ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: #شاسوار کەمال مەحمود#
لەبڵاوکراوەکانی: #دەزگای ئایدیا بۆ فکر و لێکۆڵینەوە#
بابە ت: فکری
چاپ: چاپخانەی حەمدی
ساڵی چاپ: 2016
لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانە گشتییەکان ژمارەی سپاردن (1399) ی ساڵی 2016 ی پێدراوە
لە کتێبەکەدا وەرگێڕ نووسیویەتی لەوەتەی مرۆڤ هەیە فەلسەفە و فەیلەسوفەکان هەن و لەهەوڵی ئەوەدان ژیان بەو شێوە جوان و باش بکەن کە تیایدا مرۆڤ بتوانێت مرۆڤانە بژیت و دوور بێت لە بێزاری و نائومێدی و ناڕەحەتی. ئەم کاروانە درێژەی فەلسەفە، لە یۆنانی کۆنەوە هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان، ئەوەندە دەوڵەمەندە بەڕادەیەک چەندان قوتابخانە و ڕێبازی فەلسەفی جیاواز دروست بوون بەمەبەستی تێگەیشتن لە دنیا و مرۆڤ و ژیان. خوێنەرانی کوردیش لە ڕێگای ڕۆشنبیران و وەرگێڕەکانەوە ئاشنایەتییان لەگەڵ زۆربەی قوتابخانە و ڕێبازە فەلسەفییە جیاوازەکانی جیهان پەیدا کردووە و لەهەوڵی ئەوەدان ئاستی کۆمەڵگا بەرەوپێش بەرن تا ژیانێکی ئازادانە و دیموکراتیانەی کراوە بژیت و کۆمەڵگای کوردی ببێتە کۆمەڵگایەکی دیار لەناو شارستانیەتی ئەمڕۆی مرۆڤایەتیدا.
بەڵام بەداخەوە ئەوەی تائێستا من تێبینیم کردوە، نوخبەی ڕۆشنبیرانی کورد بەشێوەیەکی گشتی مامەڵە لەگەڵ بواری تیۆری فەلسەفە دەکەن و زۆرتر بابەتە تیۆرییەکان وەردەگێڕن کە ئەمە کارێکی زۆرباش و پێویستە بەڵام لایەنی عەمەلی فەلەسەفە جیاوازەکان فەرامۆش کراوە، ئەمەش وایکردووە فەلسەفە، سەرەڕای ئەو گرنگییەی کە هەیەتی، نەبێتە بەشێک لە ژیانی کۆمەڵگای ئێمە، هەربۆیە هەست بە لێکدووری فەلسەفە و کۆمەڵگای کوردی دەکرێت و مرۆڤی کورد پێی وایە فەلەسەفە پێویست نیە و کاریگەری نیە بۆ باشترکردنی ژیانی.
لەسۆنگەی ئەو ڕاستییەی سەرەوە من وەکو وەرگێڕێک هەوڵمداوە زۆربەی ئەوبابەتانە وەربگێڕم کە پەیوەندی ڕاستەقینەیان بە تێگەیشتن و ژیانی ڕۆژانەی ئینسانەوە هەیە، بۆئەوەی مرۆڤی کورد بتوانێت مومارەسەی ئەو بیرۆکانە بکات و بتوانێت فەلسەفە و هۆشیاری بکاتە نەریتی ڕۆژانەی خۆی و هاوکات وەک تاکێک بەشداربێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی کۆمەڵگای کوردی بۆئاستێکی بەرزتر و شەرەفمەندانەتر.[1]