لەگەڵ کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەکاندا، بازاڕی کوردستان ڕاستەوخۆ جوڵەی تێکەوت، بازاڕی زێڕ لە هەفتەی ڕابردوو گەرمترە و، نرخی خانوو و زەویش گران بووە، بەگوتەی خاوەن نووسینگەکانی خانووبەرە: لە هەندێ ناوچەی سنووری هەولێر، نرخی خانوو و زەوی، نزیکەی سێ هەزار بۆ چوار هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە.
باپیر خدر، خاوەن نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوییە لە هەولێر، دەڵێ لە دوێنێوە لەگەڵ ئەو بڕیارەی بەڕێز عەبادی داویەتی کە فڕۆکەخانە ببێتەوە، هەندێک شوێن هەبوو بۆ نموونە زەوییەکەی هەشت هەزار دۆلار بۆ هەشت هەزار و 500 دۆلاری دەکرد، بەڵام ئێستا 11 هەزار دۆلار بۆ 11 هەزار و 500 دۆلار دەکات، واتا لە دوێنێوە نرخی زەوی سێ بۆ چوار هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە.
جگە لە بازرگان و فرۆشیاران، کڕیارانیش بازاڕەکانیان ئاوەدان کردەووەتەوە. تەرازووە بچووکەکانی زێڕەنگران لە یەک ڕۆژدا قەرەبووی چەند ڕۆژێکی ڕابردوویان کردووەتەوە و، ئێستا چاوەڕێی فڕینی یەکەمین فڕۆکە دەکەن، تاوەکو زێڕی زیاتر هاوردەی بازاڕەکان بکەن.
زێڕنگرێکی هەولێر لەبارەی بڕیاری کردنەوەی گەشتە نێودەوڵەتییەکان بەڕووی فڕۆکەخانەکان و کاریگەریی لەسەر ئەوان دەڵێ بەڕاستی کاریگەرییەکی باشی هەبوو بۆ ئێمە، یەکەم شت، لە یەکەم ڕۆژدا بازاڕی ئێمە زۆر باش گەرم بوو، جگە لەوە تێچووی گەشت بۆ ئێمە کەمدەکاتەوە و باجیش کەمدەکاتەوە، کە پێشتر بۆ هەر کیلۆییەک 800 دۆلارمان دەدا، بەڵام ئەگەر زێڕ لە فڕۆکەخانەکانی خۆمانەوە هاوردە بکەین، بڕی 200 دۆلار باج دەدەین.
حەسەن ڕەسول، بازرگانی جلوبەرگە، پێشتر لە مانگێکدا دووجار جلوبەرگی لە تورکیاوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرد، بەڵام لەگەڵ وەستانی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان، چوار مانگ جارێک گەشتی کردووە. ئێستا لیستی جۆر و مۆدێلە نوێیەکانی ئامادە دەکات، تاوەکو لە زووترین کاتدا هاوردەیان بکات.
حەسەن دەڵێ کردنەوەی فڕۆکەخانەکان کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر بوژاندنەوەی بازاڕ، بەتایبەت لەسەر تێچوو و ماندووبوونی گەشتەکەمان. ئێمە دەبوو بچینە بەغدا و لەوێوە بۆ تورکیا و بەپێچەوانەوە، بەڵام لە فڕۆکەخانەکانەی هەولێرەوە بە دوو کاژێر گەشتەکەمان ئەنجامدەدەین و زووتریش کەلوپەلەکانمان بەدەست دەگات.
پێش ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، فڕۆکەکانی زیاتر لە 30 هێڵی ئاسمانیی نێودەوڵەتی بەرەو ئاسمانی هەرێمی کوردستان و بەپێچەوانەوە دەفڕین، ئەو هێڵانە، هەفتانە نزیکەی 170 گەشتییان ئەنجام دەدا و، ساڵانە داهاتیان نزیکەی 42 ملیۆن دۆلار بوو.[1]
#15-03-2018#