لە 28ەمین ڕۆژی هێرشەکانی سوپای تورکیا و سوپای سووریای ئازاد بۆ سەر #عەفرین#، سوپای تورکیا ڕایگەیاند هەزار و551 چەکداری یەپەگە کوژراون. یەپەگەش ئامارەکانی تورکیا ڕەتدەکاتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 16-2-2018، سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپای تورکیا لە 28ەمین ڕۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا بۆ سەر عەفرین کە بە چڵە زەیتوون دەیناسێنێت ڕایگەیاند، پێشڕەوییەکان بەردەوامن و یەکەکانی تۆپهاوێژ و فڕۆکە جەنگییەکان بەشێوەیەکی چڕ پێگەکانی یەپەگەیان تۆپباران و بۆردوومان کردووە و بەهۆیەوە 23 چەکداری یەپەگە کوژراون.
هەر بەپێی ڕاگەیێندراوەکەی سوپای تورکیا، لە ماوەی 28 ڕۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا ژمارەی ئه و شەڕڤانانەی یەپەگە کە لە عەفرین گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە هەزار و 551 شەڕڤان.
بەپێی ئاماری هەسەدە، تورکیا 1971 مووشەک و چەکی قورسی جۆراوجۆری بەکارهێناوە، 680 هێرشی ئاسمانیی بەفڕۆکەی جۆری ئێف 16 ئەنجامداون،18 هێرشی ئاسمانی بە هێلیکۆپتەر ئەنجامدراون، 108جار ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ ڕوویداوە، دوو هەزار و 669 جار لەڕێگەی زەمینی و تۆپهاوێژەوە هێرشیان کردووە، 866 سەربازی تورکیا و چەکدارانی سوپای سووریای ئازاد کوژراون، دوو فڕۆکەی چاودێریی لە جۆری دڕۆن و بایراقدار خراونەتە خوارەوە، سێ هێلیکۆپتەر خراونەتە خوارەوە، 53 تانک و زریپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازی تێکشکێندراون و 15 تانک و زریپۆشی دیکەش زیانیان بەرکەوتووە، 98 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە و شەڕڤانێک بەدیل گیراوه. هەروەها 180 کەسی سڤیل کە زۆربەیان ژن و منداڵن گیانیان لەدەستداوە و 413 سڤیلی دیکەش برینداربوون.
بەپێی ئاماری تورکیا: هەزار و 551 شەڕڤان کوژراون، 47 شەڕڤان بە دیلگیراون، 9 شەڕڤان دادگاییکراون، 651 پێگە و حەشارگە کراونەتە ئامانج. 63 پێگە، یەک شارۆچکە، 48 گوند، 3 ناوچەی نیشتەجێبوون، 17 چیا و گرد کۆنترۆڵکراون،107 مووشەک لە عەفرینەوە هەڵدراونەتە کلیس و هاتای، هەشت کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە، 113 کەسی سڤیل برینداربوون،51 خانووبەرە و باڵەخانە و مزگەوت و دووکان زیانیان بەرکەوتووە،31 سەرباز کوژراون، 143سەرباز برینداربوون، هێلیکۆپتەرێکیان خراوەتە خوارەوە.
بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی هەرێمی عەفرین، 160 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا 26 منداڵ و 17 ژن هەن، 395 کەسیش برینداربوون و 60 هەزار کەس لە عەفرین ئاوارەبوون.
تورکیا دەڵێت، سوپاکەی لە پەراوێزی بڕیارنامەی ژمارە 1624ی ساڵی 2005 و هەروەها بڕیارنامەکانی ژمارە 2170 و 2178ی ساڵی 2014ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لەگەڵ ماددە 51ی جاڕی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، مافی بەرگریکردن و پاراستنی ڕەوا بەکاردەهێنێت و لەم سۆنگەیەوە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ سەر عەفرین ئەنجامدەدات.[1]
#16-02-2018#