رێژەی تەڵاق لە هەرێمی کوردستان کەمیکردووە، هاوسەرگیریش بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو 20% کەمترە.
بەپێی ئاماری دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر لە 2017دا 11هەزار و 369 خێزان پێکهێنراون، دوو هەزار و 226 خێزانیش لێک هەڵوەشاون.
رێکخراوی لیدیا دوای ئەنجامی چەن توێژینەوەیەک لە هۆکارەکانی تەڵاق، باس لە سەرەکیترین هۆکارەکان دەکات، لەم سمینارەدا دەیانەوێت ڕێگایەک بۆ کەمبوونەوە و نەهێشتنی لێکترازانی خێزان بدۆزنەوە.
چیمەن فەیزوڵڵاخەیاتی، کۆمەڵناس دەڵێت یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی تەڵاق لە باشووری کوردستان لایەنی ئابووری خێزانەکانە، بابەتێکی دیکە کە زۆر گرنگە، بەهۆی سۆشیال میدیایەوە پەیوەندی نێوان تاک زۆر نزیک بووەتەوە، ئەگەر جاران تاک بیتوانیایە مانگی جارێک پەیوەندی بکات، ئێستا لە یەک کاتدا لەگەڵ سەتان کەس پەیوەندی دەکات.
لە سێ ساڵی ڕابردوودا 30%ی حاڵەتەکانی هاوسەرگیری لە نێوان تەمەنی 15 بۆ 20 ساڵیدا بووە، لە بەرامبەردا 25% حاڵەتەکانی تەڵاق لە نێوان تەمەنی 20 بۆ 25 ساڵیدا بووە.
نەگونجان لەگەڵ یەکدی، ناپاکی هاوسەری، نەبوونی ماڵی جیا، تۆڕە کۆمەڵایتیەکان، هۆکاری ئابووری، پێنج لە سەرەکیترین هۆکارەکانی لێکترازانی خێزانە لە هەرێمی کوردستان.
بەپێی ئامارەکانی دادگای تیهەڵچوونەوەی هەولێر لە ساڵی 2016دا، 15 هەزار و 940 گرێبەستی هاوسەرگیری تۆمارکراون و دوو هەزار و 665 حاڵەتی تەڵاقیش ڕوویانداوە.
لە 9 مانگی ساڵی 2017دا، 11 هەزار و 369 کەس ژیانی هاوبەشیان پێکهێنراوە و دوو هەزار و 226 حاڵەتی لێکجیابوونەوە تۆمارکراون، لە شەش ساڵی ڕابردوودا زۆرترین حاڵەتی جیابوونەوە لە 2013 بووە کە شەش هەزار و 417 حاڵەت ڕوویانداوە.[1]
#23-02-2018#