هەفتەی ڕابردوو ناوچەیەکی گرنگی شوێنەواری لە #دهۆک# کەوتە بەر پەلاماری قاچاخچیانی شوێنەوار و چەند پارچەیەکی شوێنەواری لەو شوێنە دزران، بەرپرسێکی شوێنەواری دهۆکیش دەڵێت لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵی دزینی شوێنەواری 212 ناوچەی شوێنەواری لە پارێزگای دهۆک دراوە.
هەوڵەکانی دزینی شوێنەوار لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر شاری مووسڵ زیادیان کردووە و چەندین باندی قاچاخچێتیش درووستبوون کە بازرگانی بە شوێنەوارەکانی کوردستان و ئێراقەوە دەکەن.
ئەشکەوتی هەڵامەت کە دەکەوێتە ناوەڕاستی چیای زاوا لە باشووری سەنتەری شاری دهۆک، ئۆتۆمبێلی ئاسایی نایگاتێ، بەڵام هەفتەی ڕابردوو چەند دز و قاچاخچییەکی شوێنەوار توانییان بە ئۆتۆمبێلێکی هەمەر خۆیان بگەیەننە ئەشکەوتەکە و چەند پارچەیەکی شوێنەواری ئەشکەوتەکە بدزن. ڕۆژی 29/2/2018 دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوە لە دادگای دهۆک بۆ ئەم مەبەستە کرایەوە، بەڵام هێشتا کەس دەستگیر نەکراوە.
نڤین محەمەد، بەرپرسی بەشی یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری دهۆک بە (ڕووداو) ڕاگەیاند: ڕۆژی 25ی مانگ پاسەوانێکی ئێمە ئاگاداری کردینەوە کە چەند کەسێک شوێنەواری ئەشکەوتی هەڵامەتیان تێکداوە، دواتر لێژنەیەک سەردانی شوێنەکەی کرد و ڕاپۆرتێکی لەو بارەیەوە ئامادە کرد، دەرکەوت چەند کەسێک بەشدارییان لە دزینی شوێنەواری ئەشکەوتەکە کردووە، ئەو پارچە شوێنەوارەشی دزراوە پێیدەگوترێ شوێنەواری سەنحاریب.=KTML_Quote_Begin==KTML_Style=width:40%;float:right;=KTML_Quote_Icon=✂ =KTML_Quote_Content==KTML_Red=لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو دەکات و دەڵێت: لە ساڵی 2014ەوە تاوەکوو ئێستا هەوڵی دزین و تێکدانی 212 ناوچەی شوێنەواری لە پارێزگای دهۆک دراوە کە دوایینیان شوێنەوارەکەی چیای زاوا بووە=KTML_End==KTML_Quote_End=
زۆربەی دۆسییەکانی دزینی شوێنەوار دەچنە بەردەستی نڤین، ئەو دەڵێت کەس لەسەر دزییەکەی ئەشکەوتی هەڵامەت دەستگیر نەکراوە، بەڵام ساڵی ڕابردوو 10 کەس لەسەر دزینی شوێنەوار دەستگیرکراون.
بەپێی سەرچاوەکان، مێژووی درووستبوونی ئەشکەوتی هەڵامەت بۆ 2700 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. لە ساڵی 1935ەوە لەلایەن یونسکۆوە وەکوو ناوچەیەکی شوێنەواری ناسێنراوە. ئەشکەوتەکە چوار تابلۆی ئاشوورییەکانی تێدا درووستکراوە.
نڤین محەمەد ئاماژەی بەوەدا کە لە دوای سەرهەڵدانی داعش و پەلاماردانی مووسڵ لەلایەن ئەو ڕێکخراوەوە، بازرگانیکردن بە شوێنەوار پەرەی سەندووە. نڤین دەڵێت بەردەوام هەوڵ هەیە بۆ بردنی شوێنەوارەکانی مووسڵ بۆ دەرەوە لە ڕێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، ئەمەش ڕێگەخۆشکەر بووە بۆ ئەوەی خەڵکی دهۆک و بەشێک لە ئاوارەکانیش هەوڵی دزینی شوێنەوار بدەن.
کۆڤان ئیحسان لێکۆڵەر و شوێنەوارناس لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری دهۆک، ئاماژە بۆ هەوڵەکانی دزینی شوێنەوار لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو دەکات و دەڵێت: لە ساڵی 2014ەوە تاوەکوو ئێستا هەوڵی دزین و تێکدانی 212 ناوچەی شوێنەواری لە پارێزگای دهۆک دراوە کە دوایینیان شوێنەوارەکەی چیای زاوا بووە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆک، 456 ناوچەی شوێنەواری لە سنووری پارێزگای دهۆک هەن، جگە لەوەش زیاتر لە 4000 پارچە شوێنەوار لە مۆزەخانەی دهۆک پارێزراون.
دادوەر سدقی سەلیم خان، لێکۆڵەر لە دادگای دهۆک باسی سزای ئەو کەسانە دەکات کە بازرگانی بە شوێنەوار دەکەن و دەڵێت سزای ئەو کەسانەی بازرگانی بە شوێنەوار دەکەن، یان ناوچە شوێنەوارییەکان تێکدەدەن لە سێ مانگ بۆ شەش ساڵە، بەڵام ئەوانەی کارمەندی شوێنەوار بن، سزاکەیان دووقاتە.
ئەو دادوەرە ناسنامەی ئەو کەسانەی ئاشکرا دەکات کە بازرگانی بە شوێنەوار دەکەن و دەڵێت ئەوانەی هەتا ئێستا لە دادگای دهۆک دادگایی کراون، زۆربەیان کوردن، بەڵام عەرەبی ئاوارەشیان تێدابووە.[1]
#05-03-2018#