بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان
جەماوەری بەشەرەفی کوردستان..
هێزولایەنە سیاسیەکان.....
کورد و کوردستانیانی جیهان......
بەداخەوە جارێکی دیکە لە مانگی ئازار دا گەلەکەمان لە #عەفرین# ڕوبەڕوی ئازار وناسۆریەکی دیکە بووەوە، دوای دوو مانگ لە بەرگریی و ڕوبەڕوبونەوە دواجار بە پشت تێکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ماف و ئیرادەی گەلەکەمان بووە قوربانی بەرژەوەندی زلهێزەکان، کوردانی عەفرین ڕوبەڕوی ئاوارەیی و دەربەدەریی و کوشت و بڕین بونەوە و بەشێک لە خاکەکەشمان لەلایەن سوپای تورکیا و هەندێک لە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە داگیرکرا.
ئێمە لە یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان، وێڕای هاوخەمی و هاوسۆزیمان بۆ کوردانی ڕۆژئاوا، ئیدانەی ئەم کارەساتە دەکەین کە بەرامبەر بە گەل و خاکمان ئەنجام دراوە، داواکارین لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرامبەر ئەم سیاسەتە دوژمنکاریەی کە دژ بە گەلەکەمان کراوە بێ دەنگ نەبێت، سنورێک بۆ ئەو جۆرە سیاسەتانە دابنێت و بە هانای گەلەکەمانەوە بێت و چارەسەرێکی سیاسیانە و ئینسانیی ئەو پرسە بکرێت.
ستەم لەهەرکەسێکەوە بێت و لە ژێر هەر ناونیشانێکدا بێت، بەرامبەر هەر کەسێک بکرێت، لەلایەن یەکگرتووی ئیسلامیەوە ڕەتکراوەیە و دژی دەوەستینەوە.
جارێکی دیکە دوپاتی دەکەینەوە کە ڕوبەڕوبونەوەی ئەم جۆرە ڕوداوانە پێویستی بە یەکڕیزیی سەرجەم لایەنە کوردستانیەکانە.
سەرکەوتووبێت ئیرادەی گەلەکەمان...
ئەنجومەنی سیاسی
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
#19-03-2018#