دواڕۆژ، #سامان قوبادی#
لە مانگی ڕابردوودا و بەهۆی دیارنەمانی نزیکەی 3 ملیار دینارەوە، بەڕێوەبەری فەرمانگەی جێبەجێکردن و چەند فەرمانبەرێک دەستگیردەکرێ. سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت دۆسیەکە لە دەستەی دەستپاکییە و لەژێر لێکۆڵینەوەدایە. بەپێی وتەی پارێزەرێک ئەگەر پارەکەیان بۆ خۆیان هەڵگرتبێت دەچێتە چوارچێوەی (ئیختیلاس) و سزاکەیشی بەندکردنی کاتییە لە 5 تا 15 ساڵ.
سۆران عومەر سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند لە فەرمانگەی جێبەجێکردن لە شاری #سلێمانی#، کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی فەرمانگەکانی داد-ە لە #وەزارەتی داد#، لەسەر دیارنەمانی نزیکەی 3 ملیار دینار بەرپرسی فەرمانگەکە و چەند کەسێک دەستگیرکراون. دۆسیەکەیش ئێستا لە دەستەی نەزاهەیە و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.
دوای ماوەیەکی زۆر لە دیارنەمانی پارەکە و دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە هەوڵدایە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی تایبەت بەو پرسە.
لەمبارەیەوە محەمەد ڕەسوڵ موراد، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ دواڕۆژی ڕاگەیاند ماوەیەکی کەمە ئەم بابەتەمان بیستووە، لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەندا باسی دەکەین، دواتر پێویستە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا لیژنە پێکبهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، هەروەها لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.
بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد ئەگەری زۆرە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا گفتوگۆ و بڕیاری لەسەر بدرێت.
لەئێستادا تۆمەتبارەکان لەبەشی گرتن و گواستنەوەی سلێمانین، هەرچەندە تائێستا ڕوون نییە ئایا پارەکە دیار نەماوە یان لەلایەن تۆمەتبارەکانەوە براوە، بۆیە لە ڕووی یاساییەوە ناتوانرێت بڕیاری لەسەر بدرێت.
سەبارەت بە سزای تاوانەکە، بەرهەم ڕەوف پارێزەری ڕاوێژکار بۆ دواڕۆژ وتی بەگوێرەی یاسا ئەگەر فەرمانبەرەکان پارەکەیان بۆ خۆیان بردبێت، ئەوا بەپێی مادەی 315 دەچێتە چوارچێوەی تاوانی ئیختیلاسەوە، بەڵام تۆمەتبار بێتاوانە تا ئەوکاتەی تۆمەتەکەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە.
ناوبراو ئەوەیشی خستەڕوو =KTML_Red=سزای ئەم جۆرە تاوانانە بەندکردنی کاتییە، لە 5 ساڵەوە دەست پێدەکات بۆ 15 ساڵ=KTML_End=، بەڵام شتێک هەیە پێی دەوترێت گونجاندنی یاسایی، دەبێت مادەیەکی یاسایی دابنرێت بۆ ئەو واقیعەی ڕوویداوە، بەڵام ئەگەر پارەکە بە هۆی ئیهمالیی فەرمانبەرەکانەوە دیارنەمابێت، ئەوکات مادەیەکی تری بۆ دەبێت.[1]
#26-02-2018#