دواڕۆژ، #عیسا عەبدولقەهار#
بەهۆی قەیرانی داراییەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان کێشە بۆ زۆربەی ئه و سندوقانە دروستدەکات کە پارەیان تیادایە، پسپۆڕێکی ئابووریش پێیوایە، بەهۆی بەکارهێنانی پارەی سندوقەکان، بارودۆخی دارایی چەند توێژێکی هەرێم سەختتر بووە.
لە هەرێمی کوردستان، بۆ چەند چین و توێژێک سندوق دانراوە کە لەلایەن خێرخوازان و وەزارەتی دارایی هەرێم مانگانە پارەی بۆ کۆدەکرێتەوە و بەپێی یاسا دەبێت سندوقەکان لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار و ڕێکخەرانی سندوقەکە بەکاربهێنرێت، بەڵام حکومەتی هەرێم لەکاتی قەیرانی دارایی بەکاری هێناوە و تائێستا هیچ وادەیەکی بۆ گەڕانەوەی پارەکان دیارینەکردووە.
سندوقی کۆمەکی تووشبووانی شێرپەنجە، بە یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2012ی پەرلەمانی کوردستان دامەزراوە و بەپێی یاساکە، دەسەڵاتی خەرجکردنی پارەکە دەبێت تەنیا بۆ بواری شێرپەنجە خەرجبکرێت، بەڵام پارەکەی بۆ بواری تر خەرجکراوە.
حکومەتی هەرێم بە بیانووی قەیرانی دارایی بڕی 72 ملیار دینار و بڕی یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار دۆلاری لە سندوقی کۆمەکی تووشبوانی شێرپەنجە بردووە و خەرجیکردووە، لەکاتێکدا ئه و پارەیە لەلایەن خێرخوازان و کۆمەکبەخشان کۆکراوەتەوە.
لەو بارەیەوە شێرکۆ حەمەئەمین، ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند حکومەت لەجێگەی هاوکاریکردنی تووشبوانی شێرپەنجە، زیانی زۆری پێگەیاندوون و سەرجەم ئه و پارەیەی بردووە کە لە سندوقی کۆمەکی شێرپەنجە دانرابوو.
وتیشی لەڕێگەی پەرلەمانی کوردستان توانیمان یاداشتێک بۆ داواکاری گشتی هەرێم بەرزبکەینەوە و لەسەر یاداشتەکە داواکاری گشتی هاتۆتە دەنگ و ڕێکاری گرتۆتەبەر بۆ گەڕانەوەی پارەکە، بەڵام تائێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان، ڕونیکردەوە بردنی ئه و پارەیە بە بیانووی قەیرانی دارایییەوە لەلایەن حکومەتی هەرێم بووە، بەڵام بەپێی بەواداچوونەکانمان دەرکەوتووە حکومەت ئامادەنییە پارەکە بۆ توشبووانی شێرپەنجە و توێژەکانی تر بگەڕێنێتەوە کە بەکاریهێناوە.
بەپێی یاسای ژمارەی 8ی ساڵی 2008ی دەستەی ژینگە باس لە سندوقی ژینگە کراوە، بەڵام دوای دەرچوونی ڕێنمایی تایبەت، سندوقەکە لە 2012 دامەزراوە، لەئێستادا سندوقەکە بڕی 200 ملیۆن دیناری تیادایە، بەڵام حکومەتی هەرێم ڕێگەنادات دەستەی ژینگە پارەکە بۆ بواری ژینگە خەرجبکاتەوە.
لەوبارەیەوە حاکم سەمەد محەمەد، بریکاری دەستەی ژینگەی هەرێم بۆ پاراستن و چاککردنی ژینگە بە دواڕۆژی وت داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە ڕێگەمان پێدات پارەی سندوقەکە بۆ بواری ژینگە خەرجبکرێتەوە، بەڵام تائێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە.
سندوقی ژینگەی هەرێم، سێ سەرچاوەی داهاتی هەیە، یەکێکیان بریتی یە له و بودجەیەی کە حکومەتی هەرێم ساڵانە بۆ خزمەتی ژینگە له و سندوقەی دادەنێت، هەروەها سەرچاوەی دووەم بریتییە لە هاوکاری ئه و کەس و ڕێکخراوە خێرخوازە ژینگەییانەی کە هاوکاری سندوقەکەیان دەکەن، سێیەم سەرچاوەی سندوقەکە ئه و سزایانە دەگرێتەوە کە لە پاڵاوگە و نەخۆشخانە و شوێنەکانی تر وەرگیراون.
هاوکات ئەندامێکی ئەنجومەنی سەندیکای پارێزەران، ئاماژە بەوەدەکات کە حکومەتی هەرێم دەستکاری سندوقی پارەی پارێزەرانی کردووە و بڕی زیاتر لە شەش ملیار دیناری بردووە.
سەرکەوت نەسرەدین، ئەندامی سەندیکای پارێزەران بە دواڕۆژی ڕاگەیاند سندوقی خانەنشینی پارەێزەران کە زیاتر لە شەش ملیار دیناری پارێزەرانی تیادابووە لەلایەن حکومەتی هەرێم بەکارهێنراوە و حکومەت ئامادەنییە بۆمان بگەڕێنێتەوە.
ئەمین ئیسماعیل، پسپۆڕی ئابووری، پێیوایە بەکارهێنانی پارەی سندوقەکان کێشەی زۆر بۆ چین و توێژەکان دروستدەکات، لەوبارەیەوە بە دواڕۆژی وت بەکارهێنانی پارەی سندوقەکان لەلایەن حکومەتەوە، بێ متمانەیی دروستکردووە و وایکردووە خێرخوازان هاوکاری ئه و توێژانە نەکەن کە پێویستییان بە هاوکارییە، لەلایەکی تریشەوە باری گوزەرانیانی سەختتر کردووە، چونکە لەکاتی پێویستدا ناتوانرێت هاوکاری ئه و توێژانە بکرێت.
لەبارەی بەکارهێنانی پارەی سندوقەکان، دواڕۆژ پەیوەندی بە چەند بەرپرسێکی حکومەت و هەرێم و بەرپرسانی وەزارەتی داراییەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوون لێدوان بدەن.[1]
#21-02-2018#