کۆمپانیای نەوت و غازی DNO ئاشکرایدەکات، پشکەکانیان لەهەردوو کێڵگەی تاوکێ و پیشخابوور لە 55%-ەوه بۆ 75% بەرزبۆتەوە.
لە ڕاگەیاندراوێکدا کۆمپانیاکەدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی شوبات بڵاویکردۆتەوە، ڕایدەگەیەنێت، ساڵی 2017 داهاتەکەیان 347 ملیۆن دۆلار بوو، بەبەراورد بە ساڵی 2016 بەرێژی 72% بەرزبۆتەوە، ئەوەش بەرزترین ئاستی داهاتی چارەکە ساڵێکە لەماوەی زیاتر لە سێ ساڵی ڕابردوودا.
راشیگەیاندووە لەساڵی ڕابردوودا، سەرجەم شایستە داراییەکانی خۆی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، کە زیاتر بووە لە 380 ملیۆن دۆلار، بەمەش پشکی کۆمپانیای DNO لە هەردوو کێلگەی تاوکێ و پیشخابوور 55% بۆ 75% بەرزبۆتەوە.
کۆمپانیاکە ڕونیشیکردۆتەوە، بەڕێژەی لە 50% خەرجی کۆمپانیاکەیان بۆ وەبەرهێنان بۆ 250 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانی هەناردەکردنی نەوت بەشێوەیەکی بەردەوام لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە.
لە بەیاننامەکەدا، هاتووە بە دوو بیرە نەوتی کێڵگەی پیشخابوور 16 هەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا بەرهەمدەهێنن و، بۆ هەناردەکردنیش تێکەڵدەکرێت بە 97 هەزار بەرمیل نەوتی تری ڕۆژانەی لە کێڵگەی تاوکێ.
کۆمپانیاکە دەشڵێت بەپێچەوانەی پێشبینییەکان کێڵگەی نەوتی پیشخابوور نەوتێکی زیاتری تێدایە و، بەنیازن ئەمساڵیش شەش بیرەنەوتی دیکە لەو کێڵگەیە لێبدەن و پێشبینی دەکرێت تا هاوینی ئەمساڵ بەرهەمی کێڵگەکە بگاتە 30 هەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا.
کۆمپانیای DNO، ئەوەشی خستۆتەڕوو، بەهاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی بەنیازن لەئەمساڵدا چوار بیرە نەوتی دیکە لە کێڵگەی نەوتی تاوکی لێبدەن.
DNO، کۆمپانیاییەکی نەرویجیە و لە بواری نەوت و غاز لە کێڵگەی نەوتی تاوکێ (Tawke Oilfield) کاردەکات، کە دەکەوێتە قەزای زاخۆ لە ئێستاشدا ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت له و کێلگەیە زیاترە (120،000) بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.
کۆمپانیای DNO خاوەنی لەسەدا 55ی قازانجی پشکەکانی بلۆکی تاوکێییە، هەریەک لە کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی خاوەنی لەسەدا 25ی پشکەکانە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش خاوەنی لەسەدا 20ی پشکەکانە.[1]
#08-02-2018#