ناوی (ئەڵماس یان ئەڵماز)ە، باوکی ناوی (محەمەد)ە. لەگوندی #هارگوڵ# لە جزیرا بوتان لە #باکووری کوردستان# هاتووەتە دنیاوە، ڕۆژی لەدایکبوونی ئاشکرا نییە، دایکی ناوی (ئاسیا) بووە.
باوک و دایکی لەهەمان گوند هاتونەتە دنیاوە، لەسەرەتای ساڵانی سەدەی بیستەمەوە لەکاتی سەرهەڵدانی جەنگی جیهانی یەکەم لەناوچەی کوردستانی باشوور نیشتەجێ بوون.
(ئەڵماس محەمەد) ئامۆزای هونەرمەندی دەنگبێژ (#مریەم خان#) بووه و 10 ساڵ لە مریەم خان گەورەتر بووە، ئەم هونەرمەندە لەشاری موسڵ پەیوەندی دەکات بەوەکیلەکانی قەوانی گۆرانی تۆمارکردن، لەسەر مەسرەف و ئەرکی کۆمپانیا دەینێرن بۆ بەغدا، لەوێ چەند قەوانێک تۆماردەکات، لەمانگی تشرینی دووەم لەساڵی 1939 ئێزگەی بەشی کوردی دەکرێتەوە، بەڵام ئەم هونەرمەندە لەساڵی 1945 بۆی ڕێدەکەوێت کە پەیوەندی بکات بەئێزگەوە. لەوکاتەدا مانگی دوو تا سێ جار ئاهەنگی لەئێزگە بڵاودەکردەوە لەشێوەی ڕاستەوخۆ نەک تۆمارکردن.
ئەم هونەرمەندە زمانی ئینگلیزی زۆر بەباشی زانیوە. له و سەردەمەدا ئینگلیزەکان لەعیراق بوون بەتایبەتی لەبەغداو حەبانیه و کەمپی هندی، واڕێکەوت کە شوی بەئەفسەرێکی ئینگلیزی کردو ئەنجام کچێکی بوو، بەڵام کاتێک مێردەکەی خزمەتی سەربازی لەبەغدا تەواودەبێت ئەگەڕێتەوە بۆ لەندەن، ئەگەرچی دوا لەئەڵماس خان دەکات کە بەغدا بەجێبهێڵێت و بڕوات لەگەڵی، بەڵام ئەم هونەرمەندە پێیدەڵێت (خۆشەویستی هونەرەکەم ڕێم پێنادات) و داواکارییەکە ڕەتدەکاتەوە. بەڵام پیاوەکە لەبەرئەوەی زۆری خۆشدەوێت هەموو خشڵ و ماڵ و سەروەت و سامانی خۆی بۆ بەجێدەهێڵێت و خواخافیزی لێدەکات.
ئەم هونەرمەندە لەپاش ڕۆیشتنی مێردەکەی خانویەک لەبەغدا دەکڕێت و لەئەنجامی خۆشەویستیەکی زۆری بۆ هونەری کوردی پەیوەندی زۆر بەهێز دەبێت لەگەڵ قوتابی و نوسەرو هونەرمەندە گۆرانیبێژەکانی ئه و سەردەمە، وەکو (م. باکوری، #عەلی مەردان#، #تایەر تۆفیق#، #شەماڵ سائیب#، #حسێن عەلی#، #حەسەن جەزراوی#، #ڕەسوڵ بێزار گەردی#، #محەمەد عارف جەزیر#ی...هتد. بەجۆرێک ماڵەکەی دەبێتە یانەیەکی هونەری و جێی کۆبونەوه و یەکتری بینینی هونەرمەندان و نەخشەدانان بۆ پڕۆگرامی هونەری و بەهێزکردنی گیانی خۆشەویستی نێوان هونەمەرندان و ئاشتکردنەوەیان لەپیادا هەڵچونەکان و تەنانەت یارمەتیدەری ماددیش.
مامۆستا تایەر تۆفیق لەنامیلکەی چەپکەگوڵ ساڵی 1954 وێنەی ئەم هونەرمەندەی بڵاوکردووەتەوە بەجۆرێکی پڕ لەسۆزو دەڵێت (ئەڵماس خان دەنگی جۆری بولبولە)، محەمەد عارف جەزیریش ئەم باسەی بۆ ئەحمەد جەزیری کردووە لەپەڕتوکەکەیدا، ئەم هونەرمەندە کوردە زۆر خەمخۆری کەلەپوری نەتەوەکەی بووە، زۆر لەئاوازە فولکلۆرییەکان و ڕیتم دارەکانی شایی و ئاهەنگ و ئاوازی میللی بەئامێری دەهۆڵ و زوڕنا تۆمارکردو لەگەڵ زۆر لەهونەرمەندەکان وەکو مریەم خان، فەوزیە محەمەد، نەسرین شیروان، حەسەن جەزراوی گۆرانی بەدووقۆڵی یان سێقۆڵی تۆمارکردووە.
ئەڵماس بەرهەمێکی زۆری لەکۆمپانیاکانی قەوان (کۆڵۆمپیا ئەبوکەلب) تۆمارکردووە بەتایبەتی ئاوازە فۆلکلۆرییەکان وەکو گۆرانی قومرێکێ، لێلێ ئیمۆ، خەفتانی، بەستەی دۆتمان...هتد. لە 1\3\1945 پەیوەندی دەکات بەئێزگەی بەغدا، بەشی کوردی هەفتانە ئاهەنگی ڕڕاستەوخۆ پەخشدەکات، لە 27\10\1970 لەکەناڵی تی ڤی بەغدا لەلایەن هونەرمەند کەمال ڕەئوف محەمەد (خاوەنی بەرنامەی ڕۆژێ لەڕۆژان) چاوپێکەوتنێکی تێروتەسەلی لەگەڵدا دەکرێت.
لەکانونی دووەمی ساڵی 1974 کۆچی دوایی دەکات لەخانویەکی گەڕەکی دوریە لەناوچەی عەلاوی حلە لەبەغدا لە دیوی کەرخ و لەگۆڕستانی (المتتکە) بەخاکدەسپێردرێت.