جەژنە پیرۆزە و سڵاو و ڕێز و خۆشەویستیم، پێشکەش بە گەورە و بچووکی گەلی کوردستان دەکەم، پیرۆزبایی لە هەموو کوردێک دەکەم لە هەر کوێیەکی دنیا بێت. #نەورۆز# و ساڵی تازەی کوردی لە هەمووتان پیرۆز بێت.
ئاگری نەورۆز لە مێژوودا هێما بووە بۆ ڕزگاری، کە بۆ باوک و باپیرانمان و بۆ هەموو کوردێک، ئامانجی درێژاییی تەمەنە. لەبەر ئەوە، سەرلەئێوارەی ڕۆژی نەورۆز و ئاگرە گەشاوەکەی، جگە لە هێمای ڕزگاری، هێمای هەڵسانەوەی دوای کەوتن و تازەکردنەوەی بڕیار و بەڵێن بووە، بۆ درێژەدان بە خەبات. خەباتێک، ئەوەندە گیانفیدایی و فرمێسک و تەمەنی جوانی بۆ کراوەتە قوربانی، ئێمەی نەوەکانی دوای ئەوان، خۆمان لەبەردەم تەنها یەک ڕێگەدا بینییەوە، ئەویش بەردەوامبوون تا سەرکەوتن.
لە نەورۆزدا ڕۆحی هەڵسانەوە، خۆڕاگری و دەستپێکردنەوەی بەردەوامیی خەبات، دوای سەختترین شکستەکانیش، سەرلەنوێ لای کورد ژیاوەتەوە. نەورۆز ساڵانە بۆ هەموو نەتەوەی کورد و بۆ هەر تاکێکی کورد، سەرەتای بەهێزبوونەوە و نوێکردنەوەی ئیرادەی سەرکەوتنە، هەروەک چۆن بۆ باوک و باپیرانمان هێمای کۆڵنەدان و نەبەزین بووە. ئەگەر هەندێک جار بەهۆی لاسەنگیی تەرازووی هێزەکانەوە، تووشی شکستیش بووبن، بەڵام بە ڕووحییەتێکی نەورۆزییانەی باوەڕبەخۆبوون، بە سەرکەوتن، لە نەورۆزدا دەستیان داوەتەوە خەبات.
زۆر بە متمانە و بڕواوە لێرەدا دەمەوێ بڵێم، مێژووی کوردستان ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر لە ژانی لەدایکبوونێکی تازەدایە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و دەسەڵاتداریەتیی کوردستانیش گەیشتووەتە قۆناغێکی ئەوتۆ کە ناتوانرێت لەنێو ببرێت، چونکە ئەو دەسەڵاتە بەرهەمی خەباتی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستانە.
بەڕێزان، کوردستان لە لێواری کارەساتدا نییە وەک هەندێک کەس وا باوەڕ دەکەن، بەڵکو بە دیالۆگی تەندروستانەی ناوخۆیی و بە یەکگرتوویی، دەتوانین کوردستان زۆر زیاتر لە داهاتوویەکی گەشتر، نزیک بکەینەوە.
هەرێمی کوردستان بە هۆی شەڕی داعشەوە لەلایەک، ناتەباییی سیاسیی ناوخۆ، کێشەی سیاسی لەگەڵ بەغدا لەلایەکی دیکەوە، هەروەها بەهۆی کێشەی ئابووری لە جیهاندا، تووشی زۆر سەختی بوو. لە هەمووشیان ناخۆشتر بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان بوو لە سەرەتای ساڵی 2014 لەلایەن بەغداوە. لە هەمووی گەورەتر بێگومان کێشەی ئابووری بوو، بەڵام حەز دەکەم دڵنیاتان بکەمەوە، باری ئابووری دەگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاساییی خۆی، بە هاوکاری و خۆڕاگریی هەمووتان، هەموو شتێک ئاسایی دەبێتەوە. لە کانگەی دڵیشمەوە هەست بە خەمباری دەکەم بۆ ئێش و ئازارتان. ئەو بارە ئابوورییە سەختەی هەیە، گومانی تێدا نییە تێدەپەڕێت.
لەم ڕۆژەدا، لە ڕۆژی نەورۆزدا، دڵی ئێمە بۆ یادی ئەو قارەمانانە لێ دەدات کە گیانی خۆیان بۆ بەرگری لە کوردستان کردە قوربانی. سڵاو لە گیانی پاکی ئەوان، سڵاو لە هاوسەر، منداڵ، دایک و باوک و کەسوکاریان. ئەوان هەمیشە لەگەڵ ئێمە و لە دڵی ئێمەدان دەمێننەوە.
سڵاوی گەرم دەنێرم بۆ خوشک و برایانی ئێزدیمان، کە لە شەڕی داعشدا زۆرترین قوربانییان دا و گەورەترین ئازاریان کێشا. شنگال شان بە شانی هەڵەبجە، بووە تاجی سەری مێژووی پڕ قوربانیی گەلەکەمان. ڕاستە برین و دەرد و خەمەکانمان لە شنگال زۆر قووڵن، بەڵام بە دڵنیایییەوە ئەو برین و دەردانە، هەوێنی ڕزگاری و دواڕۆژێکی گەشترن بۆ ئێزدییان و تەواوی گەلی کوردستان.
سڵاوی گەرم و جەژنە پیرۆزە بۆ ئاوارەکانی کەرکووک، شنگال، مەخموور، خانەقین، ناوچەکانی دیکە و دانیشتوانی ناوچە کێشەلەسەرەکان. جەژنە پیرۆزە بۆ کوردانی فەیلی و کاکەیی و شەبەک، کە بێگومان ئەمڕۆ لەگەڵ گڕی نەورۆزدا هەستی نەتەوەییان لە هەموو ڕۆژێک بەرزترە. جەژنی نەورۆز لە هەموو ئەو پەنابەرە کوردانە پیرۆز دەکەم کە لە هەرێمی کوردستان دەژین، هیوادارم بتوانن بە شێوەیەکی سەربەرزانە لە داهاتوویەکی نزیکدا بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
سڵاو لە تورکمان و کریستیانانی کوردستان، بە ڕاستی پێکەوەژیان و بەشدارییان لە بەرگریکردن و خۆڕاگرییان لە کوردستان، جێگەی ڕێز و ستایشە. سڵاو لە برایانی عەرەبی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستان و ئێمە لەم ڕۆژەدا بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان دەڵێین: وەک هەمیشە سوورین لەسەر پێکەوەژیانێکی ئاشتیانەی یەکسان لە هەرێمی کوردستان.
لەم ڕۆژەدا، سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان کە گیانیان لەسەر دەسته بۆ بەرگریکردن لە خاکی پیرۆزی کوردستان. سڵاو لە هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ و هەموو هێزەکانی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان، کە زۆر سەرکەوتووانە ئاسایشی خەڵک و ئارامیی کوردستان دەپارێزن.
لەم دەرفەتەدا، سڵاوی خۆم پێشکەش بە گەلی عێراقی برا دەکەم بەگشتی. پێیان دەڵێین: باری سیاسیی وڵات هەرچۆنێک بێت و پەیوەندیی نێوان حکوومەتەکان بە هەر شێوەیەک بێت، ئێمە هەمیشە هەر بە برایی دەمێنینەوە. عێراق خاوەن سامانێکی سروشتی و مرۆییی گەورەیە، دڵنیاین بە چارەسەرکردنی کێشە سیاسییە بنەڕەتییەکان و بە باشترکردنی باری وڵات و بەڕێوەبردن، عێراق بەرەو گەشانەوەیەکی باشتر دەچێت کە جێگەی چاوەڕوانیی گەلی عێراق بێت.
سڵاو دەنێرم بۆ هەموو گەلانی دراوسێی کورستان. لەم بۆنەیەدا دووبارەی دەکەمەوە: خەباتی کوردستان لە عێراق هیچ مەترسی و هەڕەشەیەک نەبووە و نابێت بۆ هیچ وڵاتێک. بە پێچەوانەوە سەرکەوتنی گەلی کوردستان لە عێراق تەنها خۆشی بۆ ئەوان دەهێنێت. پەیامی ئاشتی و ئارامی دەدەینە هەموو گەلانی ناوچەکە و دڵنیایان دەکەینەوە ئێمە مایەی ئارامین بۆ ناوچەکە.
لە کۆتاییدا، جەژنە پیرۆزە لە هەموو ئەو گەلانە دەکەم کە جەژنی نەورۆز دەگێڕن. لە جەژنی نەورۆزدا، ڕێز و ستایشی خۆمان بۆ هەموو ئەو دەوڵەت و گەل و کەسایەتییانە دەردەبڕین کە ڕێز لە ئیرادە و ئارامیی گەلی کوردستان دەگرن. سڵاو دەنێرم بۆ هەموو ئەو کونسولخانە و ڕێکخراوانەی کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا هاوکار بوون لەگەڵ حکوومەت و گەلی کوردستان.
دووبارە جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی تازەی کوردی، لە هەموو لایەک پیرۆز بێت، داوا لە هاووڵاتیان دەکەم لە دەرچوونیان و سەیرانەکانیاندا ژینگە و پاکوخاوێنی و سروشتی کوردستان بپارێزن، هەروەها لەپێناو سەلامەتیی خۆیان و دەوروبەریان، ڕێنماییەکانی هاتووچۆ جێبەجێ بکەن.
دیسانەوە جەژنی هەمووتان پیرۆز بێت و هیوای پشوویەکی ئارامتان بۆ دەخوازم.
#نێچیرڤان بارزانی#
#20-03-2018#