سەرچاوە خۆجێییەکان بە تۆڕی میدیایی ڕووداویان ڕاگەیاند، 25 کەس لەکاتی ئاوارەبوونیان لە #عەفرین# بەهۆی برسێتی و خراپیی دۆخی ژیانیان گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی زانیاری ئەو سەرچاوە خۆجێییانە، لەنێو ئەو 25 کەسەدا منداڵ و ژن هەن و، بەهۆی برسێتی و بێ نان و ئاوی گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوە مرۆییەکان، لەوەتەی شەڕی عەفرین دەستیپێکردووە، سەتان هەزار کەس دەربەدەربوونە، تەنیا لە سێ ڕۆژی ئەم دواییەشدا نزیکەی 250 هەزار کەسی سڤیل لە شاری عەفرین ئاوارەبوونە.
رۆژی یەکشەممە 18ی ئادار تورکیا کۆنترۆڵکردنی عەفرینی ڕاگەیاند. هەمان ڕۆژ ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە لە تویتەر ڕایگەیاند: لەپێناوی ئەوەی خەڵکی مەدەنی زیاتر لە عەفرین نەبنە قوربانی، پاشەکشەمان کرد، ئەمەش مانای شکست ناگەیێنێت.
پاشان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتیی کانتۆنی عەفرین بە ئامادەبوونی نوێنەرانی دامودەزگاکانی عەفرین، هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە و قەسەدە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەڤانیی لە ناوچەی شەهبای سەر بە عەفرین ئەنجامدا و، عوسمان شێخ عیسا، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی عەفرین ڕاگەیێندراوێکی خوێندەوە.
عوسمان شێخ عیسا لەبارەی ئاوارەبوونی خەڵکی مەدەنی ڕایگەیاند: بۆئەوەی خەڵکی عەفرین نەکەونە ژێر هەڕەشەی تۆپباران و بۆردوومان و شەڕ و کوشتار، وەکو هەنگاوێک بڕیارماندا بەرەو شەهبا و شێراوە بیانگوازینەوە، ئەمەش بەو مانایە نییە عەفرین داگیرکرابێت، ئەمە ڕاستنییە. داگیرکاران دەتوانن ئاڵای خۆیان بەرزبکەنەوە و بێنە نێو عەفرین، بەڵام ناتوانن ئیرادەی کۆمەڵگە تێکبشکێنن.
بەپێی دوایین ئاماری تەندروستیی عەفرین، تاوەکو دوێنێ 281 کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستدابوو و 701 مەدەنی دیکەش بریندارببوون.[1]
#19-03-2018#