پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە #04-03-2017# بە سەرۆکایەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
ئەنجومەنی وەزیران پرسی تێپەڕاندنی یاسای بودجەی ساڵی 2018ی عێراقی تاوتوێ کرد کە وێڕای هەموو تێبینییەکان، بە بێ بەشداریی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق، تێپەڕێنرا و پەسەندکرا. ئەنجومەنی وەزیران نێگەرانیی خۆی و خەڵکی هەرێمی کوردستانی لە تێپەڕاندن و پەسەندکردنی یاساکەی به و شێوەیە دەربڕی و دووپاتی کردەوە کە تێپەڕاندنی یاساکە به و شێوەیە پێشێلکردنێکی ئاشکرای بنەمای هاوبەشی و تەوافقە کە عێراقی تازەی لەسەر دامەزراوە.
ئەنجومەنی وەزیران سوپاس و پێزانین و دەستخۆشی لە هەموو فراکسیۆنەکانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق کرد کە لە پرسی یاسای بودجەی عێراقدا یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بوون و پشتگیرییان لەو یەکێتی و یەکڕیزییه کرد، هەروەها بڕیاری دا ڕۆژانی داهاتوو بە هاوبەشی لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکرنی ئه و پرسە کۆببنەوە.
ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە وێڕای هەموو کێشە و ناکۆکییەکانیش، هەرێمی کوردستان پابەندە بە چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور و هیوای خواست ئه و گفتوگۆیەی لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراقدا هەیە بگاتە ئەنجام و لە بەرژوەندیی هەموواندا کێشەکان چارەسەر بکات.
#04-03-2018#