#عارف باوەجانی# / نەورۆزی 2718 ی کوردی.
نەتەوەکانی ئەمرۆی گۆی زەوی هەریەکەو شانازی بە کەسایەتییەکی دیاری مێژووی کۆنی خۆیان دەکەن، کە لە بوارێکی جیاوازدا مێژوویەکی وەک شاکار بۆ گەلەکەی جیهێشتووە. هیندێکیش لەو کەسانەی کە باسیان لێوە دەکرێت دەچێتە قاڵبی ئەفسانەو شکو گومانەوە، بەڵام نەتەوەکانی خۆیان بە شانازییەوە باسی لێوەدەکەن و بە پەیکەرو ناسناو و خەڵاتی ساڵانەی بە ناوەوە دابەش دەکەن، لەو بوارەشەوە سەرنجی گەشتیاری جیهانی بۆ ڕادەکێشن.
هەروەها بەخستنە نێو پەرتووکی مێژووی وانەی خۆێندن لە خۆێندنگاکاندا زیاتر یادی دەکەنەوە و لە مێژووی خۆیان زیندوو ڕایدەگرن.
لە مێژووی ئێمەی کوردیشدا کەڵە پیاومان زۆر بووە، بەڵام بە داخەوە وەک پێویست گرنگیان پێنەدراوە. یا بەهۆی جیاوازی ئاین یا زاراوە یا ناوچەیی لە ڕوانگە جیاوازەکانەوە لە توانای ئەو کەسایەتیانە کەمکراوەتەوە. یەکێک لەو کەسایەتییانە کە دەبوو لە مێژووی کوردا زۆر ڕەونەقی پێبدرابایە (ئێلبەگی جافە).
ئێلبەگی جاف کێ بووە.
ئێلبەگی جاف وەک هیندێک سەرچاوە باسی لێوەدەکەن کە لە ساڵی 898 زاینی لە دایکبووەو لە 961 کۆچی دوایی کردوە. لە سەر شۆێنی ژیانی ناوبراو بۆچوونی جیاواز هەیە. هیندێک دەڵێن لە ناوچەکانی سنجاویی لای کرماشانی ڕۆژهەڵات ژیاوە، و هیدنێکیش دەڵێن لە دەوروبەری شارەزوورو گەرمیان لە باشوری کوردستان ژیاوە، و پاشان لە تەمەنی گەنجێتی چووەتە هەورامان و بە هۆی خۆشی و دڵگیری ناوچەکە لەوێ بە یەکجاری ماوەتەوەو ژنی هێناوە. شاکارەکانی ئیلبەگی جاف کەسێکی پێشبینیکەری سەدەی نۆیەم بووە، کە گشت پێشبینیەکانی بە زمانەکانی کوردی و فارسی و عەرەبی لە چوارچێوەی هەڵبەستدا وتووەتەوە.
ئێلبەگ خاوەنی سەدان پێشبینی گرنگی جیهانی و دەروونانسی هەبووە، کە بە داخەوە تەنیا بەشێکی کەمی لە پێشبینییەکانی لە چوارچێوەی هەڵبەستێکدا لە ژێر ناوی (هەروایە و هەروا ئەبێ) ماوەتەوە، تەنیا ئەو کورتە پێشبینییەی کەدەستبەدەست ماوەتەوە، دەرکەوتووە کە هەموو پێشبینییەکانی دروستبوون و لە کاتی خۆیدا هەموو ڕاست دەرچوون. باسیش لەوە دەکرێت کە زۆر لە پێشبینییەکانی بە زمانەکانی فارسی و عەرەبی خراونەتەوە نێو ئەدەبیاتی مێژووی بەغداو تاران و بە شیعری شاعیری نەناسراوی ئەو وڵاتانە ناوزەدکراوە. کاتێک ئێلبەگی جاف باسی دەسەڵاتدارێتی وزوڵم زۆری نادر شای سەدەی نۆیەمی ئێران کردوە.
بەم هەڵبەتە کورتەوە نموونەیەک لە پێشبینییەکانی ببینن.
ئێران پڕ لە ئاگر دەبێ. حوکمی سوڵتان قاهر دەبێ
ستەم لە خەڵق سادر دەبێ. دەورە دەورەی نادر دەبێ.
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ
یا لە هەڵبەستێکی دیکەیدا پێشبینی هاتنی حوکمی قەجەرییەکان دەکات لە ناوچەکەدا بەم شێوەی خوارەوە.
دەوران بە دەست قەجەر دەبێ
تەیموور لە خەو خەبەر دەبێ
گەلێ سەران بێ سەر دەبێ
ئاشووب و شۆڕ و شەڕ دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ.
لەو هەڵبەستەی کە نزیک بە1050 ساڵ پێش لە سەر زوڵم و زۆری بۆ خەڵک وە هاوارا هاتووە، کە هیچ کەس لەو کات و سەردەمەدا ئەو پێش بینییەی نەکردوە. خەڵکانێک کە ئیستا لە مێژووی وڵاتانی عەرەبی و ئوروپی وەک پیاوی مێژو باسی لێوەدەکەن، هەر لەو جۆرە کەسانە بوون کە وەک ئێلبەگی جاف شاکارێکیان هەبووە، بەڵام ئەوان زیرەکانە خراونەتە نێو مێژووی کەسایەتیەکانی جیهان و بە فەیلەسوف و ئەندێشەناس و داهێنەر ناویان هاتووە، ئەوانەی کوردیش هەر باسیان لێوە ناکرێت. با کۆپلەیەک لەو هەڵبەستەی ئێلبەگی جاف بخۆێنینەوە کە 1050ساڵ پێشوتراوە:
دەڵێ :
ڕوو لە تووری سینا ئەکەم: ئەوسا نیگای دونیا ئەکەم:
ئیران پر له دەعوا ئەبێ : حوکمی سولگان نادر ئەبێ:
موڵکی ئێران باهیر دەبێ : ستەم له خەلق صادر دەبێ:
دەوران دەوری نادر دەبێ: لە پەی نادەر دەعوا دەبێ:
ئێران پر لە غەوغا دەبێ: خاسان وەبێ کفن ئەبێ:
شاهان دوور لە وەتەن ئەبێ : هەروا بوه و هەروا دەبێ:
خاسان وەبێ وەتەن دەبێ :
هەروها پێشبینی هاتنە سەر دەسەڵاتی کەریمی زەند و تەیموری لەنگ دەکات و دەڵێ:
مورغان دوور له چەمەن ئەبێ : خێڵی شاهان قاتی ئەبێ:
شاهی ئێران وەزەند ئەبێ : حوکمی موستەمەند ئەبێ :
حوکمی کەریمی زەند ئەبێ : دونیا بێ قسە و باس ئەبێ :
لە دوای کەریم بەدتر ئەبێ : ئەوسا دەورەی قەجەر ئەبێ :
تەیمور لە خەو خەبەر ئەبێ : سەری ئیران بێ سەر ئەبێ:
هەروا بوە و هەروا دەبێ:
ئەم پێشبینیانەی کە لە چوارچێوەی ئەو هەڵبەستەدا هاتووە، بەراوردی بکەین لەگەل دونیای ئیستای زۆڵم و زۆر کە بە هۆی بوونی ڕاگەیاندن و تۆری پێشکەتووەوە باسی لێوەدەکرێت. پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە کەسێکی وەک ئیلبەگی جاف1000 ساڵ پێش ئەم وتنە گرنگانەی بووە یان نە. بەڵام مێژووناسان ومێژوونووسانی پێشووترمان پێناسەی ئەمزاتەیان وەک ئەدیبێک یا شاعیرێک بە خۆێنەرانی کورد ناساندوە، نەک وەک پێشبینیناسێک.
لە شەقامەکانی بەغداو تاران پەیکەری ڕەسافی و ئیبن خەلدوون، ئەبوعەلی سیناو فیردەوسی دروستکراوە، پرسیار ئەوەیە کە ئایا بۆ پەیکەری ئەم پێشبینیکەرە گرنگەی کورد نە لای کورد و نە لای ئێراقی و ئێرانییەکان پەیکەری بۆ دروستنەکراوە، زۆر بە دەگمەن لە گۆشەی پەرتووکە ئەدەبیەکانی کوردی وەک شاعیرێکی دێرین باسی لێوەکراوە.
لە نموونەیەکی دیکەی پێشبینییەکانی کە زۆر گرنگەو بەرچاوە باس لە هاتنی تەکنەلۆژیا، کە وادەردەکەوێت باس لە شەمەنەفەر و کارەبا و پێشکەوتنی کۆمەڵگا و پێڕاگەیشتنی گرنگتر دەکات. ئەگەر کەسانی پسپۆر لە بواری مێژووی مرۆڤە دێرین و هەڵکەوتووەکان بکۆڵنەوە، لەم کۆپلە هەڵبەستەشی بکۆڵنەوە زیاتر کەسایەتی و پێشبینی ئەم کەڵە پیاوە زاناو پێشبینیکەرەی کوردستان، بەڵام لە بیرکراوەمان بۆ دەردەکەوێت.
کە دەڵێ:
بەرقی یە لە ئەروپا ئەبێ
کوران و کچان قەشەنگ ئەبێ
تەیرێ وەک ڕەعد و بەرق ئەبێ
گوێچکەی لە دووکەڵ غەرق ئەبێ
دەشت و دەری پێ لەق ئەبێ
بە ڕووی هەوا مۆڵەق ئەبێ
هەروا بووە و هەروا ئەبێ
لە درێژەی ئەو پێشبینیانەی دا کە لە چوارچێوەی هەڵبەستی هەروا بووەو هەروا ئەبێ، باس لە هاتنی دەسەڵاتی پەهلەوی و قاتی و قرانی لە ئێران دەکات. هەروەها لە چەند دێرێکی دیکەشدا باس لە هاتنی ڕووس دەکات بۆ ئێران. کە هەمو ئەمانەش بە پێی تێپەربوونی مێژوو دروست دەرچوون، ئەگەر بە وردی لە تەواوی دێرو وشەکانی ئەم فەیلەسوفە لە یادکراوە بکۆڵینەوە، دەبینین یەک وشەی نییە کە نەهاتبێتە دێ یا وا دەرنەچووبێت.
لە هەڵبەستێکی دیکەیدا باسی فرە نەتەوەیی گەلانی بندەست لەو وڵاتە دەکات
ئێران وەکوو فەرەنگ دەبێ
پڕنەقش و ڕەنگاڕەنگ دەبێ
کوڕ وەکوو کچ قەشەنگ دەبێ
مایل بە شۆخ و شەنگ دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ
بە گشتی لە هەموو بوارێکدا ئەو زاتە مەزنە پێشبینی تایبەتی هەبووە و لە چوارچێوەی هەڵبەستدا دەری برێوە. بە داخەوە بەشی هەرە زۆری هەڵبەست و دەستنووسەکانی نەدۆزراونەتەوە.
سەرچاوەکان،
1 / مێژووی وێژەی کورد بەرگی یەکەم، هەروەها کۆکردنەوە و شیکردنەوەی: صدێق بۆرەکەیی صفی زادە،
2 / مێژووی هۆزی جاف / خەسرەو جاف
3 / دانا تۆفیق/ گۆڤاری کۆچ / سەنتەری ئێلبەگی جاف.
4 / چەندین سەرچاوەی دیکە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و گێرانەوەی زارەکی گەورە ساڵان.