لە ڕێکەوتی 2018/1/3، حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشینی و موچه و دەرماڵه و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکەی، ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کردو دوای ئەوەی لەلایەن پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا ئاراستەی شەش لیژنەی پەرلەمانی پەیوەندیدار کراو لە ماوەی کارکردنی نزیکەی دوو مانگی لیژنەکان ڕاپۆرتی هاوبەش ئامادەکراو خرایە بەردەم پەرلەمان بۆ گفتو گۆ کردن و پەسەند کردن. لە ماوەی سێ ڕۆژی دانیشتنەکانی پەرلەمان و دوای گفتوگۆی چڕوپڕ لە ڕێکەوتی 2018/2/28، کۆی یاساکە پەسەند کرا. ئێمە پێمان وایە پەسەندکردنی ئەم یاسایە دەسکەوتێکی گەورەی گەلەکەمانە لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی و جێگای خۆیەتی دەستخۆشی لە ئەندامانی پەرلەمان لە سەرجەم فراکسیۆنە جیاوازەکان و حکومەتی هەرێم و دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاکی و هەموو لایەک بکەین کە بەشدارو پاڵپشت بوون بۆ پەسەندکردن و دەرچوونی ئەم یاسایە. لە ڕوانگەی پەرۆشیشمان بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان و دەسکەوتەکانی ئەم یاسایه و چەواشەنەکردنی ڕای گشتیی کوردستان لەلایەن هیچ کەس و لایەنێک ئەم خاڵانەی خوارەوە دەخەینەڕوو:
یەکەم: یاسای چاکسازی لە خانەنشینی و موچه و دەرماڵه و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشکراوه و پرۆژەی هیچ فراکسیۆنێکی پەرلەمان نەبووە، بەڵام دوای ئەوەی هاتۆتە پەرلەمان سەرجەم فراکسیۆنەکان و لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمان بەیەکەوە هەوڵی پەسەندکردنی ئەم یاسایەیان داوه و لە کاتێکیشدا کە کۆی یاساکە خرایە دەنگدان هیچ ئەندامێکی پەرلەمان و هیچ فراکسیۆنێکی پەرلەمانیش دژی پەسەندکردنی یاساکە دەنگی نەداوه و سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لەگەڵ یاساکە بوون. دووەم: ناوەڕۆکی یاساکە کۆمەڵێک دەسکەوت و خاڵی ئێجگار گرنگی تێدایە کە ساڵانیکە گەلی کوردستان چاوەڕوانی دەکات بۆ چاکسازی لە کەرتی وەزیفەی گشتی و خانەنشینی، لە خوارەوە وەک نموونە دەستبژێرێک لەم دەسکەوتانە دەخەینەڕوو:
1-زامنکردنی مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان له و مووچەیەی لە ماوەی ڕابردوو بە ناوی پاشەکەوت لێیان بڕدراوە، بەشێوەیەک بخرێتە سەر حیسابی بانکیی فەرمانبەران و لە داهاتووش بە پەیڕەوێکی تایبەت شێوازی مامەڵەپێکردنی ڕێکبخرێت و فەرمانبەران بتوانن بەکاری بهێنن.
2 - ئەوە جێگیرکراوە کە هیچ خانەنشینێک نابێت لە سێ سەد هەزار دینار کەمتر مووچەی خانەنشینی وەربگریت و له و داهاتانەش کە لە ئەنجامی جێبەجێکردنی یاساکە دەگەڕێنەوە، تەرخان دەکرێت بۆ مووچەخۆرانی هەرێم و باشکردنی دۆخی ژیانی خانەنشینانی کوردستان.
3 - هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینیی پلەباڵاو پلەتایبەتەکان کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەم پۆستانەیان نەبینیوه و دەستەبەرکردنی مافی ئه و تێکۆشەرانەی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخواری کوردستان بەشداربوونە لە چوارچێوەی یاسای ڕێزلێنانی پێشمەرگە و خانەنشینیی پێشمەرگە.
4 - ڕاستکردنەوەی مووچەی خانەنشینی یان هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینیی سەرجەم ئه و کەسانەی کە بەدەر لە یاسا یان بە پلەی بەرزتر لە پلەی شایستەی خۆیان خانەنشینکراون.
5 - یەکخستنەوەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگه و یەکە کارگێڕییەکان کە مووچەی خانەنشینییان لێ خەرج دەکرێت بە سەربازی و مەدەنی لەناو بەڕیوەبەرایەتیی خانەنشینیی سەر بەوەزارەتی دارایی.
6 - یەکخستنەوەی یەکەکانی ژمێریاریی سەربەیەکەی حەفتاو هەشتا لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، کەئەمە هەنگاوێکی گرنگ و پیرۆزە بەره و یەکخستنی تەواوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
7 - دانانی میکانیزم و کاتی دیاریکراو بۆ پاککردنەوەی لیستی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر، لە ڕێگای پێکهێنانی لیژنەی تایبەتمەند کە ئەمە خواستی خەڵکی کوردستانە.
8 - دەستنیشانکردنی ژمارەی پاسەوانی بارەگاو دامەزراوه و پلەباڵاکانی هەرێم لە چوارچێوەی پەیڕەوێک کە حکومەت و پەرلەمان لە ماوەی شەست ڕۆژ پەسەندی دەکەن، بەمەش هەموو ئه و نادادی و بندیوارو بەهەدەردانەی لەم بوارە دەکرێت لادەبرێت و هەموو یەکەکانی پاسەوانی یەکدەخرینەوە لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆ.
9 - ڕێکخستنەوەی دەرماڵەکان و زیاتر لە یەکجار سوودمەندبوون لە بودجەی گشتی بە ئیستسناکردنی کەسوکاری شەهیدان و خاوەن پێداویستیی تایبەت.
10 - دانانی مەرج و ڕێسای یاسایی گونجاو بۆ دامەزراندنی بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژکارو پلەباڵاکان کە دەستەبەری پسپۆڕی و دادپەروەری بکات.
11 - ڕاگرتنی درێژکردنەوەی ماوەی خزمەتی وەزیفی بۆ فەرمانبەران و کارمەندانی هەرێمی کوردستان لە هەرسێ دەسەڵات و لە هەموو ئاستەکان.
12 - پابەندکردنی هەریەک لە دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی نەزاهه و داواکاری گشتی لە جێبەجێکردنی حوکمەکانی یاساکە.
13 - دروستکردنی ێندوقی خانەنشینی و قەدەغەکردنی خەرجکردنی هەر بڕە پارەیەک لەم ێندوقە.
سێیەم: سەبارەت بە خانەنشینیی پلەباڵاکان لە سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەت و پەرلەمان و وەزیرو پەرلەمانتارو وەکیل وەزیرو ڕاوێژکارو بەڕیوەبەری گشتی و سەرجەم پلەتایبەتیەکان، میکانزمێک پەسەندکراوە بە بەراورد بە یاسا بەرکارەکانی پێشوو کە هەبوون بۆ خانەنشینکردنی ئەمانە ڕێژەیەکی زۆری خانەنشینییان کەمکراوەتەوه و هەوڵدراوە ساڵانی خزمەت و بڕوانامه و تەمەن لە بەرچاو بگیرێت و لە ڕێژەی بیست و پێنج لە سەد لە مووچەکەیان دەستپێدەکات بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە خوار پەنجا ساڵە نابێت لە شەست لەسەدی مووچەکەیان زیاتر بێت و ئەوانەشی لە پەنجا سال زیاترن نابێت لە حەفتا لە سەدی مووچەکەیان زیاتر بێت، لە کاتێکدا پێشتر هەموویان بە هەشتا لە سەد خانەنشین دەکران، هەروەها خانەنشین بوون ئارەزوومەندانەیه و هەریەک لەم پلەتایبەتانە دەتوانن بگەڕێنەوە سەر وەزیفەی پێشووی خۆیان. ئەمەش جۆرێکە لە دەستەبەرکردنی دادپەروەری، بۆیە باسکردنی هەرشتێکی دی بەدەر لەمە بۆ موزایەدەی سیاسیه و مەبەست تیایدا شێواندنی ڕاستییەکانە.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان
#28-02-2018#