ڕۆژنیوز جیهاد هەورامی
بەپێی ئامارێکی ڕۆژنیوز، لە ماوەی 48 ڕۆژی ڕابردوودا 59 هاوڵاتی لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، چالاکوانانیش هۆکاری زیادبوونی ڕووداوەکانی کوشتن بۆ قەیرانی دارایی و نەبوونی پەروەردەکی تەندروست دەگێڕنەوە.
ڕۆژنیوز ڕۆژانە ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتنی لای خۆی تۆمار کردووە و به و شێوەیە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئەمڕۆ 59 هاوڵاتی لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە.
شیلان سدیق، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەرپرسی دەستەی خانمانی هەڵەبجە، بۆ ڕۆژنیوز لە بارەی زیادبوونی ڕووداوەکانی کوشتنەوە، وتی: هۆکارەکانی زیادبوونی ئه و حاڵەتانە دەگەڕێتەوە بۆ ئه و بارودۆخە ناهەموارەی هەرێمی کوردستان بەتایبەت قەیرانی دارایی و نەبونی هەلی کار بۆ گەنجان و خراپی باری ژیانی هاوڵاتیان، لەگەڵ هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لەلایەن زۆربەی هاوڵاتیان و لێ نەپرسینەوە لێیان کە لە کاتی بوونی هەر ناکۆکییەک بەکاری دەهێنن و دواجار حاڵەتی کوشتنی لێ دەکەوێتەوە.
وتیشی: ئه و حاڵەتانەی کە کەسەکان پەنایان بردوەتە بەر خنکاندن بەهۆی نەبونی هەلی کار بۆ بەدەستخستنی بژێوی ژیانیان بووە و هەندێ لە حاڵەتەکانیش کە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی بووە، دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هۆشیاری پەروەردەیی لای تاکەکان و خێزانەکان کە کوشتن و خۆسوتاندن بە چارەسەری کێشەکانیان دەزانن.
هەروەها محەمەد وەلی توێژەری دەروونی، بۆچوونی وایە: ئه و پەروەردەیەی لە کۆمەڵگای ئێمەدا هەیە ناتەندروستە و زۆربەی خێزانەکان ناتوانن مامەڵەیەکی تەندروست لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن، لەبەرئەوەی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسیەکانی ڕۆژ ناتوانن خۆیان هاوسەنگ بکەن و زۆر جار گوێبیستی حاڵەتی نەخوازراو دەبین.
سەبارەت بە چارەسەرەکانیش، ئه و توێژەرە دەروونیە ڕایگەیاند: بە شێوەیەکی گشتی پێویستە پێداچونەوەیەک بە پەروەردەی نەوەکانمان بکەین بۆ ئەوەی نەوەیەکی تەندروست و باشمان هەبێت دەبێت خۆمان هۆشیار بکەینەوە، لەبری ئەوەی بەشێوەی سەربازی چاودێری منداڵەکانمان بکەین هەوڵ بدەین لە داواکارییەکان تێبگەین و بزانین ئامانجیان چیە.
ئاماژەی بەوەشدا: دەبێت ڕێگری لە پەخش و فلتەردانان لە زۆربەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و ئه و ماڵپەڕانە دابنرێت، کە بوونەتە هۆی بڵاوکردنەوەی حاڵەتی شەڕەنگێزی و توندوتیژی لەنێو گەنجان و چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بە دۆبلاژکردن و پیشاندانی دراما بیانییەکانی وڵاتانی تر، کە نامۆن بە کۆمەڵگای ئێمە لە هەموو ڕووییەکەوە.[1]
#17-02-2018#