دواڕۆژ، #هۆگر کەمال#
بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕایدەگەیەنێت، تائێستا لە سنوری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 800 هەزار کەس خۆیان لە تۆماری بایۆمەتری تۆمارکردووە و دەشڵێت، هەڵمەتی هەڵبژاردن لە 10ی نیسانەوە دەستپێدەکات.
هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ شەممە 10ی ئازاری 2018 لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تائێستا لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین 808 هەزار و 951 هاوڵاتی تۆماری بایۆمەتری دەنگدانیان کردووە، لەکۆی ملیۆنێک و 380 هەزار دەنگدەر کە دەکاتە 65.1%ی ڕێژەی دەنگدەران.
وتیشی داوا لە هەموو ئەو هاوڵاتیانە دەکەم کە تائێستا خۆیان تۆمارنەکردووە، تکایە سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆن بکەن بۆ ئەوەی بەشێوەی بایۆمەتری خۆیان تۆماربکەن.
باسی لەوەشکرد ئەو هاوڵاتیانەی خۆیان تۆمارکردووە کارتی تازەی بایۆمەتریان بۆ دەرچووە، کە لەکارتی پێشووی دەنگدان جیاوازە و کارتی ئەلکترۆنیە و وێنەی فۆتۆگرافی لەسەرە، بۆیە داوا لەو هاوڵاتیانە دەکەین کە خۆیان تۆمارکردووە بچن لە بنکەکانمان وەریبگرنەوە، پرۆسەکەش تا کاتی دەنگدان بەردەوام دەبێت.
هاوڕێ تۆفیق داواشی لە ڕاگەیاندنەکان کرد هیچ ڕیکلامێکی پەیوەندیدار بە تۆماری بایۆمەتری بڵاونەکەنەوە، جگە لەو ڕیکلامانەی کە کۆمسیۆن بەشێوەیەکی هونەریی و بە ناوەڕۆکێکی نیشتمانی کە هیچ پەیوەندی بە پڕوپاگەندەی حزبایەتییەوە نیە ئەوانە بڵاوبکەنەوە، سوپاسی هەر کەناڵێکیش دەکەین ئەو ڕیکلامانەمان بۆ بڵاوبکەنەوە بۆ هاندانی هاوڵاتیان.
باسی لەوەشکرد بەداخەوە بەهۆی ئەوەی کەناڵە ئاسمانیەکانی هەرێم مۆڵەتی فەرمیان لە دەزگای ڕاگەیاندنی عێراقی نیە، بۆیە نەتوانراوە هاوشێوەی کەناڵە عێراقیەکان لە بەرامبەر ڕێککەوتنێکی دارایی بەرهەکانی کۆمسیۆنیان پێبدرێت و بڵاوی بکەنەوە، لەبەرئەوەی ئەمە هەڵبژاردنێکی فیدڕاڵییە دەبێت ڕەچاوی یاسا فیدڕاڵییەکان بکەین.
ئەوەشی خستەڕوو پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن لە 10ی نیسانەوە دەستپێدەکات تا 24 کاتژمێر بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، داواش لە هەموو حزبەکان و کاندیدەکان دەکەین خۆیان بەدووربگرن لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن، لەبەر ئەوەی بەپێی ڕێنماییە کارپێکراوەکانی کۆمسیۆن وەکو سەرپێچی هەژماردەکرێت، لە پارێزگای سلێمانیش لیژنە دانراوە بۆ ئەوەی سەرپێچییەکان تۆماربکەن.
بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆن هێمای بۆ ئەوەشکرد لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن داوا لە حزبەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین خۆیان بەدووربگرن لە پڕوپاگەندەی نایاسایی و ناشارستانی و ناوزڕاندن، ئەمانەش نەک تەنها لە ڕووی یاساییەوە لەرووی فەرهەنگیشەوە نمونەیەکی ناشرینە لە ململانێیەکی دیموکراسی، بەڵکو لەجیاتی ئەوە بەرنامەی لیستەکەیان بخەنەڕو و گفتوگۆ بکەن.
رونیشیکردەوە هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان کە لەدەرەوەی وڵات دەژین مافی ئەوەیان هەیە بەشداری هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بدەن بۆ شارە ئەسڵیەکەی خۆیان و لە سەرجەم وڵاتەکان بنکەیان بۆ دەکرێتەوە، داواشیان لێدەکەین لە ڕێگەی ماڵپەڕی کۆمسیۆنەوە تۆماری بایۆمەتری بکەن و ئەو تۆمارکردنە لە شێوەی کاغەز ڕابکێشن و لە ڕۆژی دەنگداندا دەبێت ئەو بەڵگەنامەیەیان پێبێت.[1]
#10-03-2018#