بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێم ئاشکرایدەکات، بەکارهێنانی ئاو لە لایەن هاووڵاتیانی هەرێم پێچەوانەی پێوەرە جیهانییەکانە و هەر تاکێکی هەرێم ڕۆژانە 800 لیتر ئاو بەکاردەهێنێت.
مەسعود کاڕەش، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوڕۆی هەرێمی کوردستان، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند یەکێک له و کێشانەی ڕووبەڕووی ئیدارەی هەرێم بوەتەوە، ڕێژەی ئه و ئاوە پاکەیە کە لەلایەن هاووڵاتیانەوە ڕۆژانە بەفیرۆدەڕوات و هیچ سودێکی لێوەرناگیرێت بەهۆی خراپی بەکارهێنانی ئاوی پاک.
وتیشی ڕۆژانە ئاوێکی زۆر لەلایەن هاووڵاتیانەوە بەفیڕۆ دەڕوات، بەتایبەت لەشتنی ماڵ و ئۆتۆمبێل، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر تانکی ئاوی ماڵان تەوافەی نیە و به و هۆیەشەوە ئاوێکی زۆر بەفیڕۆدەڕوات.
باس لەوەشدەکات، نزیکەی 90%ی تێچونی ئاو لەئەستۆی حکومەتدایە و تەنها 10% لەهاووڵاتیان وەردەگیرێت، ئەمەش بەراورد لەگەڵ ستانداردی نێودەوڵەتی زۆر کەمە و وای لەهاووڵاتیان بەگشتی کردوە گوێ به و بابەتە نەدەن.
مەسعود کاڕەش ئاماژەی بەوەشدا، 10 ساڵ لەمەوبەر بۆ گەیشتن بەئاوی ژێر زەوی پێویستیان بەهەڵکەندنی تەنها 100 مەتر هەبوو، بەڵام ئێستا لەهەندێ شوێندا 300 مەتر هەڵدەکەنین، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی ئاستی ئاو زۆر کەمی کردوە.
دەشڵێت بەپێی ڕووپێوێک کە لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجامدراوە هەر تاکە کەسێک (رۆژانە 800 لیتر ئاو) سەرفدەکات، لەکاتێکدا لە جیهان هەر تاکێک ڕۆژانە 130 بۆ 580 لیتر ئاو سەرفدەکات.[1]
#18-02-2018#