ماوەی 22 ڕۆژە هێرشی سوپای تورکیا و بەشێک لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن بۆ سەر هەرێمی #عەفرین# لە ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە.
لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر گوندی شکاتایا ماڵێک ڕووخا. خەڵکی گوندەکە تەرمی نەسرەت عوسمان، هاونیشتمانییەکی گوندەکە کە بەهۆی بۆردوومانەکە گیانی لەدەستدا لەژێر دار و پەردووی خانووەکەیدا هێنایەدەرەوە. بەگوتەی خەڵکی گوندەکە هێشتا تەرمی سێ بۆ چوار هاونیشتمانی دیکە لەژێر دار و پەردووی خانووەکەدا ماونەتەوە.
لە ئەنجامی تۆپبارانی سوپای تورکیا بۆ سەر گوندی بەرکاشی لە ناحیەی بلبل لە عەفرین، سێ کەسی سڤیل بە ناوەکانی: ئەیوب ئیبراهیم، ڕەشید سیدۆ و ئەحمەد ئیبراهیم برینداربوون.
لە هەمان کاتدا بە دەیان سەر مەڕ و ئامێری کشتوکاڵی و موەلیدەی کارەبا لەو گوندە لە ئەنجامی تۆپبارانەکەدا تێکشکان.
لەلایەکی دیکەوە تۆپخانەکانی سوپای تورکیا هەردوو گوندی بافلۆنا و عەرەب وێرانەی سەر بە شرایای عەفرینیان بەچڕی تۆپباران کردووە و بەرەبەیانی ئەمڕۆش فڕۆکە جەنگییەکان چەند ناوچەیەکی دەوروبەری ناحیەی بلبل و گوندی جلایای سەر بە شارۆچکەی ڕاجۆ و قەستەلی خدریان بۆردوومانکرد.
لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپبارانی سوپای تورکیا و شەڕ و پێکدادانەکان، دەیان کەسی سڤیل بوونەتە قوربانی و لە کۆی 400 خانووی گەڕەکی ژێرینا لە شارۆچکەی جندرێس، 200 خانوو وێران بوون.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپای تورکیا ڕایگەیاند پێشڕەوییەکان لە عەفرین بەردەوامن و لە ماوەی 22 ڕۆژیئۆپەراسیۆنەکەدا ژمارەی ئه و شەڕڤانانەی یەپەگە کە لە عەفرین گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە هەزار و 141 شەڕڤان. هەروەها 17 سەرباز و 26 چەکداری سوپای سووریای ئازاد کوژراون. 74 سەرباز و 141 چەکداری سوپای سووریای ئازاد برینداربوون.
بەپێی ئاماری هەسەدەش، 488 سەربازی تورکیا و چەکدارانی سوپای سووریای ئازاد کوژراون، 32 تەرمیان جێماون، فڕۆکەیەکی چاودێری خراوەتە خوارەوە، 13 تانک تێکشکێنراون، 36 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە و شەڕڤانێک بەدیل گیراوە.
بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی هەرێمی عەفرین؛ 160 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا 26 منداڵ و 17 ژن هەن، 395 کەسیش برینداربوون و 60 هەزار کەس لە عەفرین ئاوارەبوون.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیی و پەیوەندیدارەکان، لە سەرەتای هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان 60%ی ئابووری عەفرین زیانی بەرکەوتووە. بەگوتەی چاودێران ئەگەر هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین بەمشێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا هەزاران کرێکار و کاسب و خاوەنکار کارەکانیان لەدەستدەدەن. [1]
#10-02-2018#