بەهۆی دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی، هاوردەکردنی کاڵا و کەلوپەل لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان زیادیکردووە، دابەزینی بەهای تمەن نرخی کاڵا ئێرانییەکانی بەڕێژەی 30% دابەزاندووە، ئەمەش وایکردووە خواستی هاونیشتمانیان لەسەر کڕینی کاڵای ئێرانییەکان زیاتر بێت.
دراوی ئیرانی ئێستا بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی هەراج بووە، مانگێک پێش ئێستا 100 دۆلاری ئەمریکی بە 420 هەزار تمەنی ئێرانی بوو، کەچی ئێستا بە 475 هەزار تمەن دەگۆڕێتەوە.
تەنیا ئێران لە دابەزینی دراوەکەی زیانی پێ نەگەیشتووە، ئەوانەشی مامەڵە بەو دراوە دەکەن گورزی کوشندەیان بەرکەوتووە. غازی سەعدی، زیاتر لە 20 ساڵە مامەڵەی ئاڵوگۆڕی دراوی ئێرانی دەکات و دەڵێت هیچ جارێک وەک ئێستا زەرەری نەکردووە.
غازی سەعدی، خاوەن نووسینگەی ئاڵوگۆری دراوی ئێرانی دەڵێ هەمووان زەرەرمەند بووین، ئەوانەی کاری ئاڵوگۆڕی تمەن دەکەن هەرکەسەک بای هەزار دۆلار تمەنی هەبێت 30 تاوەکو 40 دۆلار زەرەری کردووە، من وەک خۆم لەو ماوەیەدا نزیکەی سێ دەفتەر دۆلارم (30 هەزار دۆلار) زەرەر کردووە.
دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی دوو سەرەیە لە باشووری کوردستان: لەلایەک ئەوانەی مامەڵە بەو دراوە دەکەن زیانیان پێگەیشتووە، ئەوانەشی کە بازرگانی بە کاڵای ئێرانی دەکەن دەڵێن ئێستا هێزی کڕیار لەسەر بەرهەمی ئیرانییە، چونکە هەرزان بووە.
محەممەد خەلیل ئیبراهیم، بازرگانی کاڵای ئێرانی دەڵێ کاڵاکانمان بە بەراورد بە شتوومەکی تورکی هەرزان بووە، بۆ نموونە پێشتر هەندێک شتمان دەکڕی بە 14 یان 15 دۆلار، ئێستا بە 12 دۆلار دەیکرین، بەشێوەیەکی گشتی کەلوپەل و کاڵای ئێرانی بەڕێژەی 30% تاوەکو 40% دابەزیوە، خواستی کڕیارانیش بەڕێژەی 15% زیادیکردووە بەرەو زیاتریش دەڕوات.
لوقمان خالید، بازرگانێکی دیکەی کاڵای ئێرانییە و دەڵێ نرخی شتوومەکەکانی من کە مەوادی پلاستیکن، بەرێژەی 50% دابەزیوە بەڵام بازرگانانی ئێران بەڕێژەی 25% نرخیان بەرزکردووەتەوە، ئێمەش بەگوێرەی ئەو لەسەدا 25%ی دابەزیوە نرخمان دابەزاندووە و دەیفرۆشین.
ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەساڵی 2016 لەنێوان ئێران و باشووری کوردستان، بڕی شەش ملیار دۆلار بووە، بەڵام لە ساڵی 2017دا کەمبووتەوە بۆ نزیکەی 5 ملیار و 500 هەزار دۆلار.[1]
#18-02-2018#