پڕۆفیسۆرێکی #زانکۆی سلێمانی# دەڵێت ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی چیای زاگرۆس زێدی ڕەسەنی زیاتر لە 3000 ڕووەک و گیای سروشتی پزیشکییە، ئەگەر وەبەرهێنانی تێدا بکرێ، دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات.
بەپێی لێکۆڵینەوە زانستییەکان، چیای زاگرۆس کە بەشێکی دەکەوێتە باشووری کوردستان، ناوچەیەکی زۆر دەوڵەمەندە بە ڕووەک و گیا سروشتییە پزیشکییەکان. تەنانەت لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە هەندێ ڕووەکی دەگمەن کە لە جیهاندا بۆ چارەسەری هەندێ نەخۆشی بەکاردێن، لەوێ هەن.
د.سامان عەبدولڕەحمان، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانی و پسپۆڕ لە پۆلێنکردنی ڕووەکی سروشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە (رووداو)ی گوت: ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و چیای زاگرۆس بەتایبەتی زێدی ڕەسەنی زیاتر لە 3000 ڕووەک و گیای سروشتیی پزیشکییە، هەندێ لەو ڕووەکانە تەنیا لە کوردستان هەن، بۆیە لە سەرچاوە زانستییەکاندا بە ڕووەکە کوردستانییەکان ناودەبرێن.
ساڵانە بڕێکی زۆر ڕووەک و گیای پزیشکی هاوردەی کورستان دەکرێ، بەڵام د.سامان دەڵێت ناوچە کوێستانییەکانی کوردستان ئەوەندە ڕووەک و گژوگیای پزیشکی تێدایە، نەک هەر هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵکو دەتوانێ پێویستی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش پڕبکاتەوە و ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلار داهاتیش بۆ کوردستان دەستەبەربکات، بە مەرجێک وەبەرهێنانی تێدابکرێ.
تێزی دکتۆراکەی د.سامان تایبەتە بە پۆلێنکردنی ڕووەکی سروشتی لەعێراق و هەرێمی کوردستان کە لە بەریتانیا بەدەستیهێناوە، ماوەیەکیش لە سەنتەری مەلەکی بەریتانی کاریکردووە. ئەو دەڵێت =KTML_Mark_Begin=❞بەریتانییەکان لە ساڵی 1753وە کار لەسەر ڕووەکی سروشتی چیای زاگرۆس دەکەن❝=KTML_Mark_End=، بۆیە تەنیا لە سەنتەری مەلەکی بەریتانی زیاتر لە 60 هەزار سامپلی ڕووەکی سروشتیی هەرێمی کوردستان هەن.
بەگوتەی ئەو پڕۆفیسۆرە، هەندێک ڕووەک و گیای پزیشکیی دەگمەنن و تەنیا لە کوردستان هەن. لەوانە ڕووەکی کۆزینیائەزمەرێنتس کە تەنیا لە چیای ئەزمەر هەیە. ڕووەکی ئەستەرەگالس هەڵگوردینێنسس کە تەنیا لە چیاکانی هەڵگورد و سەکران و قەندیل هەیە. ڕووەکی ئیستیدرا کە بۆ چارەسەری پرۆستات بەکاردێ تەنیا لە کوردستان هەیە.
د.سامان عەبدولڕەحمان، بەرپرسی پرۆژەکانی دامەزراوەی ڕووەکی کوردستانیشە کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و پۆلێنکردنی ڕووەک و گژوگیا سروشتییەکانی کوردستان، د.سامان دەڵێت لەرێگەی توێژینەوە لە گژوگیاکانی کوردستان. 10 جۆر گژوگیام دۆزیوەتەوە کە تازەن لە جیهاندا، هەروەها 26 جۆری دیکەم دۆزیوەتەوە کە تازەن لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستا. هەر لە توێژینەوەکانم بۆم دەرکەوتووە جگە لەو ڕووەکە پزیشکیانەی بە سرووشتی دەڕوێن، دەکرێت زۆربەی ئەو ڕووەک و گژوگیا دەرمانیانەی کە دەگمەنن لەجیهاندا لێرە بڕوێندرێن.
بەپێی ئاماری کۆمەڵەی ڕووەکناسانی کوردستان زیاتر لە 300 پێشەنگا و سەنتەری ڕووەکی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان هەن، فرۆشی ڕۆژانەیان دەگاتە زیاتر لە 500 کیلۆ دەرمانی ڕووەکی و گژوگیایی.
ئیسماعیل موشیر، سەرۆکی کۆمەڵەی ڕووەکناسانی کوردستان بە (رووداو)ی گوت لە هەرێمی کوردستان خواستێکی زۆر لەسەر کارهێنانی ڕووەکە پزیشکییەکان هەیە، =KTML_Red=رۆژانە 500 کیلۆ دەرمان و ماددەی خاو دەفرۆشرێ=KTML_End=، لەم ژمارەیەش نزیکەی 300 کیلۆیان هاوردەیە، ئەگەر بەتێکرا بۆ هەر کیلۆیەک 10 دۆلار دابنێین دەتوانین بڵێین ساڵانە بەبەهای زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار ڕووەک و گیای پزیشکی هاوردە دەکرێ.
بەپێی توێژینەوەکان دەرکەوتووە خاک و هەوای کوردستان گونجاوە بۆ زۆربەی ڕووەکە پزیشکییەکان، ئێستا کۆمەڵەی ڕووەکناسانی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی توێژنەوەی کشتوکاڵی هەولێر، بەنیازی پرۆژەکین بۆ چاندنی ڕووەکی پزیشکی.
ئیسماعیل موشیر، دەڵێتتۆوی ڕووەکی جیسینگ، جینکۆ و ستیڤیامان هێناوە، ئەگەر لەچاندنیان سەرکەوتووبووین و بەرهەمەکەی ئابووری بوو هەوڵێدەدەین تۆوی چەند جۆرێکی دیکەی ڕووەک بێنین بەتایبەت ئەو ڕووەکانەی کە بەرهەمەکانیان لەهەرێمی کوردستان خواستی زۆری لەسەرە و نرخەکانیشیان گرانە.
بەهۆی زۆربوونی سەنتەرەکانی تایبەت بە فرۆشتنی ڕووەک و گیا پزیشکییەکان، کۆکردنەوەی گژوگیا و ڕووەکە پزیشکییەکان، بووەتە پیشەی بەشێک لە هاووڵاتیان بە تایبەتی لە وەزری بەهاردا.
ئیسماعیل موشیر دەڵێت لە کوردستان خەڵک زیاتر گیای گەزگەز کۆدەکاتەوە کە تورکیا کیلۆی بە 50 دۆلارە و لێرە بە 12 هەزار دینارە، گوڵەحاجیلە و شارتەرە کیلۆی بە 10 هەزار دینارە، جاترە و گەڵای گێوژ کلیۆی بە هەشت هەزار دینارە، چەقچەقا و تالیشکە کیلۆی بە 15 هەزار دینارە، گوڵە وەنەوشە کیلۆی بە 50 هەزار دینارە، گیا سالمە کیلۆی بە 100 هەزار دینارە.
بە گوتەی ئیسماعیل مشیر و ئەو گژوگیا و ڕووەکە پزیشکیانەی لێرە هەن، لە جۆری زۆرباشن، ئەگەر کارگە هەبێت دەستەبەندیان بکات، لەدەرەوە خواستیان لەسەرە بۆ نموونە من 17 جۆر چام هەیە لە کارگەکانی ئێران و چین ئامادەیان دەکەم، لەو چایانە شاریحانە و گوڵە عاجیلە کە بەرهەمی خۆمانە، هەناردەی مەغریب و ئوردنم کردووە.
لەکۆی ئەو 300 پێشەنگا و سەنتەرانەی لەهەرێمی کوردستان هەن، نیوەیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجەدان، زۆرترین خواستیش لەسەر ڕووەکە پزیشکییەکان لەوێیە.
جەلال کەریم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی ڕووەکناسانی کوردستان کە خاوەنی پێشەنگایەکی ڕووەکی پزیشکییە لە سلێمانی دەڵێ زیاتر خواست لەسەر ئەو ڕووەک پزیشکیانەیە کە هۆکارن بۆ دابەزاندنی کێش و چارەسەری قۆلۆن. گوتیشی 75%ی بەرهەکانمان هاوردەن.
وەزارەتی تەندروستی دێتە دەنگ
دکتۆر ئارام ڕۆستەم، ڕاوێژکاری وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە (رووداو) ڕاگەیاند ناڕێکییەکی زۆر لە کاری پێشەنگاکانی گیادەرمانی هەیە، بۆیە پرۆژە یاسایەکیان بۆ ڕێکخستنی فرۆشتنی دەرمانی گیایی ئامادەکردووە و شەش مانگە نێردراوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کرد. بەپێی پڕۆژە یاساکە تەنیا ڕێگە بە دەرچووانی کۆلێژی دەرمانسازی زانست (بایۆلۆژی و کیمیا) کشتوکاڵ (بەسی ڕووەکناسی) دەدرێ پێشەنگای دەرمانی گیایی بکەنەوە.
دکتۆر ئارام گوتی تا ئێستا چەندین پێشەنگامان داخستووە، چونکە هەندێکیان گژوگیا و دەرمانی نەشیاویان بە قاچاخ هاوردەکردووە. لە کەناڵەکانیش ڕێکلامی وایان بۆ کردووە وەک ئەوەی مردوو، زیندوو بکاتەوە، بۆیە سکاڵامان لەسەر هەندێ کەناڵیش تۆمارکردووە.[1]
#23-02-2018#