ڕۆژنیوز سەمیرا شەهابی
لە شاری #سلێمانی# جەژنی ژنانی #زەردەشت#ی ناسراو بە جەژنی #سپەندار مەزد# بە ئاهەنگ و مۆسیقا پیرۆز کرا.
ئەمڕۆ لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی، جەژنی سپەندار مەزد، کە جەژنی ژنانی زەردەشتییە بەڕێوەچوو، هەروەها خەڵات بە ئاژانسی ڕۆژنیوز-یش بەخشرا، بەهۆی ڕووماڵکردنی چالاکییەکانی ئایینە جیاوازەکان.
جەژنەکە یاخود ئاهەنگەکە، لە لایەن ڕێکخراوی #یەسنا# بۆ گەشەپێدانی فەلسەفەی زەردەشتی ڕێکخرابوو، کە مەبەست لێی گرنگیدان بوو بە کچان و ژنانی زەردەشتی، کە وەک نەریتێکی کۆن و هەمیشەییان جەژنی سپەندار مەزدیان پیرۆز کرد.
جەژنی سپەندار مەزد، مێژوویەکی کۆنی هەیە و یەکێک لە جەژنەکانی ناو ئایینی زەردەشتی، بایەخ بە ژنان و کچانی زەردەشتی دەدات و هەروەها باس لە عەشق و خۆشەویستی پاکی نێوان هەردوو ڕەگەز دەکات.
سەرەتای مەراسیمەکە بە سرودی تایبەتی زەدەشتییەکان دەستیپێکرد و پاشان پەیامی ڕێکخراوی یەسنا لە لایەن ئاوات حیسامەدین، ئەندامی ڕێکخراوەکە خوێندرایەوە.
ئاوات حیسامەدین لە لێدوانەکەدا ڕایگەیاند: ئەم یادە لە دێر زمانەوە لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا پیادە کراوە و بۆ ڕێزگرتنە لە ژنان و کچانی زەردەشتی، ئاینەکەش بە گرنگییەوە ئاماژەی بە ژنان و پیاوان کردووە و ئەمەش وایکردووە ژنان ببنە سەردار و پاشا و جەنگاوەر.
ئەوەش هاتبوو: ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی خۆشەویستییە بۆ ژنان و لەم ڕۆژەدا پێداگری دەکەین لەسەر مافی ژنان و دەبێت هەموو مافەکانی ژنان پارێزراو بێت، ئێمەش خۆمان بە بەشێک لە زەردەشتییەکانی جیهان دەزانین و پێداگری دەکەین لەسەر مافەکانی ژنان لە ناو کوردستان، پڕۆژەی مرۆڤبوون پیادە دەکەین لە جیاتی نێر و مێ و ڕەگەزگەرایی.
هەر لە مەراسیمەکەدا خەڵاتی ڕێزلێنان لە لایەن ژنانی زەردەشتییەوە بەخشرایە شەهید ئاڤێستا خابوور و پێشکەش بە نوێنەرایەتی ژنانی ڕۆژئاوا کرا، هاوکات خەڵاتی ڕێزلێنانیش بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز بەخشرا.
هەر لە ئاهەنگەکەدا بەرخۆدانی ژنانی عەفرین بەرز نرخێندرا، کە بە شێوەیەکی قارەمانانە بەرگری لە گەلی کورد دەکەن، هەروەها چەندین پارچە میوزیک و هەڵپەڕکێی کوردەواریی پێشکەش کران.
ئایینی زەردەشتی ئاینێکە لەسەر بنەمای بیروبۆچوونەکان و بڕواکانی زەردەشت پێکهاتووە، کە پەیامبەرێکی کورد بووە، ئەم ئایینە جیهان وەکو دووبەرەکییەکی بەردەوام دەبینێت لەنێوان هێزی چاکە و هێزی خراپەدا.
خوداوەندی ئاهورامەزدا لە ئاینی زەدەشتدا خودای چاکە و حیکمەتە، دانەر و پێکهێنەری ئەم جیهانەیە، ئەهریمەن-یش خودای شەڕ و خراپەکارییە، مرۆڤیش بوونەوەرێکی ئازادە، هەروەها بنەما سەرەکییەکانی ئاینی زەردەشت بریتین لە بیری چاک، وتەی چاک، کرداری چاک.
ئایینی زەردەشت بە شێوەیەکی گشتی لەناو کوردەکان و پاشان فارسەکان بڵاوبووەوە و لە سەدەی شەشەمی پێش زایین بوو بە ئایینێکی سەرەکی لە ناوچەکەدا و ئایینێکی گرنگ بوو و بڕواداری زۆری بوو.
ڕۆژنیوز: 21-02-2018