سەرەڕای ئەوەی قەیرانی دارایی بازاڕەکانی هەرێمی وەستاندوە، بەڵام لەدوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و وەستانی هەناردەی کاڵاوشمەک ڕووه و شارەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق، چالاکی بازرگانی لە کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردوە، یەکێک له و کەرتانەی کە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، کەرتی پەلەوەرە، بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەری وەستانی چالاکی بازرگانی لەنێوان هەرێم و بەغدای لەسەرە و بەوتەی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان بەره و داتەپین دەڕوات.
عومەر حسێن، وەبەرهێنەر لەبواری پەلەوەر، بەدواڕۆژی ڕاگەیاند ئێمە لەهەموو بوارەکانی بازرگانیدا پەیوەندیمان لەگەڵ بازرگانانی عێراق هەیە، داواکاری زۆر لەسەر بەرهەمەکانمان هەیە، بەڵام بارودۆخە سیاسییەکە پەیوەندییەکەی وەستاندوە.
وتیشی تێکچوونی پەیوەندییە سیاسییەکان لەگەڵ بەغدا کاریگەری لەسەر پەیوەندییە ئابوورییەکان دروستکردوە، جۆرێک لە ماڵوێرانی بۆ بازرگانان و بەرهەمهێنەرانی کوردستان دروستکردوە.
رونیشیکردەوە حکومەتی عێراق جگە لەوەی بەبڕیارێک هاوردەی مریشکی کوردستانی وەستاندوە، گومرگی سەفرە کە ماوەیەکە دانراوە هەموو شتێک کە لە کوردستانەوە بڕوات بۆ عێراق، دووبارە گومرگی دەکەنەوە و ئەوەش نرخەکەی گران دەکات و بازاڕی نابێت، ئەمەش دەبێتە هۆی وێرانکردنی ژێرخانی ئابووری کوردستان.
پەلەوەر بەیەکێک لە سێکتەرە ئابوورییە گرنگەکان دادەنرێت، سەرەڕای ئەوەی کە لە هەندێک وڵات بەڕێژەیەکی بەرچاو بەشداری لە داهاتی گشتی دەکات، بە دەیان هەزار هەلی کاریش دەڕەخسێنێت.
بەپێی داتاکان لە هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو هەزار کێڵگەی پەلەوەری ڕەسمی و بێ مۆڵەت هەن کە توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە 120 هەزار تەن گۆشتی سپییان هەیە و پێداویستی ناوخۆ بەتەواوی دابین دەکەن.
رزگار حەمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سلێمانی و پسپۆڕ لە بواری کشتوکاڵ بە دواڕۆژ وت پێویستە لێرە بەدواوە لەگەڵ حکومەتی ناوەند ستراتیژی سەرەکیمان بریتی بێت لە کەرتی کشتوکاڵ و ئاو، به و پێیەی ئێمە چوار وەرزە دەتوانین بەرهەممان هەبێت، ژینگەیەکی گونجاو و زەوییەکی بەپیتمان هەیە.
وتیشی چۆن لەبەغدا شەڕی بودجە دەکەین، پێویستە شەڕی بازاڕیش بۆ بەرهەمەکانی کوردستان بکەین، پێویستیشە لە ناو ڕێککەوتنەکاندا داوای کردنەوەی بازاڕەکان بۆ بەرهەمەکانی کوردستان بکرێت، چونکە ئێمە خاوەنی بەروبومێکی زۆرین لە گەنم و داوێڵە، سەوزە و میوە.
بەپێی ئامارەکان کۆی گشتی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریکردن لە کەرتی پیشەسازیی پەلەوەر بە 20 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت و 10 ملیار دۆلاریش لە ناو کەرتی پیشەسازیی پەلەوەر جوڵەدەکات.
بێ بازاری لە ناوخۆ و وەستانی هەناردە بۆ باشور و ناوەڕاست، نرخی گۆشی سپی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزاندووە، ئەوەش نیگەرانی زۆری لای خاوەن کێڵگەکانی پەلەوەر دروستکردوە و داوای چارەسەری بەپەلە لە حکومەت دەکەن.
جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی ناوەندی بە بیانوی بڵاوبونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە، ڕێگەنادات هیچ بەرهەمێکی پەلەوەری لەهەرێم و کەرکووکیشەوە هەناردەی شارەکانی تری عێراق بکرێت، ئەمەش زیانی سەدان ملیار دیناری بە هەرێم گەیاندووە.
عەبدولڕەحمان عەلی، جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستان بە دواڕۆژی وت ڕێگەگرتن لە هەناردەکردنی بەرهەمی پەلەوەر لە هەرێم و کەرکووکەوە بۆ شارەکانی تری عێراق زیانی زۆر گەورەی لەو کەرتە داوە.
وتیشی ڕێگرییەکەی حکومەتی عێراق بەهۆی بڵاوبونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندەیە، بەڵام ئه و ڕێگرییە تەنیا بیانووە و ئامانج له و کارە داتەپینی زیاتری ئابوری هەرێمی کوردستانە.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ هەزار کێڵگەی پەلەوەری هەیە، بەڵام هەزار و 373 کێڵگەیان مۆڵەتیان هەیە کە ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە 85 ملیۆن مریشکیان هەیە.[1]
#09-03-2018#