فیدراسیۆنی پەنابەرانی هەرێمی کوردستان، ئاشکرایدەکات لەساڵی 2017دا، 61 کۆچبەری هەرێمی کوردستان کە ڕوویان لەوڵاتانی دەرەوە کردووە گیانیان لەدەستداوە و ژمارەکەش بەراورد بە ساڵەکانی 2015 و 2016 کەمیکردووە.
ئاری جەلال، سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی پەنابەرانی هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لە ساڵی 2017دا 61 کۆچبەری هەرێمی کوردستان کە ڕوویان لە وڵاتانی دەرەوە کردووە گیانیان لەدەستداوە، ڕێژەکەش بەراورد بە ساڵەکانی 2015 و 2016 کەمیکردووە، له و ڕێژەیەش تەنیا تەرمی 31 کەس دۆزراوەتەوە و گەڕێنراونەتەوە هەرێمی کوردستان.
ئاشکراشیکرد، لە ماوەی ساڵەکانی 2015 و 2016، زیاتر لە 400 کۆچبەری هەرێمی کوردستان بەهۆی کۆچەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە و 60%ی قوربانیانیش ژن و منداڵن، لەو 400 کۆچبەرەی کە لە ماوەی ئه و دوو ساڵەشدا گیانیان لە دەستداوە 150 کەسیان لەدەریای ئیجەدا بەهۆی نقومبوونی بەلەمەکانیانەوە خنکاون، 55 کەسیش تاوەکو ئێستا کە لەدەریای ئیجەدا بەلەمەکەیان ژێرئاوکەوتوە بێسەروشوێن بوون و نەدۆزراونەتەوه.
ڕوونیشیکردەوە، لە 60% ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە ژن و منداڵن، 40%ی قوربانیەکانی تر پیاوان و گەنجانن.
ئاماژەشی بەوەکرد، بەهۆی بڕیاری چەند وڵاتێکی یەکێتیی ئەوروپا و بەریتانیا بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران، لەماوەی مانگی کانونی دووەم و شوباتی ئەمساڵ 25 پەنابەری هەرێمی کوردستان دیپۆرتکراونەتەوە.
وتیشی تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێم هێنانەوەی 50 تەرمی کۆچبەری کوردی لەیۆنانەوە بۆ هەرێم لەئەستۆ گرتووە، هەروەها وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیش پێشتر خەرجی هێنانەوەی تەرمی خێزانێکی شەش کەسی دانیشتوی کەرکووکی لەئەستۆ گرتووە، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانیش خەرجی هێنانەوەی 19 تەرمی دابینکردووە.[1]
#15-03-2018#