بەڕێوەبەری گشتی گومرگی پارێزگای #سنە#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرای دەکات لەماوەی 10 مانگی ڕابردوودا داهاتی گومرگەکانی پارێزگاکە بەرێژەی 150% بەرزبووەتەوە، ڕاشیگەیاند لە پێناو خزمەتگەیاندنی باشتر بە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکە هەوڵی زیاتر دەدەن.
بەختیار ڕەحمانی پوور، لە دیدارێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی میهر، ئەمڕۆ شەممە 17ی شوبات ڕایگەیاند لە ماوەی 10 مانگی ڕابردوودا بەبەهای 832 ملیۆن دۆلار کاڵاوشمەک لە ڕێگەی دەروازە سنورییەکانی پارێزگاکەوە هەناردەکراوە، بەبەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردووش بەرێژەی 23% بەرزبووەتەوە.
ناوبراو ڕاشیگەیاند ڕۆژانە بەبەهای 2.5 ملیۆن دۆلار کاڵاوشمەک لە سنوورەکانی پارێزگاوە هەناردەکراوه و زۆربەی هەناردەکەش خۆراک و میوە و سەوزە و کەرەستەو پێداویستی ناوماڵ و بابەتی پلاستیکی بووە.
رونیشیکردەوە، لە ماوەی ئه و 10 مانگەدا 52 هەزار تەن بەبەهای 58 ملیۆن دۆلار لە بەرهەمی جۆراوجۆر لە مەرزی باشماخەوە هاوردەکراوە، بەبەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بەرێژەی 113% بەرزبووەتەوە.
سەبارەت بە هاتۆچۆی گەشتیارانیش لە سنوری سەیرانبەن بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە وتی ئەگەرچی مەرزی سەیرانبەن، لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە ساڵی 2012 بەفەرمی ناسێنراوە، بەڵام تائێستا دەوڵەتی عێراق ڕەزامەندیی نیشان نەداوە لەسەر بەفەرمی ناساندنی ئەو مەرزە.
ئاماژەی بەوەشکرد لە ماوەی 10 مانگی ڕابردوودا 500 هەزار گەشتیار لە دەروازەی سنوری باشماخەوە هاتوچۆیان کردوە، بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بەرێژەی 10% زیادیکردووە.[1]
#17-02-2018#