەت و دابینکردنی نزیکەی 400 دۆنم زەوی لەبەر ئەوەی بەرهەمهێنانی بەردی ئاسن بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێ، دەبێ سێ کارگە دروستبکەین و هەر سێ کارگەکە نزیکەی نیو ملیار دۆلاریان تێدەچێ.
کارگەکان لە نزیک شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبن. ئاراس دەڵێت لەو ناوچەیە ئاسن زۆرە و لە سنووری هەرێمی کوردستانیش نزیکە. سەبارەت بە کاتی دەستبەکاربوونیان گوتی ئێستا قۆناغی تەندەرین لەگەڵ کۆمپانیایەکی تایبەتمەندی ئێرانی کۆتایی هاتووە و ماوەتەوە سەر ئەوەی دەستبەکار ببین.
ئەو ئاسنەی بەرهەمی دەهێنن تەنیا تایبەت نابێ بە کارگەکەی خۆیان لە بازیان. ئاراس عەبدوڵڵا دەڵێت ئێمە خۆمان ساڵانە یەک ملیۆن و 250 هەزار تۆن ئاسن بەرهەم دەهێنین لە کارگەکەمان، دەتوانین کەرەستەی سەرەتایی ئاسن بۆ کارگەکانی دیکەی کوردستانیش دابین بکەین.
ئێستا 90%ی کەرەستەی سەرەتایی کارگەکانی کوردستان سکرابی ناوەڕاست و باشووری عێراقە. ئاراس عەبدوڵڵا دەڵێت: ئێستا بەهۆی شەڕ و شۆڕەوە سکرابی ئاسن زۆرە، بەڵام ڕۆژێک دێ ئەو سیکرابە تەواو دەبێ، بەم پرۆژەیە ئێمە هەمووکات دەتوانین ئاسن بەرهەم بهێنین.[1]
#08-02-2018#