سەبارەت بەو بڕە پارەیەی کە بە نووسراوی بانکی ناوەندیی فیدراڵیی عێراق بە ژمارە (1638) لە 19/3/2018 فەرمانی خەرجکردنی دراوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم و دواتریش بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ و وتەبێژی فەرمیی بەڕێزیان جەختیان لەسەر کردەوە، بە پێویستی دەزانین ئەم خاڵانەی خوارەوە بخەینەڕوو:
1. حکوومەتی فیدراڵی بەپێی نووسراوی سەرەوە بە ئاشکرا ئاماژەی داوە کە خەرجکردنی بڕی (317) ملیار و (540) ملیۆن و (465) هەزار دینار بۆ شایستەی داراییی گشت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، بە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگەیشەوە، نەک تەنها مووچەی تەواوی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی و حکوومەتی هەرێمی پابەندکردووە بەم شێوەیەی خوارەوە ئەم بڕە پارەیە خەرج بکات:
أ) بڕی (281) ملیار و (724) ملیۆن و (634) هەزار دینار بۆ گشت فەرمانبەر و کارمەندانی هەرێمی کوردستان جگە لە هێزەکانی پێشمەرگە.
ب) بڕی (35) ملیار و (815) ملیۆن و (831) هەزار دینار بۆ مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە.
2. بەپێی تەرخانکراوی یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ چاودێریی کۆمەڵایەتی (الرعایە الإجتماعیە) لە هەرێمی کوردستان کە مووچەی خانەنشینانیش لەخۆدەگرێت، بڕی (1) تریلیۆن و (535) ملیار و (795) ملیۆن دینار تەرخانکراوە کە مانگانە دەکاتە نزیکەی (128) ملیار دینار، بەڵام لە نووسراوی سەرەوەی بانکی ناوەندیی عێراقیدا ئاماژەی پێنەدراوە و فەرمانی خەرجکردنی نەدراوە.
3. سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران جەختدەکاتەوە کە تەرخانکراوەکانی مووچەی مووچەخۆران و خانەنشینان و سوودمەندانی کۆمەڵایەتی لە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2018 کەمترە لە شایستەی داراییی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەنانەت بە پاشەکەوتیشەوە، بۆیە وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان لە توانایدا نییە مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەو تەرخانکراوانەی ناو بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2018 خەرج بکات، بۆیە پێویستە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.
4. بە ناچارییەوە وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەو بڕە پارەیەی لە نووسراوی سەرەوەی بانکی ناوەندیی عێراقدا هاتووە، لەگەڵ داهاتی نەوت لە هەرێمی کوردستان، مووچەی پاشەکەوتکراوی مانگی (11)ی ساڵی 2017ی مووچەخۆرانی هەرێمی پێدەدات و دواتر لەبەر ڕۆشناییی ئەم پێشهاتانەدا چاوخشاندنەوەی پێویست بە سیستمی مووچە و دابەشکردنی بەسەر مووچەخۆراندا دەکرێت بە ڕەچاوکردنی ئەو داهاتەی کە لەبەردەست وەزارەتی دارایی و ئابووری دەبێت.
سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران
#19-03-2018#