بەرگدرووەکانی #هەولێر# بەم بەرە #نەورۆز#ە بەدەست بێ بازاڕییەوە دەناڵێنن و دەڵێن ساڵی ڕابردوو بازاڕیان لە ئەمساڵ زۆر باشتر بوو، لەولاشەوە ئەو دوکاندارانەی جلی کوردیی چینیی ئامادەکراو دەفرۆشن، دەڵێن ئەمساڵ بازاڕیان زۆر گەرمە.
ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی بەهار، خەڵکی کوردستان بۆ بۆنەکانی ئادار و نەورۆز، جلی نەتەوەیی دەپۆشن، ئەمەش ئەم وەرزە دەکاتە گەرمترین وەرزی بازاڕی قوماش و جلوبەرگ، بەڵام بەهۆی کاریگەریی قەیرانی داراییەوە، ماوەی چەند ساڵێکە خەڵک کەمتر جل دەکڕن و زیاتریش بەدوای کاڵای هەرزان و کواڵێتی نزمدا دەگەڕێن.
دانا خەیات، خاوەنی بەرگدرووی هۆنیا بۆ دروینی جلوبەرگی ئافرەتان لە شەقامی سیروانی شاری هەولێر، دەڵێت: هەتا ناوەڕاستی ساڵی 2014 دروینی جلی کوردیی ئافرەتان بەتایبەت لەبۆنەکانی ئادار و نەورۆزدا زۆر بوو، ڕۆژانە نزیکەی 40 تاخممان دەدروی، بەچوار مەکینە فریا نەدەکەوتین. مانگێک پێش نەورۆز قوماشمان وەرنەدەگرت، بەڵام ئێستا نەورۆز چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە، هێشتا جلوبەرگ وەردەگرین و دروینی ڕۆژانەشمان لە 10 تاخم تێپەڕ ناکات.
دانا خەیات بەراوردی بازاڕی ئەمساڵ بە ساڵی ڕابردوو دەکات و دەڵێت بازاڕمان زۆر کەمی کردووە، ئەویش دیارە بەهۆی قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچەوەیە، خەڵک وەکو جاران توانای کڕینی جلوبەرگی نەماوە.
دانا خەیات، کەمبوونەوەی گەشتیار و گەڕانەوەی عەرەبە ئاوارەکان بە هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی کاری بەرگدرووەکان دەزانێ و دەڵێت: بەشێک لەو گەشتیارانەی دەهاتنە هەرێمی کوردستان، زۆرجار جلی کوردییان بەدیاری بۆ کەسوکاریان بەدروین دەدا و لەگەڵ خۆیان دەیانبردەوە، بەڵام ئێستا کە گەشتیار کەم بووە و بەشێک لە ئاوارە عەرەبەکان گەڕاونەتەوە، کاریگەریان لەسەر کاری ئێمەش هەبووە.
هاوشێوەی بەرگدرووەکانی جلوبەرگی کوردیی ئافرەتان، بەرگدرووی پیاوان و منداڵانیش بازاڕیان وەکو پێویست نییە. خدر چیوەیی، خاوەنی بەرگدرووی هەڵوێست لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر، دەڵێت لەوەتەی قەیران هەیە، نەورۆزی ئەمساڵ خراپترین وەرزی کارکردنی ئێمە بووە، هۆکارەکەشی ئەگەر بەشێکی پەیوەندی بە دواکەوتنی مووچەوە هەبێ، ئەوە بەشێکی پەیوەندی بە هاوردەکردنی جلوبەرگی ئامادەکراوە لە چین هەیە، دەتوانم بڵێم 20%ی بازاڕی ئێمەی کەم کردووەتەوە.
خدر چیوەیی نموونە بەکاری خۆی دێنێتەوە و دەڵێت: پێشتر 40 ڕۆژ پێش نەورۆز قوماشمان بۆ دروین وەرنەدەگرت، تاوەکو نەورۆز نزیکەی 500 قاتمان دەدروی، بەڵام ئێستا کە چەند ڕۆژێکی ماوە بۆ نەورۆز هێشتا جلی تازە وەردەگرین، ئەو قاتانەشی وەرمانگرتوون لە 150 قات تێپەڕ نەبووە، ئەمە لەکاتێکدایە ئێمە کڕیاری تایبەتی خۆمان هەیە و باشترین کاتی کارکردنی بەرگدوورین لەم وەرزەدایە.
خدر پێشتر چوار شاگردی هەبووە، بەڵام بەهۆی بێ بازاڕییەوە ناچار بووە سێ لە شاگردەکانی بنێرێتەوە ماڵەوە.
قاتی کوردیی چینی بازاڕی تەنیوە
بەپێچەوانەی بەرگدرووەکان، ئەو دوکاندارانەی جلوبەرگی ئامادەکراوی کوردی دەفرۆشن، هیچ گلەییەکیان نییە و دەڵێن ئەمساڵ بازاڕیان زۆر گەرمە.
کامەران یوسف، بازرگانێکی شاری هەولێرە، بۆ بۆنەکانی ئادار و نەورۆزی ئەمساڵ 8800 قاتی کوردی لە چین هاوردە کردووە، دەڵێت بەهۆی نزیکبوونەوەی بۆنەکانی ئادار و نەورۆز، ئەمساڵ بازاڕ زۆر باش بوو، لە ماوەیەکی کەمدا زۆربەی کاڵاکانم بەکۆ فرۆشت.
ئەو جلانەی کامەران هاوردەیان دەکات، قاتی کوردیی منداڵانن، ئەو بەهاری ڕابردوو 5800 هەزار قاتی کوردی هاوردە کردبوو، بەڵام هەرزوو ساخی کردنەوە، بۆیە ئەمساڵ 3000 قاتی زیاتر هاوردە کردووە و زۆربەشی فرۆشتووە.
کامەران وەک نهێنی پیشە، ئامادەنەبوو نرخی تێچووی درووینی قاتەکانی لە کارگەکانی چین ئاشکرابکات، بەڵام گوتی قاتەکانی ئەو بە 15 تاوەکو 25 هەزار لەبازار دەفرۆشرێن.
بە گوتەی کامەران بەهۆی قەیرانی دارایی، هەروەها هەرزانیی نرخی جلوبەرگی چینی، خواستێکی زۆر لەسەر قاتی کوردیی چینی هەیە و دەڵێت :ساڵانە لانیکەم لە وەرزی بەهاردا 50 هەزار قاتی کوردی لە چینەوە هاوردەی کوردستان دەکرێن.
جگەلەو جل وبەرگی کوردی ئامادەکراوی چینی، جلوبەرگی ئامادەکراوی کارگەکانی ناوەخۆش هەیە، کە لەبازار زیاتر بە جەرەبی ناویان دەرکردووە.
کامەران یوسف، کە پێشتر 32 ساڵ بەرگدرووبووە، جگە لە هاوردەکردنی کاڵا لەچین، کارگەیەکی درووینی جلوبەرگی ئامادەکراوی کوردیی منداڵان و پیاوانی لە هەولێر دامەزراندووە. ئەو دەڵێت بۆ کێبڕکێی بازار کارگەیەکم بۆ جلوبەرگی ئامادەکراوی کوردی داناوە 23 بەرگدرووی کوردی ڕۆژئاوا بە نرخێکی هەرزان کارم بۆ دەکەن، قاتەکان کاڵاکانم بەکۆ بە پێشەنگاکانی فرۆشتنی جلوبەرگی ئامادەکراو دەفرۆشم، نرخی جوملەی قاتەکانیش بەگوێرەی قەبارە و کواڵێتی قوماشەکەیان لەنێوان 10 تاوەکو 17 هەزار دایە، بەڵام خواستی بازاڕ زیاتر لەسەر قاتی چینییە.
گەنجۆ محەممەد، خاوەنی پێشەنگای کەرکووک بۆ فرۆشتنی جلوبەرگی ئامادەکراو بەتاک و کۆ، ماوەی پێنج ساڵە جلی کوردی لە چین بەدرووین دەدات و ئەمساڵ زیاتر لە 2000 قاتی کوردی لە کارگەکانی چین هاوردەکردووە. ئەو دەڵێت بەهۆی هەرزانی دەستی کار لەچین، نرخی قوماش و تێچووی درووین لەکارگەکانی چین زۆر هەرزان دەکەوێت بۆ نمونە قاتێکی 1 بۆ 5 ساڵی بە هەشت دۆلار دەگاتە دەستی ئێمە، بەڵام هەمان قات بە هەمان قوماش ئەگەر لە کوردستان بیدرووین، 50 تاوەکو 60 هەزار دیناری تێدەچێ.
عەرەب جلی کوردی دەکڕن
بارزگانان و دوکاندارانی جلوبەرگی ئامادەکراوی کوردی دەڵێن، بێجگە لە کورد، ئەو گەشتیارە عەرەبانەی دێنە کوردستان کڕیاری جلوبەرگی کوردین.
گەنجۆ محەممەد کە جلوبەرگی کوردی لە کارگەکانی چین بە درووین دەدات و هاوردەیان دەکات دەڵێت هاتنی گەشتیار و ئاوارە عەرەبەکان بۆ کوردستان خواستی پۆشینی جلوبەرگی کوردی لای کچان و منداڵانی عەرەبی باشورو ناوەراست زیاتر کردووە، بۆیە بەشێک لەو جلە ئامادەکراوانەی چین کە ئێمە هاوردەی دەکەین، پاشان بۆ شارەکانی عێراق بەگشتی و بەسرا بەتایبەت هەناردە دەکرێ.[1]
#15-03-2018#